شاره‌زایه‌كى چاره‌سه‌رى فیزیكى: به‌یتاره‌كانى كوردستان خۆیان تووشى مه‌ترسى ده‌كه‌ن تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

گۆڤار سه‌رباز پسپۆر له‌ چاره‌سه‌رى فیزیكى له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ شێوازه‌كانى چاره‌سه‌رى پزیشكى ده‌كات و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م بواره‌ بوارێكى گرنگى چاره‌سه‌رییه‌، نابێت كه‌س بێ بوونى پسپۆڕى ده‌ستى بۆ ببات و سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشى كۆرۆنایش ده‌ڵێ، "چاره‌سه‌رى فیزیكى یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ گرنگه‌كان بۆ نه‌خۆشى كۆرۆنا".

رۆڵی چارەسەری فیزیایی لە تووشبوانی نەخۆشی کۆرۆنا زۆر گرنگە

 

چارەسەری سروشتی چییە؟

خۆی ناوەکەی چارەسەری فیزیایە، کە لە زمانی  ئینگلیزی وەرگێردراوە بۆ زمانی عەرەبی و پێی دەوترێ (عیلاج طبیعی) هەر لەسەر ئەو وەرگێرانە هەڵە، بە هەڵەيش وەرگێردراوە سەر کوردییەکە و پێی دەگوترێ چارەسەری سروشتی. خۆی لە بنەڕەتدا ناوەکەی فیزیۆثێراپی"physical therapy" واتا چارەسەری فیزیایی.

هەر چارەسەریەك بۆ نەخۆش ئەنجامدرێت بەبێ بەکارهێنانی دەرمان یاخود بەبێ بەکارهێنانی نەشتەرگەری، دەتوانین ناوی لێبنێين چارەسەری فیزیایی. چارەسەری فیزیایی هەڵدەستێ بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە کێشەیان لە ماسولکە و ئێسك و دەمار و سییەکان و پشت و زۆربەی کۆئەندامەکانى تر هەیە. هەڵدەستێ بە چارەسەر کردنی ئەو نەخۆشیانە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ باری ئاسایی خۆی یان نزیککردنەوەیان لە باری ئاسایی ژیانی خۆیان. بە بەکارهێنانی کۆمەڵێك ئامێری فیزیایی و راهێنانی وەرزشی لەگەڵ رێنماییکردنی نەخۆش بۆ کاروباری رۆژانەی.

ئەو ئامێرانەی بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی سروشتی چییە؟

گۆڤار سه‌رباز

ئەو ئامێرانەی کەوا بەکاردێن بۆ چارەسەری سروشتی، خۆی  بەکارهێنانی ئامێر لە چارەسەری فیزیایی بەشێکی چارەسەریەکەیە، واتا به‌ تەواوى پشت بە ئامێرەکان نابەسترێت، بەشێك لە چارەسەرییەکەی پشت بە ئامێرە فیزیاییەکان دەبەستێ. بەگوێرەی نەخۆشەکەش دەگۆڕێت. هەندێ حاڵەت و هەندێ نەخۆشی هەیە پێویستی بە ئامێر نییە، تەنیا پێویستی بە راهێنانی پزیشکی و راهێنانی وەرزشی هەیە. بە پێچەوانەوەش هەندێ نەخۆشی تر هەیە پێویستە بە ناچاری ئامێری فیزيایی بۆ بەکاربێت، ناکرێت تەنیا بە وەرزش یاخود راهێنانی پزیشکی نەخۆشەکە چارەسەر بکرێت.

ئەو ئامێرانەی لە بواری چارەسەری بەکاردێن چین؟

ئامێرەکان دەتوانین پۆلێنیان بکەین بۆ چوار تاکو پێنج بەش، ئامێرە گەرمییەکان، ئامێرە ساردەکان، ئامێرە تەزووە کارەباییەکان، ئامێری میکانیکی و لەگەڵ ئامێرە جێگرەوەکان. ئامێرە جێگرەوەکان وەکو لێزەر و ئامێری ڤابرێتەر (هەزاز)، کۆمەڵێ ئامێری تر کە ئەوانە پێیان ده‌گوترێ ئامێرە جێگرەوەکان.

ئامێرە گەرمیەکانیش دابەش دەکرێت بۆ سەر دوو بەش گەرمیە قووڵەکان کە چوار تاکو پێنج سانتیم دەچێتە ناو لەشی نەخۆشەکە. ئامێرە گەرمیە رووکەشەکانیش چەند سانتیمێکی کەم دەچێتە ناو بەشی لەشی نەخۆش. ئامێرە تەزووە کارەباییەکان ئەوانیش کۆمەڵەیه‌كن بەگوێرەی حاڵەتەکە دیاری دەکرێت. ئامێرە میکانیکیەکان هەن لە هەمووی گرنگتر ئامێری راکێشانی بڕبڕەی پشتە یاخود راکێشانی بڕبڕەکانی خوارەوەی پشت. بێگومان بەگوێرەی حاڵەتەکە دەگۆڕێت و ئامێرەکانیش پرۆگرامی تایبەتی خۆیان هەیە.کەسێك کە ئینزیلاقی هەیە لەگەڵ کەسێك کە گرژبوونى ماسولكه‌كانى هەیە  پرۆگرامی ئامێرەکە دەگۆڕێت.

چ کاتەك نەخۆش پێویستی بە چارەسەری فیزیکی هەیە؟

مەرج نییە هەموو نەخۆشێك لە رێگەی پزیشكی پسپۆرەوە رەوانەی چارەسەری فیزیایی بکرێت. دەکرێت هەندێ نەخۆشی بەبێ ئەوەی پزیشکی پسپۆر رەوانەی چارەسەری فیزیایی بکات، خۆی نەخۆشەکە ئاستی وشیاری تەندروستی لەو ئاستە بێت، بزانێت ئەو حاڵەتەی کە ئەو تووشی بووە لەرێگەی چارەسەری فیزیایی چارەسەر دەکرێت. بۆ نموونه‌ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی پشکنینی چەوری خوێن و یاخود پشکنینی شەکرەیان دەکەن، مەرج نییە هەموو سێ مانگ جارێك ئەو پشکنینە لە لایەن پزیشکی پسپۆر بنوسرێت، دەکرێت نەخۆشەکە خۆی ئاستی وشیاری تەندروستی هەبێت هەموو شەش مانگ جارێك پشکنینەکان ئەنجام بدات. چارەسەری فیزیایش هەمان شتە، نەخۆشەکە بزانێت حاڵەتێکی نەخۆشی هەیە بە چارەسەری فیزیایی چارەسەر دەکرێت پێویست بە پزیشکی پسپۆر ناکات راستەوخۆ دەکرێت بێ بۆ چارەسەری فیزیایی. سەرباری ئەوەیش هەندێ حاڵەت هەیە دەستنیشانەکەی ئەستەمە دیار نییە دەبێت پزیشکی پسپۆر پشكنینى بۆ بکات، کە حاڵەتەکە دیاری کرا ئینجا دەتوانین بڕیار بدەین ئایا چارەسەری فیزیایی سوودی دەبێت یاخود نا.

ئەو نەخۆشانەی کە بە شیوەیەکی گشتی پێویستیان بە چارەسەری فیزیایی هەیە، ئەو نەخۆشانەیە کەوا تووشی ئێسک و ماسولکە دەبن. نەخۆشیەکانی ئێسک و ماسولکە وەکو ئینزیلاق و سەوەفانی پشت و  سەوەفانی جومگەکانی چۆک و حەوز و شان یاخود پچڕان لە هەر بەشێکی جەستە هەبێت دەکرێت چارەسەری فیزیایی رۆڵی خۆی ببینێت. ئەو نەخۆشانەی تووشی کۆئەندامی دەمار دەبن وەکو جەڵتەی دەماغ زۆرینەی هەرە زۆی پێویستیان بە چارەسەری فیزیایی هەیە.

رۆڵی چارەسەری فیزیایی چییە لە نەخۆشی کۆرۆنا ؟

رۆڵی چارەسەری فیزیایی لە تووشبوانی نەخۆشی کۆرۆنا زۆر گرنگە، بەشێکی باشی ئەو نەخۆشانەی کەوا تووشی کۆرۆنا دەبن تووشی هەناسەتەنگی دەبن، جاری وا هەیە تووشی هەوکردن دەبن لە سییه‌کانیان، ئاوێکی زۆر لە سییەکانیان کۆ دەبێتەوە و بۆری هەناسەیان تەسك دەبێتەوە، چارەسەری سروشتی رۆڵێکی زۆر گەورە دەبینێت بۆ خاوێنکردنەوەی بۆریەکانی سنگی و هەروەها ئەو گرژبوونەی لە بۆریەکانی سنگی دروست بووە، ئەو توانایەی لە سنگی کەم بووە زیاتری بکەینەوە. دەکرێت ئەوانەی کە کۆرۆناکەیان گەیشتۆتە ئاستێک کەوا سییەکانی تووشی هەوکردن بووە رۆژانە دوو تا سێ جار چارەسەری فیزیای سینگیان بۆ بکرێت. ئەویش لە رێگەی کۆمەڵێک تەکنیک و راهێنان لەگەڵئەوەشدا تەنیا چارەسەری فیزیکی دەتوانێت هەڵسێت بەو کارە.

هاووڵاتیانی ئـێمە چەند روو لە چارەسەری فیزیکی دەکەن؟

دەتوانین بڵێن ئەوە چەند ساڵێکە چارەسەری فیزیکی تەواو بەرەو پێش چووە، وەکو جاران نەماوە. لە زووەوە چارەسەری فیزیایی هەیە بەڵام خەڵك زۆر پێی ئاشنا نەبووە ئەو چەند ساڵەی دوای نەبێت، هۆشیاری خەڵك زیاتر بوو زانی کۆمەڵێک نەخۆشی هەیە ئەوەندەی پێویستی بە چارەسەری فیزیایی هەیە ئەوەندە پێویستی بە دەرمان نییە. هێواش هێواش ئەو متمانەیە لە لایەن خەڵك دروست بووە تاکو سەردانی سەنتەرەکانی چارەسەری فیزیایی بکەن.

چ جیاوازیەک لەنێوان سەنتەری حکومی و کەرتی تایبەت هەیە لە رووی چارەسەری فیزیکی؟

ئەوانەی کە لە نەخۆشخانەی حکومی دەوام دەکەن هەموویان ستافی بە ئەزموون و شارەزان خزمەتی چەند ساڵیان لەو بوارە هەیە. ئەوانەی لە کەرتی تایبەتیشن بەشێکیان هەر ئەو کارمەندانەی حکومین ئێواران لە کەرتی تایبەت کار دەکەن. ئەو ئامێرانەی لە سەنتەرە ئەهلیەکان هەیە بەشیکی زۆریش لە نەخۆشخانە حکومیەکان هەیە. جاری وایش هەیە هەندێ ئامێری باش لە حکومی هەیە و لە ئەهلی نییە. جیاوازیەکەی ئەوەیە نەخۆشخانەی حکومی لۆدێکی زۆری لەسەرە خەڵکێکی زۆر رووی لێدەکەن، دەکرێ لە رۆژێکدا 100 نەخۆش رووی تێبکات، ئەوانە لە ماوەی چوار تا پێنج کاتژمێری دەوام ناتوانن ئەو گرنگیە بە نەخۆش بدەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر روویان تێدەکەن. بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان بێگومان کات زیاترە نەخۆش کەمترە، گرنگیەکی زۆر بە نەخۆش دەدرێت، بۆیەش دەتوانین بڵێن ئەنجامی نەخۆشخانە ئەهلیەکان باشترە لە حکومیەکان.

دەگووترێت لە کۆندا چینییەکان زۆر گرنگیان بە چارەسەری سروشتی داوە؟

مێژووی چارەسەری فیزیکی دەگەڕێتەوە بۆ سه‌ردەمێکی زۆر کۆن. لە سەرچاوەکان باس دەکرێت کە چینیەکان چەندەها ساڵ پێش زایین چارەسەری فیزیاییان بەکارهێناوە. شێوازی بەکارهێنانیشیان لەرێگای خۆگەرمکردن بووە یاخود قوڕیان گەرمکردووە لە لەشی خۆیان داوە، ئەگەرچی 100 % ئەو چارەسەرە نەبووە کە لە ئێستادا بوونی هەیە. بەڵام مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر کۆن. چارەسەری سروشتی مۆدێرن لە قۆناغەکانی دوای سەدەی 19 دەستی پێکردووە و گەشەی سەندووە.

ئایا ئەو کەسانەی کە لە سەنتەرەکان کار دەکەن هەڵگری چ بڕوانامەیەکن؟

هەموو ئەوانەی کە لە سەنتەری چارەسەری فیزیاییەکان کاردەکەن هەموویان هەڵگری بڕوانامەی چارەسەری فیزیاین، بەشێکیان دبلۆم لە چارەسەری فیزیای بەشێکی کەمیشیان بەکالۆریۆسیان لە چارەسەری فیزیایی هه‌یه‌. بە حکومی ئەوەی لە 1998 تاکو 2013 چارەسەری فیزیایی تەنیا بەشێوەی پەیمانگا هەبووە، لەدوای 2015 کۆلیژەکەی کراوە و ئەمساڵ سێیەمین جیلە کە هەڵگری بڕوانامەی بە کالۆریۆسن. نە لەرێگای خول نە لەرێگای کۆکردنەوەی ئەزموون کەس ناتوانێت لە سەنتەرەکانی چارەسەری فیزیایی کاربکات. چاودێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان ساڵانە چاودێری هەموو سەنتەرەکان دەکەن. مۆڵەتی سەنتەرەکانی چارەسەری فیزیایی لە رێگای سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستانەوە دەدرێت، پێویستە ئەو کەسە ئەزموونی پێنج تاکو حەوت ساڵی هەبێت، بڕوانامەی هەبێت و شوێنەکەی پاکوخاوێن بێت و کۆمەڵەک ئامێری تایبەی بەو چارەسەرییەى هەبێت، کۆمەڵە تایبەتمەندی تریش ئینجا دەتوانێت مۆڵەت وەربگرێت.

ئەو چارەسەریانەی لە دەرەوەی کوردستان هەن لێرەش دەست دەکەوێت؟

ئەو سەردەمە نەماوە کە هەندێ چارەسەری لە شوێنێك هەبێت لە شوێنێکی تر نەبێت، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە هەندێ ئامێر هەن نرخیان زۆر بەرزە لە کوردستان نەبیت، ئەگەرنا هەر چارەسەرییەك لە دەرەوەی کوردستان هەیە، لێرەیش هەیە. ئەوانەی لە کوردستان ئەوەندە کارەکەیان بە دڵسۆزی ئەنجام دەدەن ئەگەر لەوان باشتر نەبێت هیچیان لەوان کەمتر نییە.

بۆچی هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیان به‌ پزیشكى خۆمان نییە؟

ئەوە دوو رەهەندی هەیە، رەهەندی یەکەم دەکەوێتە سەر لایەنی تەندروستی، کە وەکو دکتۆر و کارمەند و سیستەمی کارکردنیان، متمانەی باشیان بەدەست نەهێناوە لە لایەن نەخۆشەکانەوە. بەشەکەی تر ئەوەیە کە هاووڵاتیان زیاتر حەزیان لە کاری بیانیە، زیاتر متمانەیان بە خەڵکی بێگانەوە هەیە. ئەگەر لە کارێکی زۆر بچووکیش بێت حەز دەکات کەسێکی بیانی بۆی بکات.

ئایا چارەسەری فیزیای نەخۆشەکان بە رێژەی 100% چارەسەر دەکات؟

هەر نەخۆشێك تایبەتمەندی خۆی هەیە. هەندێ نەخۆش کە دێن بۆ چارەسەری فیزیایی ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە 100% نەخۆشییەکەی لە کۆڵ ببێتەوە. لەرێگای چەند جەلسەیەکەوە نەخۆشەکە دەگاتە ئەو قۆناغەی کە نەخۆشیەکەی نامێنێت بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە هەوکردنی ژێیەکانی جومگەی ئانیشکیان هەیە یاخود کێشەی گرژبوونی ماسولکەیان هەیە یاخود ئینزیلاقیکی سەرەتایان هەیە دەکرێت ئەوانە لە رێگای چارەسەری فیزیکی ١٠٠٪ کۆنترۆڵی کێشەکەیان بکرێت. بەڵام حاڵەتیش هەیە کەسەکە جه‌ڵتەی مێشکی لێی داوە و رێژەکی زۆرە ماوەیەکی زۆریشی بەسەر تێپەڕیوە بێگومان جیاوازە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەسەرەتای کێشەکانیاندان دێن بۆ چارەسەری. رەنگە لەو کێشەی کە بەسەری هاتووە بە شێوەیەکی تەواو جووڵەی لەشی لەدەست دابێت ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە کەسەکە هەر چۆنێک بێت بتوانێت بڕوات و کارەکانی رۆژانەی ئەنجام بدات.

تا چەند کەڵەشاخ دەچێتە خانه‌ى چارەسەری سروشتی؟

کەڵەشاخیش بەشێکە لە چارەسەری سروشتی، دوو جۆریشمان هەیە کەڵەشاخی وشك و کەڵەشاخی تەر، کەڵەشاخە وشکەکە ئەوەیانە کە بەبێکونکردن تەنیا راکێشان دەکرێت بۆ ئەو ناوچانه‌، کەڵەشاخی تەڕ ئەوەیە کە خوێنەکەی لێ دەردەهێنرێت. سوودەکانیشی بەرگری لەشە بەرز دەکاتەوە، سووڕی خوێن چالاک دەکات و هەوکردن کەمدەکاتەوە.

مەرجە بەیتارە کوردەوارییەکان شارەزایان لە چارەسەری سروشتی هەبێت؟

بەیتارەکان هەندێ کاردەکەن کە لە بنەڕەتدا کاری ئەوان نییە

بە داخەوە بەشێکی زۆر لە بەیتارەکان هەندێ کاردەکەن کە لە بنەڕەتدا کاری ئەوان نییە. بەرپرسیارەتی و مەترسیەکی زۆریان لەسەرە ئەگەر بزانن ئەو کارەی دەیکەن چەندە مەترسیدارە. ئێستا وەکو پێشووتر نەماوە کەسێك هەڵسێ بە کارێك دەبێت بڕوانامەی هەبێت. ناکرێت هەر کەس بە ناوی ئەزموون یاخود شارەزای هەستێ بە ئەنجامدانی کارێکی پزیشکی بەبێ ئەوەی بڕوانامەی هەبێت ئەو جۆرە کارانە بکات. بۆ نموونە ئەوانەی که‌وا ئێسکێکیان دەشکێت پێویستیان بەوەیە ئێسکەکە بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی ئینجا لە گەچ بگیرێت، کە ئەوەشیان کاری پزیشکی ئێسک و شکانە نەوەك کاری بەیتار.

یاخود کەسێك پشتی دێشێت یاخود ملی، هەڵدەستن بە راکێشان یاخود تەقاندنی بڕبڕەکانی پشت و مل ئەوانەش هەمان شێوە کاری چارەسەر کاری فیزیایە نەوەك بەیتار کە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت یاخود بڕوانامەیەکی لەسەر هەبێت هەڵدەستێ بەو کارە، ئەوەش ئەگەری روودانی حاڵەتی زۆر مەترسیداری هەیە.

خۆی ئەوانەی کە بەیتارەکان دەکەن لەجێچوون و شکان دەکەن کە لەبنەڕەت دا کاری ئەوان نییە، کاری پزیشکی پسپۆرە کەسێك کەوا ئێسکێکی دەشکێت دەبێت بچێتە لای پزیشکی پسپۆر تاکو تیشکی بۆ بگرێت، نەوەک بە شێوەی هەڕەمەکی بۆی چارەسەر بکرێت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین