سەرۆك ماکرۆن بۆ سەردانی هەولێر دەکات؟ بیروڕا

نوچەنێت:

سەرەتای هەفتەی داهاتوو رووداوێکی دیپلۆماسی گەورە لە عێراقدا بەڕێوەدەچێت و کۆنفرانسێکی جیهانی لە بەغدا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سازدەدرێت و لە کات و شوێنی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر چۆنیەتی ئامادەکردنی ئەم کۆنفرانسە و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی. ئەوەی لەم کورتە نووسینەمدا دەمەوێ بەخێرایی ئاماژەی پێبدەم، هۆکار و ماناکانی سەردانی سەرۆك ماکرۆنە بۆ هەرێمی کوردستان و لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتیان دەکەمەوە:

1ـ هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئیمانوێل ماکرۆندا هەیە و بوونی فەرەنسا لە کوردستان تەنها پەیوەندی بە سۆز و دۆستایەتییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو رەهەندە ستراتیژییەوە هەیە.

2ـ پاش ئامادەیی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان، ئامادەیی هێزی سەربازیی فەرەنسی لە کوردستاندا، هەم لە رووی چۆنایەتی و هەم لە رووی چەندایەتییەوە، لە پێشی پێشەوەی هەموو وڵاتانی دیکەوەیە.

3ـ خاکی هەرێمی کورستان ئەو ناوچەیەیە کە فەرەنسا بە کوردستانی سووریاوە دەبەستێتەوە و کۆی یارمەتییە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی فەرەنسا بۆ کوردستانی سووریا بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.

4ـ دۆسیەی تیرۆریزم و گەڕانەوەی داعش یەکێکە لە مۆتەکەکانی کۆماری فەرەنسی و سەرۆك ماکرۆن پێیوایە کە کورد لە سووریا و عێراقدا شەریکی یەکەمی جەنگن دژ بە تیرۆریزمی داعش.

5ـ سەرۆك ماکرۆن سەر بەو نەوە دیپلۆماتکارە فەرەنسیانەیە کە باوەڕی تەواویان بەوەهەیە کە بیناکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەبێ کورد سەرناگرێت و خەونبینین بە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیرەوە بەبێ چارەسەرکرنی کێشەی کورد و فەلەستین بە شێکە لە موستەحیل.

6ـ هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکەیە لەو مەلەفانەی کە دیپلۆماسیەتی فەرەنسی رووبەڕووی گومان و پرسیاری بەردەوام کردووەتەوە و فەرەنسا بەلایەوە زۆر گرنگە کە سنوورێك بۆ تورکیا دابنرێت.

7ـ لەو دۆزەخەی کە لە عێراقدا تاودراوە، فەرەنسا پێیوایە کە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی، ئارامترین ناوچەیە بۆ ئەوەی لێیەوە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کاری وەبەرهێنان بکەن و گەر پێویستبوو لە هەرێمەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بڕۆن.

8ـ لە ساتەوەختی کاڵبوونەوەی خوازراوی رۆڵی ئەمریکی لە عێراقدا، سەرۆك ماکرۆن دەخوازێت کە کۆماری فەرەنسی بەشێکی گرنگی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئەمریکییەکان لە عێراقدا بەجێی دەهێڵن و بۆ ئەمەش باشترین و نزیکترین پارتۆنێری هەرێمی کوردستانە کە فەرەنسا دەیەوێت گرەوی لەسەر بکات.

9ـ هەموو ئەم هۆکارانە وادەکەن کە سەرۆك ماکرۆن بەو پەڕی رێزەوە لە بەردەم مارشی ئەی رەقیب و ئاڵای کوردستاندا رابووەستێت و وەك سەرۆککۆماری یەکێك لە زلهێزەکانی جیهان سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.

عادل باخەوان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین