برادەر  كاره‌كته‌ره‌ نوێیه‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان وەرگێڕان

نوچەنێت

عه‌بدولغه‌نی براده‌ر، یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی زۆری چالاكیی سیاسی و سه‌ربازی، دواى كۆنتڕۆڵكردنەوەى ئەفغانستان له‌ (2001) و كشانەوەى ئەمريكا له‌ (2021) یه‌كه‌م كه‌س بوو گەڕايەوە ناو كابول، كەمترين شت دەربارەى مەلا برادەر دەگوترێت.

گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ ئه‌فغانستان گۆڕانكارييەكى مێژووییه‌، كە ئەگەرى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئاڵۆزى بگێڕێتەوە ئه‌و ناوچه‌یه‌، ئەوه‌ش لێكەوتەى جيۆسياسى دەبێت.

لەدواى جەنگى ئەمريكا دژ بە تاڵيبان و  ده‌ستگیركردنی له‌ لایه‌ن پاكستان و ئه‌مریكا، ناوى مەلا عەبدولغەنى برادەر بوو بە سەردێڕى هەواڵەكان، پاشان سەر لەنوێ خرايەوە سەر لاپەڕەكانى ديپلۆماسيەت، وەك دانوستانكارێكيش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان واژۆى لەسەر رێككەوتنى دەوحە كرد، ئەو رێككەوتنە بووە هۆى كه‌وتنی كابول له‌ مانگى رابردوو، كە هەموو جيهان بينى.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی مەلا برادەر زۆر بۆچوون هەیە، هەندێك پێيان وايە، "دواى مەلا هيبەتوڵا ئاخوندزادە، كەسى دووەمە"، ئەوانەى تر پێيان وايە، "سەركردەى راستەقينەى تاڵيبانە"، ئايە تاڵيبان ئەمجارە بڕيارى داوە ستراتيژيەتى خۆى بگۆڕێت؟

 

لە جەنگەوە بۆ سياسەت

برادەر لە (1968) لە گوندى ويتماك لە هەرێمى ئۆروزغان لە هۆزى دورانى لە دايكبووە، حەميد كارزاييش له‌و هۆزه‌یه‌، برادەر يەكێكه‌ لەو چوار كەسەى لە سەرەتاى نەوەدەكان بزووتنەوەى تاڵيبانيان دامەزراند، لەسەردەمى مەلا محەمەد عومەريش پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هەبوو، ناوى ئێستای، ناوى راستەقينەى خۆى نييە، ئەوە ناسناوێكە ئەوانەى تر پێيى ناویان ناوه‌،  وشه‌ی براده‌ر، بەواتاى (برا) دێت، مەلا محەمەد عومەر خەزور و دۆستى بوو، لەگەڵ ئوسامە بن لادنى رێبەرى قاعيدە پەيوەندى بەهێزى هەبوو.

لە (1996) پڕۆژەى تاڵيبان كامڵ بوو، مەلا عومەر و برادەر و هاوڕێكانى تەواوى ئەفغانستانيان كۆنتڕۆڵ كرد، هەموو هێزه‌ نه‌یاره‌كانی خۆیان دوورخستەوە.

برادەر لە جەنگى ئەفغانستان دژ بە سوپاى سۆڤيەت بەشداربوو، هەروەها دژ بە سوپاى ئەمريكا جەنگا، لەو چركە ساتەوە بە سەركردەيەكى مەيدانى ئەو بزووتنەوەيە دادەندرێت، پاشان هەڵات بۆ پاكستان، لە مانگى شوباتى (2010) لە ئۆپراسيۆنێكى  هاوبەشى هێزەكانى ئەمريكا و پاكستان لە شارى كه‌راچى پاكستان دەستگيركرا.

برادەر هەشت ساڵ لە گرتوخانەيەكى پاكستان زيندانى كرا، ئەفغانستان داواى له‌ پاكستان ده‌كرد مه‌لابراده‌ری رادەستى بكاتەوە، تاڵيبانيش لە هەموو دانوستانەكانى لەگەڵ ئەمريكيەكان داواى ئازادكردنى دەكرد، تەنانەت زەڵماى خەليلزادى نێردەى ئەمريكا بۆ ئەفغانستان داواى لە پاكستان كرد، مەلا برادەر ئازاد بكات، بيرۆكەى ئەو كاتە ئەوە بوو، كە برادەر تاكە سه‌ركرده‌ی تاڵیبانه‌ بەهۆى كاريگەرى لە ناو تاڵيبان، تواناى راگرتنى توندتيژييەكانى هەبێت، لە ماڵەكەى خۆى لە پيشاور به‌ نهێنى دانوستانەكان بۆ چەسپاندنى ئاشتى له‌ ئه‌فغانستان دەستیپێكرد.

لەو ماڵەوە راسپاردنى مەلا برادەر بۆ سەرۆكى مەكتەبى سياسى تاڵيبان راگەيەندرا، كە پاكستانى بەجێهێشت بۆ دانوستانەكان سەردانى دەوحەى كرد، ئەو كاتە دەرى خست تاڵيبان پەندى لە رابردوو وەرگرتووە، كرانەوەى برادەر بەرانبەر كارزايى نيشانە سەرەتاكانى ئەو گۆڕانكارييە بوو، ئەو كرانەوەيە نەبوايە بەر لە دەستگيركردنى بوو، بەگوێرەى ئەو شرۆڤەيە كەسانێك هه‌وڵیان ده‌دا پرۆسە سياسيەکە رابگرن.

ئەمريكيەكان دەڵێن، "تێگه‌یشتن له‌ كه‌سایه‌تی مه‌لا عه‌بدولغه‌نی براده‌ر سەختە."

كاتێك زەڵماى خەليلزاد دواى ئازادكردنى مەلا برادەرى كرد، هەڵە نەبوو، چونكە مەلا برادەر هەژموونێكى فراوانى سەربازى و دارايى لەناو تاڵيبان هەبوو، دواى كۆنتڕۆڵكردنى ئەفغانستان پۆستى جێگيرى وەزيرى بەرگرى هەبوو، كاتێكيش گەڕايەوە بەرپرسێكى سەربازى نەبوو، بەڵكو پياوێكى سياسى بوو، لەبەرزترين ئاست رێككەوتنامەكانى واژۆدەكرد.

لەسەردەمى دۆناڵد ترامپ لە نيسانى (2020) بەگوێرەى رێككەوتنامەى دەوحە هێزەكانى ئەمەركيا لە ئەفغانستان دەكشێنەوە، بەو مەرجەى حكومەتێكى نیشتمانى لەسەر بنەماى دابەشكردنى دەسەڵات لەگەڵ ئەشرەف غەنى سەرۆكى ئەمريكا پێكبهێنن، لەگەڵ گۆڕينەوەى پێنج هەزار زيندانى تاڵيبان، بەرانبەر هەزار ئەندامى هێزه‌كانی ئاسايشى ئەفغانستان، هەروەها سزاكانى دژ بەتاڵيبان هەڵگيرێت، لەبەرانبەر رێگە نەدان بە چالاكى گروپە تيرۆرستيەكان لەسەر خاكى ئەفغانستان، دۆناڵد ترامپى سەرۆكى ئەوكاتەى ئەمريكا، ئەو رێككەوتنامەى بە رێككەوێنێكى زۆرباش وەسف كرد.

 

ئەمريكا دوژمنەكانى هەڵدەبژێرێت

گەيشتنى برادەر بەو چركەساتەى ئێستا، هەڵبژاردنێكى وردى ئەمريكا نییه‌، ئەمريكيەكان برادەريان هەڵنەبژاردووە، بەڵكو تاڵيبان بە تەنيا بۆ دانيشتن لەسەر مێزى گفتوگۆ هەڵيانبژاردووە، لەگەڵ ئەو شۆكبوونەى جيهان بەرانبەر پاشەكشەى ئەمريكا و كەوتنەخوارەوەى مرۆڤ لە فڕۆكە و پشێوى لە هەموو شوێنێك، ئاژانسەكانى هەواڵ كۆبوونەوەيەكى نهێنى وليام بيرنز بەڕێوبەرى ناوەندى هەواڵگرى ئەمريكايان لەگەڵ مەلا برادەر بڵاوكردەوە، پێشتر و دواتريش بەرپرسانى ئەمريكا راياندەگەياند، بەردەوام لەگەڵ تاڵيبان هەماهەنگيان هەيە.

برادەرى لەسەرەخۆ و دەم بەخەندە، رووێكى نوێى تاڵيبانە، ئەوكەسانەى ديداريان لەگەڵى كردووه‌، بە ديپلۆماتكارێكى بێدەنگ وەسفى دەكەن، لەكاركردن لێهاتووە، لە كاتى ناخۆشى كەسێكى خۆگرە، ديارترين وەسفێك كە مايەى سەرنج بێت، ئه‌وه‌یه‌، "تێگه‌یشتن له‌ كه‌سایه‌تی مه‌لا عه‌بدولغه‌نی براده‌ر سەختە".

راپۆڕتە هەواڵگرييەكان ئاماژە بەوە دەكەن، تاكە كەسە لە گفتوگۆكان شتێكى جياوازى گوتووە، لە كاتێكدا هەردوولا لە قسەكردن لەسەر قوربانييەكانيان لە جەنگى نێوانيان دەنگيان بەرز دەكردەوە، بەپێچەوانەوە مەلا برادەر زۆر بەكەمى دەنگى بەرز دەكردەوە، بەڵام كاتێك گفتوگۆكان دەگەيشتنە بنبەست، دەكرا پشت بە مەلا برادەر ببەسترێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونێكی جیاواز بڵێت.

تەنانەت خودى دۆناڵد ترامپ هۆكار بوو بۆ ناساندنى مەلا برادەر، لە مانگى ئازارى (2020) بۆ ماوەى (35) دەقيقە قسەى لەگەڵ كرد، ئەوەش رێگەى خۆشكرد بۆ كۆبوونەوەى دەوحە لەگەڵ مايك پۆمپيۆى وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا، بۆ ئەوەى وێنەيەكى دۆستانە پێكەوە بگرن.

 

لە سياسەتەوە بۆ هێز

رۆژنامەى واشنتن پۆست پێیوايە، مەلا برادەر سەرۆكى داهاتووى ئەفغانستانە، لە بەرانبەردا رووسيا پێى وايە برادەر دەبێتە وەزيرى دەرەوەى ئەفغانستان، ئەوەش لە كاتێدايە، برادەر رايگەياندووە، "لە داهاتووێكى نزيك سيستەمێكى سياسى ئەفغانستان رادەگەيێنين، كە لەسەر شێوازى ديموكراسى رۆژئاوايى نابێت"، ئەوەش گۆڕانكارييەكە شايەنى چاودێريكردنە، چونكە ئەو سياسييە نەرم و لەسەرخۆيە، بەڵێنى بە ئەمریكیيەكان دابوو، بە تەنيا كۆنتڕۆڵى ئەفغانستان نەكات، بەڵام بەڵێنەكەى نەبردەسەر، زۆر بەخێرايى دەسەڵاتى عەبدولغەنى ئەشرەف رووخا، برادەرمان لە قەندەهار بينيەوە.

چوونى بۆ قەندەهار پەيامێكى سياسى بوو، ئەو هەرێمە بۆ تاڵيبان سينبۆلە، چونكە ئەو شارەيە كە بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانى تێدا دروستكراوە، لە ماوەى حكومڕانى كرديانە پايتەختى سياسى حكوميان بوو، ئەو چوونە وەك ئەوە بوو بڵێن، "قەندەهار ئەوە گەڕاينەوە".

لە چەند ڕۆژى رابردوو مەلا برادەر چەندين ديدار و گفتوگۆى لەگەڵ سەركردەكانى تاڵيبان و بەرپرسانى پێشووى حكومى لە كابول و زانايانى ئايينى ئەنجامدا.

بەرپرسانى تاڵيبان رايانگەياند، "لە داهاتووێكى نزيك بانگێشتى پسپۆڕانى حكومەتى پێشوو دەكەين، بۆ بەرێوەبردنى قەيرانەكان، لە چوارچێوەيەكى نوێ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، سیسته‌می حكومڕانی بە پێناسەى رۆژئاوايى ديموكراسى نابێت، بەڵام مافى هەموو لايەك دەپارێزێت".

نازاندرێت سيستەمى تازەى حكومڕانى ئەفغانستان لە سايەى تاڵيبانى نوێ چى دەبێت، ئايە سەرلەنوێ پشت بە جيهادى سياسى دەبەستن، ياخود ئەزموونى پاكستانى دراوسێى  وەردەگرێت؟ مەترسيدارتر لە هەردوو سيستەمه‌کە، وەرگرتنى نموونەى ئێرانه‌، كه‌ شۆڕش رەوانەى وڵاتان بكات، ئەوكات جيهان دەكەوێتە بەرانبەر دوو شۆڕش لە بەرەى ئاسياى شيعى و سوننى، كە ئەندازەى تێكەڵبوون و جياوازى نێوانيان نازاندرێت. 

بەڵام ئەوەى وايكردوە، لە عەقڵى مەلا برادەر، كە ئەو وەسفەى ئەمريكيەكان كردويانە، كە دەڵێن، "تێگه‌یشتن لێی سەختە"  ئەو پياوە بەبيرى دا نەیه‌ت، رووداوەكان ئەويان گەياندە ئەو ئاستە، ئەوە پێچەوانەى يەكەم لێدوانى دواى كۆنتڕۆڵكردنى كابوله‌، كه‌ گوتى، "سەركەوتنێكى چاوەڕوان نەكراو بوو".

مادام ئەو سەركەوتنە چاوەڕوان نەكراو بوو، پێویست ناكات ئاماده‌سازیش بۆ حكوم بكات، بەڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه، هێڵە سوورەكانی تاڵیبان روون بۆته‌وه‌، كه‌ چی ده‌بێت، وه‌ك خۆیان به‌ڕوونی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، دیموكراسی نابێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین