رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ناكۆكى و ململانێوە بۆ پەيوەندى ديپلۆماسى وەرگێڕان

نوچەنێت:

د. عەبدوڵا ئەربوگا*

لێكەوتەكانى كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان بەردەوامە، رووداوەكانى پەيوەست  بە سياسەتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆر بەخێرايى گۆڕانكارييان بەسەردا دێت.

رێكارە ديپلۆماسيەكان  رۆڵى بەرچاويان لە دەركەوتنى ئاسۆكانى چارەسەركردنى ئاڵۆزيیەکانى ساڵانى رابردوو هەبوو.

دەتوانين بڵێين، ئەو پرۆسەيە تايبەت نييە بە چەند وڵاتێكى دياريكراو، هەموو وڵاتە كاريگەرەكانى ئەو ناوچەيە بەشێوەيەكى بەرچاو رووبەڕێكى فراوانتريان بە ميكانزمى ديپلۆماسى سياسەتى دەرەوە داوە، بۆ گۆڕينى ململانێكانى دواى بەهارى عەرەبى. 

پێويستە ئەو پرسيارە بكەين: بۆچى ئێستا پرۆسەى هەمانگى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست قەبارەكەى گەيشتە ئەو ئەندازەيە؟

دروستبوونى بۆشايى لە سياسەتى نێودەوڵەتى

رووداوى (11)ى سێپتێمبەرى  (2001) لە سياسەتى دەرەوەى ئەمريكا خاڵێكى گرنگى گۆڕانكارييەكان بوو، كە لە سياسەتى نوێى ئەمريكا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رەنگى دايەوە.

دەستوەردانە سەربازييەكانى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بە سەركردايەتى ئەمريكا لە ئەفغانستان و پاشان لە عێراق، بووە قووڵكردنەوەى ئاڵۆزييەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەمريكا بە شێوەيەكى فراوان هێزى سەربازى خۆى بۆ دەرخستنى پێگەى خۆى وەك تاكە زلهێز لە سياسەتى نێودەوڵەتى دواى شەڕى سارد بەكارهێنا، ئەوەش ئاسايشى جيهانى خستە مەترسييەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمريكا ئاڕاستەى ستراتيژى نوێى خۆى ئاشكرا كرد، بەرانبەر زيادبوونى هەڕەشەكان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسيا، بەهێزبوونەوەى چينيش بووە مەترسيەكى تر بۆ سەر بەرژەوەندييەكانى ئەمريكا لە چەند شوێنێكى ئەو ناوچانە.

ئەو كاتەى باراك ئۆباما پۆستى سەرۆكى ئەمريكاى لە كۆشكى سپى وەرگرت، پێى وابوو پێويستە ئەمريكا خۆى لە خەرجييەكانى بەرگريكردن لە ئاسايشى جيهانى بپارێزێت، لە پێناوى پارێزگاريكردن لە پێگەى خۆى وەك زلهێزێكى جيهانى، لە قۆناغى ئۆباما تا قۆناغى دۆناڵد ترامپ ئەو ئاراستەيە كارى لەپێشینەى سياسەتى دەرەوەى ئەمريكا بوو.

ئەمريكا بووە يەكێك لە كاراكتەرە بەهێزەكانى سيستەمى نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێكردنى ئاراستەى نوێى لە جيهان، لە چوارچێوەى هەژموونى سەربازى لە پێگە باڵاكانى سەربازى، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەستى پێكرد.

لە (2010) ئەمريكا لەو ناوچەيە دەستى بە كشانەوەى هێزەكانى لە عێراق كرد، هەموو تواناكانى خۆى خستەگەڕ بۆ ئەوەى لە دوورە رووداوەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رووماڵ بكات، بەبێ ئەوەى لە قۆناغى بەهارى عەرەبى لەڕووى سەربازييەوە دەست لە هيچ وڵاتێك وەربدات.

كاتێكيش ئەمريكا كشانەوەى هێزەكانى لە ئەفغانستان راگەياند، لەپشتيەوە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى جێهێشت، هيچ گۆڕانكارييەكى بەرچاو لە هاوسەنگى هێزەكان رووى نەدابوو، بەڵام چەندين ململانێى گەورە لەو ناوچەيە، ئەگەرى تەقينەوە و دەستپێكردنى بە ململانێى نوێ هەبوو.

بۆيە يەكەم كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا وێنەى باڵادەستى هێزێكى جيهانى بە لاوازى نيشاندا، بەڵام لە واقيع ئەو وێنەيە تەواو پێچەوانەيە، چونكە ئەمريكا بە بەراورد بە وڵاتە كاريگەرەكانى ترى سەر گۆڕەپانى سياسى، تا ئێستا خاوەنێكى هێزێكى زەبەلاحە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دۆخە ئەوە ناگەينێت، وڵاتانى هاوپەيمان، ياخود دژ بە زلهێزە جيهانييەكان، هەڵسوكەوتى ئەمنى و سياسەتى دەرەوەيان لە قۆناغى داهاتوو گۆڕانكارى بەسەر دا نەيەت، بەتايبەت ئەمريكا ماوەيەكە پێداويستييە ئەمنييەكان بەو شێوە بێسنوورەى پێشوو بە هاوپەيمانەكانى نادات، هەرچەند ئەمريكا وەك زلهێزێكى جيهانى پارێزگارى لە رۆڵ و پێگەى خۆشى لە سيستەمى نێودەوڵەتى دەكات.

ديپلۆماسى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێتە بەدەستهێنانى گەورەيى 

دەتوانين بڵێين، وڵاتە كاريگەرەكانى ناوچەكان هەوڵدەدەن، لە قۆناغى نوێ زۆر بەخێرايى خۆيان بگونجێنن، بێ ئەوەى لەبير بكەن، كە ئەمريكا تا ئێستا زلهێزە و سياسەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست يەكلا دەكاتەوە.

لايەنە كاريگەرەكانى ئەو ناوچەيە دەستيان بە پێداچوونەوەى ستراتيژيەتى سياسى دەرەوەيان كردووە، رەچاوى ئەوە دەكەن، ئەمريكا لەو نزيكانە جڵەوى دەستپێشخەرييە سەربازيييەكان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناگرێتە دەست.

لە واقيع دا كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لەو ناوچەيە و، هاتنە پێشەوەى هێزە كاريگەرەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەهۆى بەهارى عەرەبى پەيوندى نێوانيان ئاڵۆزە، ئەوەش لە قۆناغى نوێ قوڕسايى زۆرى دروستكردوە، بەرگەگرتنى ئەو قوڕساييە كارێكى ئاسان نييە، بۆيە هێزە كاريگەرەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەنگاوى خێرا بەو ئاڕاستەيە دەگرنە بەر و ميكانزمى ديپلۆماسى لە سياسەتى دەرەوەيان كارا دەكەنەوە، كە لەسەر رووبەڕووبوونەوەى هەڵوێستى دوژمندارانە بنياتنرا بوو، ئەو كاراكردنەوەش لەپێناو خۆگونجاندنە لەگەڵ پێداويستيەكانى قۆناغى نوێ.

پاڵنەرى سەرەكى ئەو مامەڵەيەى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بريتيیە لە هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە ئاڵۆزى پەيوەندييەكانيان لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر، كە لە قۆناغى دواى بەهارى عەرەبى بەشێوەيەكى بەرچاو پەرەى سەند بوو، بە دياريكراوى بۆشايى ئەمنى دروستكردبوو، ئەو كارەشيان لە چوارچێوەى چاوخشاندنەوەيە بە هاوسەنگى هێزە ناوچەييەكان، چونكە ئەو بۆشايانە بەتەنيا كاريگەرى لەسەر وڵاتێك نابێت، ئەگەرى هەيە ببێتە هەڕەشەيەك بۆ ئاسايشى نەتەوەيى وڵاتەكانى ناوچەكە بەگشتى.

لەو سۆنگەيەوە دەتوانين بڵێين، "وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سوورن لەسەر دەستبەرداربوون لە ئاڵۆزييەكانى پێشوويان، هەوڵدەدەن دەست بە هێوربوونەوەى پەيوەندييەكانى نێوانيان بكەن، ئەو هەوڵانەش لەسەر هەماهەنگى سياسەتى دەرەوە بنياتنراوە، كە دەبێتە بەهێزكردنى ديپلۆماسى و كەمكردنەوەى ئاڵۆزيى نێوانيان.

پێويستە لێرە قسە لەسەر وڵاتە كاريگەرەكانى ئەو ناوچەيە بكەين، كە ناچارن سياسەتى نەرميان بەدەربخەن، بەهۆى باردۆخى سيستەمى نێودەوڵەتى، چونكە بژاردەى ئەو وڵاتانە پارێزگاريكردنە لە ئاسايشى نەتەوەيى خۆيان بەرانبەر مەترسييە جۆراوجۆرەكان.

بەو دواييە لە مامەڵەى سياسەتى گشتى دەركەوت، هەوڵدەدەن ناكۆكى نێوان وڵاتانى رۆژهەلاتى ناوەڕاست كەم بكەنەوە، بەتايبەت ناكۆيەكانى سعوودييە و ئێران، ميسڕ و توركيا، حەماس و سعوودييە، توركيا و ئيمارات و قەتەڕ، سعوودييە و ئيمارات.

پەيوەندى نێوان توركيا و ئيمارات

پەيوەندى توركيا و ئيمارات يەكێكە لەو نموونانەى دەكرێت لە چوارچێوەى ئەو ئاسايكردنەوەى ئەو پەيوەندييانە، چاودێرى دەركەوتنى ئاساييبوونەوەى نيوانيان بكەين، ئەو ساييبوونەوەش نموونەيەكى گشتييە بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لە قۆناغى بەهارى عەرەبى ئەو دوو وڵاتە دژ بەيەك بوون، تەنانەت لە زۆر ناوچە گەيشتە ئاستى رووبەڕوونەوەى يەكترى. 

ئەنقەڕە و ئەبوو زەبى هەڵوێستيان بەرانبەر دۆسيە ناوچەييەكان جياواز بوو، بەتايبەت دۆسيەى ليبيا و سووريا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پرسى فەڵەستين و قەتەر. 

لە (2016) دەستيان بە ئاسيكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوانيان كرد، بەڵام هەر لەو قۆناغە بەهۆى ئاڵۆزى ئەو ناوچەيە، سەرلەنوێ پەيوەندييەكان تێكچوو. 

لەو چوارچێوەيە پێويستە ئاماژە بە هەوڵەكانى ئيمارات بكەين بۆ رێگريكردنى لە هەژموونى توركيا لەو ناوچەيە، ئەوەش يەكێك بوو لە فاكتەرە سەرەكييەكان پەيوەندى نێوانيانى زۆر بەخێرايى ئاڵۆزكرد، سەرەڕاى ئەوەش هەردوو وڵات بۆچوونيان بەرانبەر سيستەمى ناوچەيى جياواز بوو.

زۆرجار هەوڵدەدرا  ئەو ئاڵۆزييە وا نيشان بدرێت، پەيوەستە بە جياوازى ئايدۆڵۆژى، بەڵام لە واقيع دا ئەوە رەنگدانەوەى ململانێى هێزە ناوچەييەكان و بەريەككەوتنى بەرژەوەندييەكانيان بوو.

لە هەمانكاتيش سەرەڕاى ئەو ناكۆكيانە پێويستە ئاماژە بەوە بكەين، كە لە ساڵانى رابردوو ناكۆك بوون، بەڵام ئەو ناكۆكيانە نەبوونە رێگر، بۆ ئەوەى پەيوەندى ئابووريان گۆڕانكارى گەورەى بەسەردابێت، بە پێچەوانەوە پەيوەندى بەهێزى ئابوورى نێوانيان وەك قۆناغى پێشوو بەردەوام بوو.

بە سروشتى حاڵ ئەمريكا تا ئێستا كاراكتەرێكى بەهێزە بۆ يەكلاكردنەوەى دۆسيەكانى ئەو ناوچەيە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناوچەيە لە لايەك لە ئيمارات رووبەڕووى مەترسييە ئەمنييەكان دەبێتەوە، كە لە چينەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوروپا و ئەفغانستان.

دەبێ ئاماژە بەو پەيوەندييە بەهێزەى نێوان ئيمارات و چينيش بدەين، بەڵام لە هەمان كاتدا پێويستيشە ئاماژە بە پەيوەندى نێوان پەكين و ئيرانيش بكەين، كە تا ئێستا كێشە لە پەيوەندى نێوانيان هەيە.

سەرەڕاى ئەوانەى پێشتر باسمان كرد، دواى گەڕانەوەى تاڵيبان بۆ سەر دەسەڵات، ئيمارات و سعوودييە هەژموونى خۆيان لەو وڵاتە لەدەست دا، لەبەرانبەردا ئێران و قەتەڕ بەشێوەيەكى بەرچاو هەژموونيان زيادى كرد، ئەوەش بۆتە مايەى نيگەرانى ئيمارات بۆ قۆناغى داهاتووى ئەفغانستان.

دەكرێت بڵێين، "ئيمارات هەوڵدەدات پەيوەنديەكانى لەگەڵ تاڵيبان لەسەر بنەمايەكى پراگماتيتر دابمەزرێنێتەوە، لەو چوارچێوەيە هەوڵدەدات خۆى لەو هەوڵێستە توندەى سعوودييە دژ بە تاڵيبان دووربخاتەوە".

بۆيە لۆژيكييە لەو كاتەدا ئيمارات لە توركيا نزيك بێتەوە، ئەنقەڕەش هەوڵدەدات زياتر سوودى ئابوورى لە هەماهەنگى پەيوەندى لەگەڵ ئەبوو زەبى وەربگرێت.

لەگەڵ كشانەوەى هێزى سەربازى ئەمريكا لە رۆژهەڵاتى ناوەراست لايەنە كاريگەرەكانى گۆڕەپانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەوڵەكانيان خستۆتەگەڕ بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيانى نێوانيان، لە رێگەى سياسەتى دەرەوە پەيوەندييەكانيان ئاسايى دەكەنەوە، كە لە قۆناغى داهاتوو لەسەر هەماهەنگى بنيات دەندرێت، بۆ كەمكردنەوەى هەڕەشە و مەترسيانەى رووبەڕووى ئاسايشى نەتەوەيى ئەو ناوچەيە دەبێتەوە.

*لێكۆڵەر لەبوارى سياسەتى دەرەوە و بەرگرى لە وڵاتانى كەنداو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین