مۆدێلە سەرکەوتووەکەی سیاسەت و دەوڵەتداری بیروڕا

سیاسەتی نێودەوڵەتی لە رێگەی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییەوە رێکدەخرێت، کەناڵی بەیەک گەیشتنیشیان دیپلۆماسییەت و پەیوەندی ھەمەلایەنەی نێودەوڵەتییە.

بڵند نه‌وڕه‌س

ھەرێمی کوردستان لەم جوگرافیا فراوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیدا رێڕەوی دروستی خۆی گرتووە، پێ بە پێ ئەو پانتاییە دەبڕێت کە پێویستە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکی ھاوبەش و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ مانەوە لەو چوارچێوەیەدا.

سیاسەتی نێودەوڵەتی بەپێی بەرژەوەندییەکان شێوەی بازنەیی وەرگرتووە، ھەم سنوور دیاریکراوە بۆ گواستنەوە لە بازنەیەکەوە بۆ بازنەیەکی دیکە، کە ھەمیشە پاداشت و سزای لەگەڵدایە، ھەم سوڕانەوەیەک ھەیە بە دەوری بازنەکەدا کە بە خولی کامڵبوونی بەرژەوەندییەکانی تێدا دەستنیشان دەکرێت.

رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ داخڵکردنی ھەرێمی کوردستان بە بازنە فراوانە جیھانییەکان لە بواری بەرژەوەندیی نێودەوڵەتیدا، خانەخوێی و گەڕیدەیە و رێبوارە، بەڵام خانەخوێیەکی بە قەدر و گەڕیدەیەکی ناسراو و رێبوارێکی چاپووک، ھەر بە ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی و بە دیدگە رۆشنەکانی بۆ دنیابینی ناوچەیی و جیھانی و بە ھەڵوێستە مرۆڤایەتی و ئاشتەواییەکانی، زلھێزەکان و خاوەن پاوەرەکانی جیھانی گەیاندووەتە ئاستێک کە ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشەکاندا نادیدە نەگرن، بە دیپلۆماسییەتە راقییەکەشی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانی خزاندووەتە نێو بەرژەوەندییە باڵا و گشتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.

راکێشانی سەرنجی زلھێزەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و رەخساندنی ھەلی وەبەرھێنان بۆیان و بینینی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان لە لایەن خۆیانەوە، مەودای بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دنیا و زلھێزەکانی درێژتر و فراوانتر و نزیکتر کردووەتەوە.

لە رابردوودا ھاتن و چوونی سەرۆکان و دوێنی پێشوازی لە سەرۆک ماکرۆن و سبەی دیدار لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لە داھاتووشدا بەردەوامیی دیداری خاوەن بڕیارەکانی جیھان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەوڵەتداری دەکات و لە ھاوکێشە ئاڵۆزەکاندا گرێ کەرەوەیە و لە بەرژەوەندییە باڵاکانیشدا گرێ دەرەوەیە.

ئەم ئاستە لە پەیوەندیی دیپلۆماسی، ئاستێکە کە یەکسانە بەو لیڤڵە پرۆتۆکۆڵییەی بۆ سەرۆک وڵاتان فەراھەم کراوە و بۆندێکە کە شایەن بەو سیاسەتزانانەیە کە لەسەر ئاستی باڵا رۆڵ دەبینن.

ھەرێمی کوردستان بە شێنەیی و بە لێزانی و پشت ئەستوور بەو بڕوایەی کە بڕینی سەدان میل لە ھەنگاوێکەوە دەستپێدەکات، ھەنگاوی ناوە و زۆری بڕیوە و لە رۆشتنیش بەردەوامە.

ئەم خۆگونجاندنەش ھۆکارەکەی وابەستەیە بەو پرەنسیپ و بنەمایانەی کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی کاری لەسەر کراوە و گەشەی کردووە بەرە و ناوچەکە و جیھانیش.

ھەرێمی کوردستان بە راکێشانی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتان بۆ عێراق و کوردستان، دیوەکەی دیکەی سوودی بەرژەوەندی وەرگرتووە کە ساڵانێکە لە سایەی ئەم سیاسەت و دەوڵەتدارییە راستەدا ھەرێمی کوردستانی پێ بنیاد نراوە و پێی ناسێنراوە و پێشی پارێزراوە.

بەردەوامیدان بەم مۆدێلە لە سیاسەت، بەرەوامیدانە بە گەشەی زیاتر و ئارامی زیاتر و پێکەوەژیانی زیاتر و پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

بڵند نه‌وڕه‌س

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین