ئوتومبێلی کارەبایی... کاریگەرییەکانی بۆ سەر ئەورووپا و چین شیکاری ئابوری
پێرەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنی لە لایان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا زیان لە کۆمپانیا و پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپا دەدات، بە تایبەت لە هەڵکشانی بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایی، بەڵام لەبەرامبەردا، وڵاتی چین سودمەدنی یەکەم دەبێت، چونکە لە داهاتوودا ٪60ــی کۆی ماددە بەکارهاتووەکان لە پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی جیهانی، لە لایان وڵاتی چینەوە کۆنترۆلدەکرێن.

نوچەنێت

 گرنگیدانی وڵاتە ئەورووپاییەکان، بە وزەی دۆستی ژینگە و، زیادکردنی باج لەسەر پیشەسازییەکانی کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن، ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە یەکێتیی ئەورووپا، بۆ زیاتر لە 1.3 میلیۆن ئۆتۆمبێل، لە 2020ـدا بەرزکردەوە، هەروەها پێشبینیی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان لە، 2021ـدا بۆ 1.9 ئۆتۆمبێل بەرزبێتەوە.

 کۆمپانیا ئەورووپییەکان، لە کێبڕکێدان بۆ تەرخانکردنی بوودجەی زیاتر، بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. کۆمپانیاکانیVolvo, Jaguar Bentley، ئەو ئۆتۆمبێلانە بەرهەمدەهێنن کە بە پاتری کار دەکەن، بەڵام کۆمپانیایی Ford، کار بۆ بەرهەمێنانی ئۆتۆمبێلی دەکات، کە تەنیا بە کارەبا کار بکات، ئەم ڕێکارانە هۆکاری سەرەکین، لە دەستگرتنی وڵاتانی ئەورووپا، بەسەر بازاڕەکانی پاتری کارەبایی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە. ئەمەیش بۆتە هۆی دروستکردنی جموجۆڵ و کێبرکییەکی بەهێزی دوو لایەنە لە نێوان بازارەکانی ئەورووپا و چین. 

بەجۆرێک زیادبوونی خواست بۆ پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی کاریگەری لەسەر پیشەسازی پاڵاوگە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنی پترۆکیمیاوی و جۆرەکانی وزە لە ئەورووپا دروست دەکات. لە لایەکی تری دەبێتە هۆی گەرمبوونی بازاڕەکانی چین بۆ هاوردەکردنی ئەو ماددانەی کە لەبەرهەمهێنانی پاتری کارەبای بەکاردەبردرێن و وڵاتی چین خاوەنیەتی.

کاریگەری پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی بۆ یەکێتی ئەورووپا

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتەکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی کەش و هەواو هەوڵدان بۆ شۆرشی گۆڕینی وزەی کاربۆن  و پلاندان بۆ ئابووری سەوز، فاکتەری سەرەکین لە هەڵکشانی خواستی کۆمپانیەکان بۆ وەبەرهێنان لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت،  ئەم هەنگاوە لێکەوتەی نێگەتیڤی لەسەر کەرتە جوداییەکانی بازارەکانی یەکێتی ئەورووپا نابێت، بەڵکو پێشبینی دەکرێت  پیشەسازی ئابووری سەوز ئەم لێکەوتانە لەسەر کەرتە جودایەکانی ئەورووپا دروست بکات:

  1. داخستنی پاڵاوگەکان

پەتای کۆرۆنا بووە دروستکردنی مەترسی لەسەر کەرتی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی وزە و پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپا، بە تایبەت ئەو پاڵاوگانەی پشت بەرهەمهێنانی جۆرەکانی نەوت و لێکجیاکردنەوەیان دەبەستن، چونکە کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو جۆرانەی وزە، بووە هۆی وەستانی کارەکانیان و لەئەنجامدا داخستنی بەشێک لەو پاڵاوگانە. ئەمەیش بۆتە هۆی دروستکردنی لێکدانەوەی جودا لەبارەی داهاتووی ئەو پاڵاوگانە و سیاسەتی داهاتووی ئەورووپا  بۆ زیانی کۆمپانیایەکان.

لەو بارەیەوە ناوەندی بلومبێرگی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداری لە داهاتووی پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپا دەدات و دەڵێت" شەپۆڵە مەترسیدارەکەی ئەورووپا ‌هێشتا دەستی پێنەکردووە و پێشبینی دەکرێت لە سێ دەیەیی داهاتوودا، دووبارە ئوتومبێلە کارەبیەکان بگۆردرێنەوە بە ئوتومبێلی ئاسایی ئێستا".

لەئەنجامی ئەو کێبرکێـــیەی کۆمپانیاییەکانی بەرهەمهێنی ئوتومبێلی کارەبایی، زیانێکی بێشوومار لە کەرتی پاڵاوگەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دروست دەکات، ئەمە جگە لەوەی کاردەکاتە سەر پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە دابینکەری سەرەکی وزەی پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپان.

زانیارییە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی وزەی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن، بازارەکانی فرۆشتنی ئوتومبێلی کارەبایی لە هەڵکشانی بەردەوامدان، بە جۆرێک تەنیا لە ساڵی 2020، ئاستی فرۆشتنی ئەو ئوتومبێلانە بە ڕێژەی ٪142 زیادیکردووە و گەیشتووە بە 1.4 ملیۆن ئوتومبێل، ئەمەیش هۆکار بووە لەوەی یەکێتی ئەورووپا پیش وڵاتی چین بکەوێتەوە و ببێت بە کڕیار و بەرهەمهێنی سەرەکی ئەو پیشەسازییە.

هەرچەندە لە کاتی بڵاوبوونەوەی چری پەتای کۆرۆنا.  جموجۆڵی بازاڕی ئوتومبێلەکان بە گشتی وەستا، بەڵام پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی سوودی لەو دەرفەتە بینی بۆ ئەوەی تیشکی زیاتر بخرێتە سەر پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی، ئەمەیش بووە هۆی زیانێکی دوو هێندە بۆ پاڵاوگەکانی ئەورووپا. لەو بارەیەوە شرۆڤەکاری ئابووری جاک ویتڵز دەڵێت" گۆڕینی ئوتومبێلی ئاسایی بۆ ئوتومبێلی کارەبایی، کاریگەریەکی زۆر لەسەر بازاڕەکانی نەوت و جۆرەکانی دروست دەکات، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکان تەواو دەرنەکەوتوون".

هەروەها ویتڵز وتیشی" پێشبینی دەکرێت ئوتومبێلە کارەباییەکان لە داهاتوودا ڕێژەی ٪10 کۆی گواستنەوە وشکانیەکانی یەکێتی ئەورووپا پێکبهێنن، ئەمەیش بە واتای داخستنی 5 پاڵاوگەی سەرەکی و گەورەی یەکێتی ئەورووپا دێت".

هەر سەبارەت بە داهاتووی پاڵاوگەکان، بەڕێوەبەری گشتی پاڵاوگەکانی ئەورووپا، جۆن کوبەر دەڵێت" لە نێوان ساڵانی 2030 بۆ 2035، خواست بۆ بەرهەمەکانی وزەی کاربۆن بەرهەمهێن  بە شێوەیەکەی بەرچاو کەمدەبێتەوە".

جۆن کوبەر دووپاتیکردەوە، هەرچەندە لە ئێستادا بە هۆی زەحمەتیەکانی بەرهەمهێنان و تێچووی زۆری وزەی کەم کاربۆن، ئاستی خستنە ڕووی وزەی پاک کەمتر دەبێت، بەڵام ئەوە ڕێگر نابێت لە بەردەم سیاسەتی ئێمە بۆ وزەی سەوز.

2. کەمبوونەوەی داهات

ئاستی خواستی وڵاتانی ئەندام لە OECD بۆ وزەی کاربۆنی لە ساڵی 2020ــدا بە رێژەی ٪13 دابەزی، هۆکاری ئەو دابەزینەیش، داخستنی بازاڕەکان و وەستانی گەشتی فرۆکەوانی بوو، ئەمەیش بووە هۆی زیانێکی مەزن بە کەرتی پاڵاوگەکانی و دابەزینی داهاتەکانیان، لە ئەنجامدا چەن پاڵاوگەیەکی بەلجیکا و هۆڵەندا وفەرەنسا و پورتوگال و فلنەدا ونەرویج داخران و مایەپووچ بوون.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2023، ئاستی خواستی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ هەریەکە لە بەنزین و گاز و گازی زەیتی گەشە بکاتەوە، بەڵام ناگات بە ئاستی خواست ئەو جۆرانەی وزە لە ساڵی 2019. 

هەریەکە لە ئاژانسی وزەی جیهانی و ناوەندی ماکینز بۆ شیکارییە ئابووریەکان، پێشبینیەکانیان بۆ داهاتووی  نەوت و گاز ( وزەی کاربۆنی) بڵاوکردۆتەوە هاوڕان لەسەر دابەزینێکی بەرچاوی یەکێێتی ئەورووپا  بۆ وزەی نەوت گاز تا ساڵی 2025، بە جۆرێک زۆر کەمتر دەبێت لە ئاستی خواست بەراورد بە پێنوێنەکان پێش سەردەمی کۆرۆنا.

لە بارەی داهاتی پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپا، ناوەندی ماکینز دەڵێت" هەرچەندە داهاتی پاڵاوگەکانی ئەورووپا بەهۆی کرانەوەی بازارەکان بواژونەتەوە، بەڵام بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو، ئەو داهاتە ناگات بە نیوەی تێكرای داهاتەکان لەو کاتەدا".

3. کێبرکێی یەکێتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

داخستنی پاڵاوگەکان و کەمبوونەوەی داهات، تەنیا ئاستنەگ نین لە بەردەم داهاتووی پاڵاوگەکانی یەکێتی ئەورووپا، بەڵکو، دروستبوونی کێبرکێی نیوان پاڵاوگەکانی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو بوارە، چونکە لە ئێستادا چەندی پاڵاوگەی مەزن لە کەناڵی سوێس دروست دەکرێن، ئەمەیش کار دەکاتە سەر  پێگە و قازانجی کۆمپانییە ئەورووپیەکان.

ئالان جلیدر، گەورە راوژێکار لە ناوەندی ماکینز دەڵێت" کەرتی پاڵاوگەکانی ئەورووپا  ەب سیوازێکی بەرچاو تووشی داتەپین دەبنەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە پاڵاوگەکان تێکەڵ بەیەک بکرێن و یەکبگرنەوە، بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی کێبرکییەکان ببنەوە، لەئەنجامدا لە چەند دەیەیەکی تر یەکێتی ئەورووپا پێویستی بە پاڵاوگەکان نامێنێت".

4. کەمبوونەوەی هەلی کار

لە دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کاری جیهانی، بۆ ساڵی 2020، پەتای کۆرۆنا، بووە هۆی لەدەستدانی  255 میلیۆن هەلی کار لەسەرجەم بوارەکانی کار لە سەرتاسەری جیهان، هەرەوەها، ڕێکخراوەکە دوو سیناریۆی بۆ هەلی کاری تا ساڵی 2030 خستەڕوو. 

سەبارەت بە هەلی کار، لە بواری وزەی جێگرەوە، ڕێکخراوی هەلی کار پێشبینیی دەکات، لە سێکتەری بەرهەمهێنانی وزەی دۆستی ژینگە، ژمارەی هەلی کاری نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات، بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ئوتومبێلی کارەبایی، بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار لەهەمان بوار، بەڵام لە سێکتەری بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی. بۆ نموونە پێشبینییەکانی ڕێکخراوی کار، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، زیادبوونی 2.5 میلیۆن هەلی کارە، بەڵام هاوکات لەدەستدانی 400 هەزار هەلی کارە لەهەمان سێکتەر، بەڵام بە بەکارهێنانی وزەی خام. 

بۆیە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پێشنیار دەکات هەرچی زووە، وڵاتان کار لەسەر پەرپێدانی توانای کارمەندی بواری وزەی سەوز بکەن، لە پێناو پاراستنی بژێوی ژیانی تاکی ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنی وزەن.

 

کاریگەری پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی بۆ بازارەکانی چین

سیستەمەکانی وزەی جێگرەوە لە ئێستادا،  پێشەنگی پلانی وڵاتە بەرهەمهێن و بەکاربەرەکانی جیهانن، بەڵام زۆری بەکاربردنی توخم و کانزاییە بە نرخەکان، بۆتە هۆی گەرمکردنی بازارەکانی چین لە هەناردەکردنی ئەو توخمانە، بە نموونە بەرهەمی مس، وەک پێكهاتەیەکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی پاتری ئوتومبێلی کارەبایی، بە جۆرێک  زیاد بەکاربردنی مس لە پیشەسازی ئوتومبێلی کارەبایی، ، گرنگی (مسـ)ـی، لە بازاڕە جیهانییەکان زیاتر کردووە.

 بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی بیکەری ئەمریکی، بەرهەمهێنانی 1000 ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێویستی بە زیاتر لە 83 تەن مەتر مس هەیە، واتە سێ ئەوەندەی بەکاربردنی ئەو توخمە لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی. 

زیادبوونی خواست لەسەر مس، بۆ 5 هێندەی بەرکاربردنی ئاسایی خۆیی، بەرزبوونەوی نرخی بە ڕێژەی 10%، فاکتەری سەرەکین لە بەردەم چین، کە بەرهەمهێنانی ئەو توخمە کانزایە وەک چەکێکی بەهێز لە مامەڵەی بازاڕەکانی جیهان بە کاریبهێنیت، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی بڕی خواست و خستەڕوو. جگە لەوە، زۆری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە وڵاتی چین، دەرگایەکی ڕکابەری بەهێز، بۆ وڵاتانی تری بەرهەمهێنی توخمی مس دەکەنەوە، بۆ ئەوەی وەک جەنگی نرخ لە دژی یەکتر ئەو کاڵایە بەکاربهێنن. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بیکەر، وڵاتی چین ڕێژەی 41%ـی، مسی جیهان بەرهەمدەهێنیت، بەڵام تەنیا 8% لە ناوخۆی وڵاتی چین بەرهەم دێت. بە دوایدا وڵای چیلی دێت، کە ڕێژەی 28% مس لەو وڵاتە بەرهەمدێت و، ئەمریکا ڕێژەی 6% مس لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ڕێژەی 51%ـی بەکاربردنی مس لە وڵاتی چینە. 

سەبارەت بە ئاستی وەبەرهێنانی وڵاتی چین، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمەریکان ئینتەرپرێس، قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە توخمی مس لە نێوان ساڵانی 2005 -2020ـدا، بە زیاتر لە 51 میلیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

جگە لەوە، وڵاتی چین لە بەرهەمهێنانی ماددەکانی لیسیۆم و نیکل وکۆبالت و ئۆکسیدی مەنگەنیز، توانیویەتی کاریگەریەکی فرەڕەهەند لەسەر نرخی پاتریەکانی ئوتومبێلە کارەباییەکان دروست بکات، ئەمەیش بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی ئەو جۆرە توخمانە لە 5 مانگی یەکەمی 2021ــدا.

بو گوێرەی زانیارییەکانی گومرگی چین، لەسەرەتای ساڵ تا مانگی 5ـــی 2021، چین بڕی 27 هەزار و 434 تۆنی لە مادەی ئۆکسیدی مەنگەنیز هەناردەی دەرەوەی بازارەکانی کردووە، ئەمەیش واتە زیادبوونی ئاستی هەناردەکردن بە ڕێژەی ٪105 بەراورد بە ساڵی رابردوو، جگە لەوەی ڕێژەی نرخەکان ٪4.8 بەرزبۆتەوە.

خواستی زیادبووی سەر بەرهەمهێنانی ئوتومبێلە کارەیابییەکان بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی ماددەکانی پێکهاتەی پاترییەکانی ئوتومبێلی کارەبایی، هەروەها کردنەوەی کارگەی دروستکردنی ئوتومبێلی کارەبایی لە هەریەکە لە وڵاتانی پۆلەندا و مەجەر و ئەڵمانیا،  قازانجێکی زێدەتر دەدات بە کۆمپانییە چینییەکان لە داهاتوودا.

ئاستی هەناردەکردنی توخمەکانی پێکهاتەی پاتری ئوتومبێلی کارەبایی وڵاتی چین بۆ پۆلەندا بە ڕێژەی ٪44 زیادیکردووە، و پێشبینی دەکرێت وڵاتی چین ٪60ــی بازاری توخمەکانی بەکارهاتوو لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایی لە جیهاندا کۆنترۆل بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین