ئافرەت و ژیان، ئاوڕێک لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

بەپێی مێژووی دێرینی مێزۆپۆتامیا، دایک پەرستن و پەیکەری عەشتاری دایک، وەکو یەکەم تابلۆی شێوەکاری لە گوندی "چەرمۆ" دۆزراوەتەوە. لە کولتوری کۆنی سومەریشدا ئاوسبوونی زەوی، لە دەرئەنجامی خوێنڕشتنی مانگانەی عەشتار هاتووە. لە بەرئەوەش، کە قوربانی دەکەنە خێر تەنیا بەخوێن دەبێت. دیارە ئەمەش، وەکو لە قوربانی بەردەوامی خوێنرشتنی عەشتاری ژن دێت. بەکورتی، قوربانی لە لایەک وەکو هزری ئاین بۆ خوداوەند پێشکەش دەکرێت و لە لایەکی تر، قوربانی وەکو هزری و فەلسەفەش بۆ پەیداکردنی زانین و مەعریفە دێت.

هەروەها لە سەرەتای سەرهەڵدانی رێنسانسی ئیتاڵیا، مێکاڤیلی/ 1469 ــ 1527 لە پەرتوکەکەی "میر ــ The Prince" دەڵێت: "بەختەوەری ژنێک، واتای نەهێشتنی خەفەت لە جیهاندا". کەواتە دەتوانین بڵێین، بە خەمباربوونی ژنێکیش جیهان خەمبار دەبێت. لە سەر ئەم پاشخانە و بەدرێژای مێژوو دوو چەمک "رێنسانس و شۆڕش"، کە لەوانەیە بە "ناو و واتای" جیاوازیش بەکاربێت، بەڵام ناوەڕۆکەیان یەکە. ئەم دوو چەمکە، لە بواری ئاین و کۆمەڵگا دا زۆر بەکارهاتوون. لە بەرئەوە، کە باس لە هەر رووداو یان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەبێت هەردوو چەمکی ئاینی، سیاسی/ هزری "رێنسانس و شۆڕش"مان لە بیربێت. چەمکی "رێنسانس" بەواتای "لە دایکبوونی نوێ" دێت، لە پرۆسسی کۆمەڵایەتیش واتە ئامادەکردنی ژینگەیەک بۆ لە دایکبوونێکی نوێ دێت. ئەگەر وەکو رەمزیش ئەم چەمکە بەکاربهێنین، کاریگەری لە سەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەبێت و وەکو دەروازەیەک بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێت. کەواتە هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی، وەک فەرهەنگی ژیان لاسایکردنی ئەم بوونەوەرە گەورە و میهرەبانە، وەک رەمزی ژیان و بەردەوامبوون، کە پێدەڵێن "دایک/ ژن". ئیتر ئەوەی هەر خۆی بە گەورەیی لە دایک دەبێت ئافرەتە، چونکە پێکهاتە و سروشتی ئەو بەخشین و ئاوەدانکردنەوە و بەردەوامی هەبوونە.

هەروەها شۆڕش، وەک چەمکێکی سیاسی و هزری لە سەر دوو بار بەکاردەهێنرێت، هەروەک لە سەرەوە باسمانکردووە، رەنجکێشان و خوێنرشتن، ژنیش مانگانە خوێن بۆ بەردەوامبوونی ژیان دەرێژیت، قوربانیش وەک خێر و بەرگری دەبێت خوێن بێت، ئەمەش چاولێکردنی رشتنی خوێنی سوری مانگانەی ژنە! کەواتە ژیان بەبێ رێنسانس و شۆڕش ناتوانێ لە قۆناغێکەوە، دەربازی قۆناغێکی دیکە بێت، بەڵام کاتێک دەتوانێت ببێتە بنەمای پێشکەوتن و ئاوەدانی، کە ئەم هەردوو گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگەیەک لە هزرەوە دەست پێبکات و لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا جێبەجێبکرێت. کاتێک ئێمە باس لە رێنسانس و شۆڕش دەکەین، بەڵام هێشتا نیوەی کۆمەڵگە بە لاواز و زەعیفە ئەژمار دەکەین. دەرخەری ئەوەیە، کە هێشتا ئێمە لە قۆناغی بەر لە هاتنی ئەم چەمکانە دەژین!

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆزەخ و شوێنی کوشتنی تواناکانی مرۆڤ بە گشتی و تایبەتیتر ژنە. کاتێک بۆ باکگراوند و مێژووی ژیان لەم ناوچەیە دەگەڕێینەوە دەبینین، کە نە رێنسانس و نە شۆڕشی نەبینیوە. ئەم ناوچەیە، هەمیشەش لە ئاشوب و ئاژاوەدا ژیاوە و هەموو شتێک لە ژیانی مرۆڤەکان پیرۆزتر و گرنگترە.

لە بنەمادا هەموو ئایدۆلۆژیا بە ئاینەکانیشەوە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ هاتوونە بوون، بەڵام لەم دەڤەرە مرۆڤەکان کراونەتە سوتەمەنی ئایدۆلۆژیاکان، ئافرەتان وەک کەرەستە و روکاری بەدین و بێدین، نمایش دەکرێن و حوکمی نا عەقڵانییان لە سەر دەدرێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێت، لە لاوازی ژن عەقڵی کۆمەڵگەیە نەک جەستەی ژنان. راستە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا خەڵکێک هەیە، کە لادەر و توندوتیژ عەقڵن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوانە لە کۆمەڵگەی ئێمە لە جیاتی پەراوێز بخرێن، دەخرێنە پێگە و جێگەی تایبەت و پێشەوە لە رێگەی کەناڵە جیاجیاکانی (حزب، حکومەت و راگەیاندن) و دامودەزگای تری جۆراوجۆر مینبەریان دەخرێتە بەردەست.

جاران وەکو بە کەم پیشاندانی ئافرەتان بە هەندێ پیاو، کە رەفتاریان بە پێوەری پیاوسالاری قبوڵکراو نەبوو، دەگوترا "ژنانی"، بەڵام ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەک و قۆناغی هەرە پێشکەوتووی مرۆڤایەتی بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی مۆدێرنێتە/ پۆستمۆدێرنێتە هێڕشی ناڕەوا دەکرێتە سەر ئافرەتان و هەوڵ دەدرێت لە پێگە و رۆڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابورییان کەم بکرێتەوە و نەک هەر چەمکی ناشیاو، بەڵكو بە فۆرمی جیاواز ژیانیشیان دەخرێتە مەترسییەوە.

بەداخەوە لەگەڵ هەموو ئەمانە تا ئێستا خاوەنی نوخبەیەکی ئازاد و وێرەک نین، کە بتوانن دژی ناشیرینییەکانی کۆمەڵگە و عەقڵیەتی رەگەز سالاری بوێرانە بوەستنەوە، ئەو بەرگرییەش، کە لە ئافرەتان هەیە، لایەن هەندێ نوسەر تاک و تەرایە و واقیعی نین.

لە فۆلکلۆری کوردیدا ژن بە مانگ، ئەستێرە و ئاسمان دەچوێنرێت، لە شعر و گۆرانی کوردیدا پیاوان دەبنە خۆڵ، خڕخاڵ و کەمەربەندی ژنان، بەڵام لە واقیع و ژیانی کۆمەڵایەتیدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە! تا لە پەندی پێشینانی کوردیش دەڵێت: "مال ژنە، بنیات خانی".

زمانی کوردی وەکو زمانێکی زبری پیاوانە دەردەکەوێت، کە بۆ جنێودان و ئازاردانی کەسی بەرامبەر قسەی ناشیاو ئاراستەی ئافرەتانی خێزانەکەی دەکرێت!! ئەمە دوو فاقییەکی تری کۆمەڵگەی کوردییە، کە پێویستە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت.

بە هەموو پێوەرەکانی مۆدێردن و قۆناغی نوێ، دەستدرێژی کردنە سەر ژیان و تایبەتمەندییەکانی ئافرەتان، دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئازادی و جوانییەکانی ژیان و خێزانە، چونکە خێزان بەبێ ژن دروست نابێت و بناغەی دامەزرانی کۆمەڵگەشە. ئەم تایبەتمەندییانە، هەر لە ئازادی قسەکردن و پۆشاکەوە، تا ئازادی کارکردنە لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا.

لەو وڵاتانەی، کە دیموکراسی و پەرلەمان تێیدا تەنیا وەک فۆرم و بینایە هەیە، رۆڵی کارتۆنی نا پێویست و ناگرنگیش، لە ژێر ناوی جیاواز دەدرێت بە ژنان، چونکە لە بنەمادا ئەگەر هزر و فەلسەفەی دیموکراسی، لە کۆمەڵگەیەکدا کاری پێنەکرا و تەنیا وەکو چەمک بەکارهات. ئەو کاتە کەرەستەکانی دیموکراسی، دەبنە پایەیەک بۆ راگرتنی حوکمی تاکڕەوی و رەگەز سالاری. ئەوەی ئێستا دەبینرێت، زیاتر لە فۆرم و روکەشدا دەمێنێتەوە و رەگەزەکانی عەقڵیەتی دواکەوتوو دەخرێنە قاڵبی دیموکراسییەکی ساختە.

کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا، ژیانی ئافرەتان دەکەوێتە مەترسی و گێچەڵی جۆراوجۆریان پێدەکرێت، کەواتە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگەیە لە مەترسیدایە و بەر لە هەر کەسێک، حکومەت و دامودەزگای ئەمنی لێی بەرپرسن. نزیکترین نموونەش، دیاردەی هاککردنی ئەکاونت و تۆڕی کۆمەڵایەتی بەشێک لە چالاکوان و ژنانی دیارە، کە نەک هەر لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بە هەند وەرنەگیرا، بەڵکو وەکو بابەتێکی گاڵتە جاڕی باسی لێوەدەکرا!

دیاردەیەکی تری قێزەون دەرهەق بە ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتی مێینە لە کۆمەڵگەدا. ئاشکرابوونی باندێکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە گرتەی پاڕانەوە و زەلیلی کۆمەڵێک کچی گەنج پیشان دەدەن لە ژێر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی گرتەی تایبەتی خۆیان، پێڵاویان پێ ماچ دەکرێت، کە لە هەموو بەها مرۆیی و پێوەرەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراسی دوورە!

دروستبوونی تاقم و گروپی لەم جۆرە، کە بە ئاشکرا بانگەشەی بێ منەتی و حیساب نەکردن بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەزگا ئەمنییەکان بڵاودەکەنەوە. سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ درێژکردنی دەستی تاقم و گروپی سیاسی دیکە، کە باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ و هیچ ئازادییەک لە کۆمەڵگەدا نییە و ژیان لە چەوساندنەوەی مرۆڤانی دیکەدا بەرجەستە دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین