ڕێگا سروشتییەکانی کەمکردنەوەی ئازار تەندرووستی

نوچه‌نێت

شیكاى هینۆرا كه‌ پزیشكێكى به‌ناوبانگى ژاپۆنییه‌ چه‌ند ئامۆژگارییه‌كى به‌ناوبانگى بۆ نه‌خۆش هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ ده‌ڵێ، " هه‌ندێك جار ئازار شتێكى ناڕۆشنه‌، دان به‌خۆت بگره‌ و هه‌وڵمه‌ده‌ یه‌كسه‌ر به‌ ده‌رمان چاره‌سه‌رى بكه‌ین". زۆرن ئه‌و پزیشكانه‌ى كه‌ پێیانوایه‌ ئازارشكێن تاكه‌چاره‌سه‌ر نییه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك رێگه‌ى تر پێشنیار ده‌كه‌ن. د. سه‌روه‌ر سالار چوچانى پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم له‌م وتاره‌دا به‌ ناونیشانى "ڕێگا سروشتییەکانی کەمکردنەوەی ئازار" باس له‌ چۆنیه‌تى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئازار ده‌كات.

سەرەتا ئەوە بزانە، کە دەبێت کاتێک ئازار کۆنترۆڵ بکرێت کە هۆکارەکەی زانرابێت، چونکە ئازار هاوارێکی سروشتیی جەستەیە و داوای چارەسەر دەکات، ئەگەر تەنیا خەممان لای کۆنترۆڵکردنی ئازارەکە بێت، ئەوە هەڵەیە، بەڵکو سەرەتا دەبێت پزیشک بیدۆزیتەوە کە هۆکارەکەی چییە و پاشان بیر لە نەهێشتنی بکەینەوە.
ئازار وەکو زەنگی ئاگرکەوتنەوەی ماڵ وایە، لەوانەیە دەنگەکەی بێزارکەر بێت، بەڵام ئەو هاوارە نەبێت، ڕەنگە ماڵەکەمان بسووتێ و ئاگامان لە خۆمان نەبێت، ئەوەتا کاتێک ئەو زەنگە لێدەدات سەرەتا دەچین تاوەکوو خەم لە کۆنترۆڵکردنی ئاگر و دوکەڵەکە بخۆین، ئینجا خەفەکردنی دەنگی زەنگەکە.
بۆ نموونە تۆ ئازارێکی ئەژنۆ یان پشتت هەیە، پزیشک هۆکارەکەی دەدۆزێتەوە و دەڵێت کە مەترسیدار نییە و ئیدی پیویستە ئازارەکە کۆنترۆڵ بکەین، ئەگەر تۆ لەو کەسانەیت کە بێزاری لە خواردنی دەرمانی ئازارشکێن، ئەوە هەندێک ڕێگەی سروشتی هەن کە هیچ نەبێ توندی ئازارەکە کەمدەکەنەوە لە بەشێکی خەڵکیدا:
1- چوست و چالاک بە: وەرزش و چالاکیی جەستەیی، هەم دەبێتە هۆی بەهێزیی ماسولکەی ڕاگری جومگەکان، هەم هانی ڕژاندنی ماددەی سروشتیی ئازارشکێن دەدات لە جەستەدا کە بە ئیندۆرفینەکان ناسراون
2- ساردکردن و گەرمکردنی جومگە: ئەو جومگەیەی ئازاری درێژخایەنی وەکو سەوەفانی هەیە زیاتر سوود لە گەرمکردنی دەبینێت، بەڵام ئەو جومگەیەی ئازاری کتوپڕ و ئاوسانی هەیە، بە ساردکردنەوە ئازارەکەی کەمتر دەبێت
3- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بەهێزبکە: هەبوونی تۆڕی فراوانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، وادەکات کەسەکە کەمتر هەست بە ئازار بکات، پیدەچێت ئەمە بەهۆی کەمکردنەوەی خەمۆکی و دلەراوکێ و زیادکردنی ئازارشکینە سروشتییەکانی جەستە بێت. پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نموونەی بەشداریی چالاکییە خۆبەخشییەکان، چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، گەشت، بەسەرکردنەوەی ئازیزان و زۆر ڕێگەی دیکە
4- خاوکردنەوە و کشاندنی ماسولکەکان و دووربوون لە دەقگرتوویی جەستە کە بەداخەوە جیاکەرەوەی ژیانی سەردەمە
5- خەوت ڕێک بکە: جەستەی مرۆڤ لە شەو و ڕۆژێکدا پێویستی بە ٦-٩ کاتژمێر خەوی قووڵ و ئارامە. وەکو چۆن ژەمەکانی خۆراک و وادەی دەوام و ئەرکی ڕۆژانەت لا گرنگە، بۆ خەوەکەشت وابە! شوێنی خەوەکەت با تاریک و ئارام بێت و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی تێدا نەبێت، پابەندی بە کاتێکی دیاریکراوی نووستن و لە خەو هەستان، واتە هەموو شەوەکان لە یەک کاتدا بڕۆرە سەر جێگای نوستن و بەیانیانیش لە یەک کاتدا لە خەو هەستە.
6- مێدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە بۆ خاوێنکردنەوەی دەروون لە دڵەراوکییەکانی ژیانی ڕۆژانە زۆر گرنگن و سەرەنجام هەستی ئازار چەشتن کەمدەکەنەوە. پەرستشێکی ئارام و ڕۆحانیش لەم ڕووەوە گرنگە و دەکرێ هەمان ڕۆڵ بگێڕێت لە بەشێک لە خەڵکیدا
7- مەساج: مەساج و شێلانێکی شارەزایانە، گرژیی ماسولکە کەمدەکاتەوە و سووڕی خوێن چالاکدەکات و سەرەنجام توندیی ئازار کەمدەکاتەوە
8- هەندێک خواردەمەنی: بە گشتی کالۆرییەکانت با کەم بن و بەها خۆراکییەکانی ژەمەکانت با باش بن، لە شەکر دوور بە، هەندێک توێژینەوەش دەڵێن گرنگیدان بە هەندێک خۆراک و بەهارات لە ژەمەکانتدا تا ڕادەیەک لە ئازارەکانت کەمدەکاتەوە، وەکو ڕیشالە خۆراکییەکان، زەردەچەوە، زەنجەفیل، بیبەری توون، سیر، سرکەی سێو، مێخەک، گێلاس و هی دیکە.
9- هەندێک کەس کە ئازاری درێژخایەنی وەکوو سەوەفان و فەقەراتیان هەیە، تا ڕادەیەک سوود لە دەرزی ئاژنین دەبینن.

د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین