ماڵى تورکى ئايكۆنى ديپلۆماسى  لەناو دڵى نيۆيۆرك شیکاری

نوچەنێت:

لە بەرانبەر بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكان لە شارى نيۆيۆركى ئەمريكا، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى ديارى نێودەوڵەتى و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێرى نەتەوە يەكگرتووەكان، رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارى توركيا (ماڵى توركى) كردەوە، لە كاتى كردنەوەى ئەو ماڵە گوتى، "خۆشحاڵم لە پاڵ ئێوە ماڵى نوێى توركى دەكەينەوە، دان بە هەماهەنگى بەردەوام لەنێوان توركيا و نەتەوە يەكگرتووەكان دەنێم".

كردنەوەى ماڵى توركى هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەكانى خولى كۆمەڵەى گشتى سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان، توركيا بەكردنەوەى ئەو ماڵە سەرنجى نێودەوڵەتى لە چەند ئاستێكى بەرزى جيهانى بۆخۆى راكێشا.

شوێنى ماڵى توركى لە نزيك بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكانە، ئەوەش لە كاتێدايە توركيا سياسەتێكى جيهانى پەيڕەو دەكات، زۆر بەڕوونى هەوڵدەدات لە نێوان وڵاتانى كاريگەر دايبنێت، ئەو چەند ساڵەى دوايى بۆ ئەنقەرە يەكلاكەرەوە بووە، بەتايبەت لە ليبيا و سووريا و ئازربيجان بەشدارى چەند شەڕێكى کردووە، هەروەها بە دەستى ململانێى فراوانى كرد لەگەڵ وڵاتانى سەر دەريايى ناوەڕاست لە پێناوى وزە، لە لايەكى تريشەوە بەردەوام لە ململانێى دابوو لەگەڵ رووسيا،  دووبارە رۆڵى خۆى لەگەڵ وڵاتانى ئاسياى ناوەڕاست كاراكردەوە.

گوڵى لالە 

ماڵى توركى لە نيۆيۆرك كە ئەو ويلايەتە زۆرترين ژمارەى خەڵكى توركى تێدايە، بەشێوەى گوڵى لالە ديزاين كراوە، كە ئەو گوڵە لە توركيا بەناوبانگە، جوانكارى سەلجوقيەكان و عوسمانييەكانى بێ دەڕازێندرايەوە، ئەمەش وەك بەڵگەيەكە لەسەر مێژووى تورك و شارستانييە جۆراوجۆرەكانى ئەو نەتەوەيە.

دروستكردنى ماڵى توركى بە كەرەستەى مۆدێرنەيە لە شوێنى کونسوڵخانەى پێشووى توركيا لە نيۆيۆرك، كە تا ساڵى (2013) بەردەوام لەكاركردن لەو شوێنە.

باڵەخانەى ماڵى توركى (35) نهۆمە،  بەرزييەكەى (171) مەترە، ئەو شوێنە تايبەت كراوە بە ميواندارى شاندە بەردەوامەكانى توركيا لە نەتەوە يەكگرتووەكان، هەروەها هۆڵى كۆبوونەوە و پێشانگا و گۆنگرە و شوێنى مانەوەى فەرمانبەرانى تێدايە، لە (2017) ئەردۆغان بناغەكەى دانا.

رووبەرى گشتى ئەو باڵەخانەيە (20) هەزار مەتر چوار گۆشەيە، تەنيشتى گۆڕەپانى باڵەخانەى نەتەوە يەكگرتووەكان و نوێنەریایەتیى هەميشەيى ئەمريكا لە نەتەوە يەكگرتووەكان.

باس لەوە دەكرێت باڵەخانە كۆنەكە لە (1977) توركيا لە يەكێك لە كۆمپانيا گەورەكانى ئەمريكاى كڕيووە، بەگوێرەى راپۆرتەكان ئەو باڵەخانەيە گەورەترين وەبەرهێنانى توركيايە لە كەرتى خانووبەرە لە دەرەوەى وڵات.

لەكاتى كردەوەى ئەو باڵەخانەيە ئەردۆغان گوتى، "باڵەخانەى ماڵى توركى لە نيۆيۆرك رەنگدانەوەى هێزى توركيايە، ئەو باڵەخانەيە رەنگدانەوەى دەبێت لەسەر پێگەى وڵاتەكەمان لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، كە بەرەو سەد ساڵەى دامەزراندنى كۆمارى توركيا دەچين."

سيمبۆلێكى نوێ

سەرۆكى توركيا لە قسەكانى روونيكردەوە، "ئەو ماڵە دەبێتە شوێنى شاندە بەردەوامەكانى توركيا لە نەتەوە يەكگرتووەكان و کونسڵخانەى گشتى توركيا لە نيۆيۆرك، هەروەها نوێنەرى قوبرسى باكووريش لە نيۆريۆك هەر لەو شوێنە دەبێت، ئاماژەى بەوەش كرد، ئەو باڵەخانەيە سيبمۆلێكى نوێيە بۆ قورسايى ديپلۆماسى توركيا، كە بەردەوام گەشە دەكات و بەرەوپێش دەچێ و بەهێز دەبێت".

لە كاتى كردنەوەى ئەو باڵەخانەيە ئەردۆغان خۆشحاڵ دەردەكەوت، چونكە پێى وايە،  باڵەخانەكە هەڵگرى وێنەيەكى عوسمانى و ديدى داهاتووى توركيايە، لە قسەكانى ئاماژەى بەوەش كرد، "گرنگى سيمبۆلى جێگەى ماڵى توركى لەوە دايە دەكەوێتە بەرانبەر نەتەوە يەكگرتووەكان، ماڵى توركى سيمبۆلێكى نوێيە بۆ بڕواى وڵاتەكەى بە ئەمريكا و فرەلايەنى دادپەروەرى و ئاشتى بەخشیووە".

لە لايەكى ترەوە سەرۆكى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "توركيا بەرگرى لە سيستەمى جيهانى دەكات، كە دەبێت دادپەروەرتر و گشتگيرتر و فرەجەمسەتر و فرە رۆشنبيريتر بێت، ئەوەش لە رێگەى دروشمى جيهان لە پێنج گەورەترە، وەك ئاماژەيەك بۆ پێنج ئەندامە هەميشەيیەكەى ئەنجومەنى ئاسايشى نێوەدەوڵەتى".

ئەردۆغان بە دروشمى جيهان لە پێنج وڵات گەورەترە، داواى چاكسازى لە نەتەوە يەكگرتوەكان دەكات، پێيوايە،"ئەو چاكسازييە پێويستيەكى حەتميە"، هەروەک لە ساڵى رابردوو گوتى، "وڵاتەكەى بەشدار دەبێت لە چاكسازى نەتەوە يەكگرتووەكان، بەتايبەت لە ئەنجومەنى ئاسايش". 

سەرۆكى توركيا هەميشە لە قسەكانى دەڵێت، "نەبوونى دادپەروەرى يەكێكە لە رەهەندە سەرەكييەكانى كێشەكانى جيهان، ئەنجومەنى ئاسايش و دەزگا جيهانييەكانى تر دادپەروەرييان لە دەست داوە، كەس ناتوانێت بڵێت، "نەتەوە يەكگرتووەكان لە سەر بنەمايەكى دادپەروەرانە دامەزراوە". 

لە بەشێكى ترى قسەكانيشى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "نابێت تەنيا پێنج وڵات لەناو نەتەوە يەكگرتووەكان قسەيان جێى بايەخ بێت، رێڕەوى هەموو جيهان بگەڕێتەوە بۆ بڕيارى ئەو پێنج وڵاتە، بەڵام ئەو پێنج وڵاتەش ديدى جياوازييان نەبێت!ئايا بڕيارەكانيان هەموو جيهان دەگرێتەوە، بۆيە پێويستە چاكسازى لە نەتەوە يەكگرتووەكان بكرێت". 

ماڵى توركى پەناگەيەك بۆ ئەوانەى بەدواى دادپەروەرى دەگەڕێن

لە كاتى قسەكانى مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزيرى دەرەوەى توركيا گوتى، "ماڵى توركى لە شارى نيۆيۆرك دەبێتە پەناگەيەك بۆ هەموو ئەوانەى بەدواى جيهانێكى دادپەروەرانەتر دەگەڕێن".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئۆغلۆ هەستى پڕشانازى خۆى دەربڕى بەرانبەر بەشداريكردنى لەو چركە ساتە گرنگەى مێژووى سياسەتى دەرەوەى توركيا، كە دەگەڕێتەوە (500) ساڵ پێش ئێستا، ئاماژەى بەوەش كرد، "ئەو باڵەخانەيە ناوەندێكى ديپلۆماسى جيهانييە سيمبۆلێكى نوێيە لە سيمبۆلەكانى ئەو خزمەتانەى حكومەتى توركيا پێشكەشى دەكات".

هەروەك گوتيشى، "ماڵى توركى لەتەنيشت باڵەخانەى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ هەموو ئەوانەيە، كە لە وڵاتان و كۆمەڵگەكانى تر روو لێرە دەكەن دەرگاكانى کراوەدەبێت، دەبێتە پەناگەيەك بۆ هەموو ئەوانەى بەهيواوە بەدواى جيهانێكى دادپەروەرانەتر دەگەڕێن.

توركيا هەوڵدەدات پێگەى جيهانى خۆى بە هەر ميكانیزم و ئامرازێک  بێ بەهێز بكات، كردنەوەى باڵەخانەى ديپلۆماسى لە نيۆيۆرك كۆتا هەوڵى نييە، توركيا بەردەوام هەوڵدەدات دەستكەوتى ئابوورى ديپلۆماسى و سەركەوتن لەسەر ئاستى سياسەتى دەرەوە و سەربازيش بەدەست بهێنێت. 

تەمام ئەبول خەير

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین