د. بۆتان عه‌بدولڕه‌حمان: زۆر جار پاككردنه‌وه‌ كێشه‌ بۆ گوێچكه‌كان دروست ده‌كات تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. بۆتان عه‌بدولره‌حمان پسپۆر له‌ نه‌خۆشییه‌كانى قوڕگ و لووت وگوێچكه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ پاراستنى ته‌ندروستى قوڕگ و لووت و گوێ ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، پزیشكى له‌م بواره‌دا له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌شه‌ى كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌گینا نه‌خۆشه‌كان بۆ چاره‌سه‌ریى پێویستیان به‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات نییه‌.

باوترین نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان چییە؟

باوترین نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ کە رۆژانە نەخۆشە سەردانی نەخۆشخانەکان یاخود کلینیکەکان دەکەن بریتیە لە هەوکردنی قوڕگ و گەروو یان ئازاری گەروو بە تایبەترینیان کە لە هەمووان گرنگترە هەوکردنی لەوزەتێنەکانە کە رۆژانە چەندین نەخۆش لەو جۆرانە سەردانی کلینکە پزیشکیەکان و راوێژکارەکان دەکەن.

خەڵکانێکی زۆر هەستیاری قوڕگیان هەیە، ئایا مەرجە بە درێژای تەمەن ئەو هەستیارییە هەبێت، یاخود لە تەمەنێکی دیاریکراو ئەو هەستیارییە نامێنێت؟
وەکو باسمان کرد چەند نەخۆشیەکی باوتر هەیە، لەوانە بوونی هەستەوەری قوڕگ و لووت و گوێ کەوا زۆربەی جاران لە وەرزەکاندا روو دەدات. ئەوەش وا دەکات لە ئەنجامی بوونی ئەو تەنۆلکە بچووکانەی لە هەوادان نەخۆشەکە هەستەوەری بۆ دروست بێت، بەڵام ئەوە مەرج نییه‌ تاکو کۆتایی ژیان لەگەڵ کەسەکدا هەبێت، لەگەڵ گەورە بوونی تەمەن بۆ نزیکەی ٤٠ ساڵیدا رەنگە باشتر ببێت.

زۆرجار هه‌ستاریى قوڕگ له‌ ته‌مه‌نێكدا نامێنێ

 

چ شتێک وا دەکات هەستیاری زیاد بکات؟
هەستیاری خۆی نەخۆشیەکە بۆماوەییە، لە جیناتی کەسەکەدا خۆی هەیە. بەڵام هۆکاریشی هەیە کە وا دەکات ئەو هەستەوەرییە زیاد بکات، بوونی گەردیلەی هەستیاری لە هەوادا کە بەر نەخۆشەکە دەکەوێت بەمەش هەستەوەری زیاد دەکات یان بوونی تۆز و خۆڵ ئەوانە وا دەکه‌ن هه‌ستەوەری زیاد بکات .

کاریگەری ژینگە لەسەر بوونی نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ چییە؟

کاریگەری ژینگە یەکێکی لەو هۆکارە هەرە گرنگانەی کە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی هەستیاری لە قوڕگ و لووت و گوێدا.

ئاستی هۆشیاری تەندروستی خەڵك بەرانبەر ئەو ئەندامانە چۆنە؟

ئاستی هۆشیاری تەندروستی خەڵك لە کوردستاندا بە شێوەیەکی باشە، بەڵام تاکو ئێستا کەس نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە بەرزەی کە پزیشکان هیوای پێ دەخوازن. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پزیشکان بەردەوامن لە هۆشیاریدان بە نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ.

ئاستی پزیشکی ئەو بوارە لە کوردستان چۆنە؟

لە کوردستان بواری پزیشکی لە ئاستێکی زۆرباشدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پزیشکان بەردەوام بەشداربن لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە ئەکادیمیەکان تاکو لەو بوارەدا زیاتر پەردەی پێبدرێت و زانستی زیاتر کۆبکاتەوە. هەوڵ بدەین بگەی نە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان.

چ کات پێویستە قوڕگ نەشتەرگەری بۆ بکرێت؟

نەشتەرگەری قوڕگ واتا نەشتەرگەری لابردنی لەوزەتێنەکان. پێویست ناکات هەموو نەخۆشێك لەوزەتێنەکانی لاببەی بەس ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت ئەوەش ئەو کاتە دەبێت کە به‌ردەوام لەوزەتێنەکانی تووشی هەوکردن دەبێت، ئەگەرهاتوو لە ساڵێک حەوت تا هەشت جار تووشی هەوکردن بوو، حاڵی نەخۆشەکەی خراپ کرد و تای لەگەڵ بێت، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان کە پێویستە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

چ کات تەندروستی گوێچکە هاوسەنگی تێك ده‌دات؟

گوێچکە یەکێکە لە ئەندامەکانی بیستن، لەدەستدانی هاوسەنگی هۆکاری خۆی هەیە. جگە لەوەش چەند نەخۆشیەکی تر هەیە کە وا دەکات هاوسەنگی لە دەست بدات، بەڵام باوترینیان لە ئەنجامی بوونی هه‌وكردنێكى زۆرە. زۆرجار وا دەکات گوێی ناوەوە تووشی هەوکردن بێت و کریستاڵەکانی لە شوینی خۆیان لابچن و ئەوەش دەبێت هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی له‌ مرۆڤه‌كه‌.

پاکردنەوەی گوێچکە چ رۆڵێکی هەیە؟

گوێچکە بە شێوازێك دروست کراوە خۆی خۆی پاک بکاتەوە، پێویستی بە پاکردنەوە نییە. لە حاڵەتێکدا نەبیت کە ئەو ماددە مۆمیە لە گوێچکەدا بوو بە شێوەیەکی زۆر کۆبۆوە ببێتە هۆکار کەمکردنەوەی بیستن ئەو کات پێویستە پاك بکرێتەوە. ئەگینا پاکردنەوەی گوێچکە پێویست ناکات. دەستکاریکردنی گوێچکە یەکێکە لە هۆکارانەی کەوا دەکات گوێچکە پیسی کۆبکاتەوە.

هیچ نەخۆشیەکی دەگمەنی ئەو ئەندامانەمان هەیە، کە چارەسەری لێرە نەبێت؟

کۆمەڵە نەخۆشی بۆماوەیی دەگمەن هەن لە بواری قوڕگ و لووت و گوێدا، چارەسەری پێویستیش هەیە بەڵام لەهەندێ جاردا بە شێوەیەکی گشتی پێویستیمان بە دەرەوەی وڵاتدا دەبێت بۆ چارەسەرکردن، ئەوەیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئامێری پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵاتدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین