مسرور بارزانى: راده‌ستكردنه‌وه‌ى مه‌له‌فى نه‌وت به‌ به‌غدا ده‌ستوورى نییه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئەمڕۆ مسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە دواى کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى وەزیران، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ئەنجام دا، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانييةکەدا تیشکى خستە سەر چەند پرسێکى گرنگ سەبارەت بە پرسى مووچە و پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا و هەنگاوەکانى چاکسازيى لە سەرچاوەکانى داهاتیى هەرێمى کوردستان.

پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق و هەرێمى کوردستان

سەبارەت بە بودجەى عێراق و پشکى هەرێم لەو بودجەیە، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند، "تا ئێستا چەندین جارە شاندى ئێمە سەردانى بەغدا دەکات، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک  لەسەر پرسى بودجە، داوامان کردووە ئەو بودجەیە، بودجەیەک بێت کە هەم بۆ خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و هەم بۆ خەڵکی هەرێمیش سوودمەند بێت و  بتوانێت یارمەتیدەری خەڵکی عێراق بێت بە هەریمی کوردستانەشەوە".

گوتیشى: "پێویستە ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و شەفاف بێت و شایستە داراییەکانی هەموولایەک لەبەرچاو بگیرێت، کەواتە لایەنێک لەسەر لایەنێکی تر ئەوە نەکاتە دەستکەوت، هەروەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش باسمان کرد، چەندین پێشنیاز هەبووە، یەکێک لەو پێشنیازانەی کە بەشی هەرێم چۆن لە بودجەکەدا جێگیر بکرێت، کە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەنجامدراوە،  ئەمەش ئامادەکاریی حکومەتی هەرێم بووە بە رادەستکردنی 250 هەزار  بەرمیل، یانیش ئەقیامی نەوت بەو رێژەیە، لەگەڵ نیوەی ئەو داهاتە فیدراڵییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، ئەمانە رادەست بکرێن بەرامبەر بەو شایستە داراییانەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستە بۆ هەرێمی دابین بکات"

پێویستە  بودجە لەسەر بنەمای دەستوور بێت

پرسى مووچە و دۆسیەى نەوت

مسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکدا لەبارەى پرسى کێشەى مووچە دەڵێت: "کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، شایستە داراییەکانی ئیمە تەنیا مووچە نین، ئەو شایستە داراییانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە حکومەتی فیدراڵیی وەریبگرێت، کە ئەوانیش خەرجییە سیادییەکان، وەبەرهێنانە، خانەنشین، پێشمەرگە، زۆر لەو شایستە داراییانەی کە لە موازەنە دەدرێت، پپێویستە بەشی هەرێمی تێدا بێت و رەچاوبکرێت، کەواتە تەنیا بابەت، بابەتی مووچە نییە"

هەروەها سەرۆکى حکومەتى هەرێمى ئاماژەى بەوەشکرد، کێشەکان لە کێشەى مووچە زیاترن، چەندێن کێشەى چارەسەرنەکراوى دیکە هەیە لەوانە، هێشتا ماددەى 140 جیێبەجێ نەکراوە، کە بابەتێکى دەستوورییە، بابەتى پێشمەرگە.

سەبارەت بەوە هەندێجار چەند لایەنێک داواى ڕادەستکردنى تەواوى دۆسیەى نەوت دەکەن، مسرور بارزانى گوتى: "هەندێکجار دەبیستین کە هه‌ندێك لە برادەران داوای رادەستکردنەوەی هەموو مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەمە پێموایە ئەسڵەن خاڵێکی دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراون بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە بکرێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان قبوڵ نییە، کە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بەو شێوەیە پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەو حاڵەتەشدا."

پڕۆسەى چاکسازیى

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەربارەى دواین هەنگاوەکانى پڕۆسەى چاکسازیى دەڵێت: ئەمە پڕۆژەیەکى درێژخایەنە و بە ڕۆژێک و مانگێک هەموو ئەو هەنگاوان نایەنە دى، هەروەها گوتیشى: "دەمەوێ ئاماژە بە هەندێک لەو هەنگاوانە بدەم لەوانە،  مەسەلەی رێکخستنەوەی باج، لەو ماوەیە حکومەتی هەرێم توانیویەتی باج رێکبخاتەوە بۆ نموونە توانیومانە: هەم داهاتی ناوخۆیی لە وەرگرتنەوەی باج لە گەورە باجدەران، لەو کۆمپانیایانەی بە گەورە باجدەران دەناسرێن، زیاد بکەین، هەتا ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لە 240 بۆ 600 کۆمپانیا بەرزکراونەتەوە و زۆربەی باجەکان لە کۆمپانیاکانەوە وەرگیراوە، کەواتە خەڵکی هەژار بەهیچ شێوەیەک باجی لەسەر زیادنەکراوە و ئەو داهاتەی کە هاتووە زیاتر لەو کەسانەوە بووە، کە سوودمەندبوون و ئەوانەش ئەو کۆمپانیایان کە سوودمەندبوون لە ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا کە بۆی کردوون. ئێمە بڕیارمان داوە لێخۆشبوونی باج بۆ هیچ لایەنێک نەمینێت، هەر کەسێک بێت،  سەر بە هەر لایەنیک بێت، لە هەر پۆست و پلەیەک بێت.".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین