سیاسەت و خاک، هاوکێشەی هەمان تێکستی کۆمەڵگەکانە بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

هەر لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ، لە سەرەتاوە سیاسەت بە رێوشوێنی جیاواز پەیڕەو دەکرێت ، بۆیە ئەرستۆ دەڵێت: "مرۆڤ گیانەوەرێکی سیاسی ــ کۆمەڵایەتییە"، بەڵام لەم ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هێشتا مامەڵەی دروست لەگەڵ سیاسەت ناکرێت و تێگەیشتن بۆ چەمکی سیاسەت وەک هەر چەمکێکی تری هاوردە ئاوەژوویە. سیاسەت لە جیهانی مۆدێرن وەک هزر و فەلسەفە بەکاردێت، بە تایبەتیش لەگەڵ دروستبوونی شار پەرەی پێدراوە یان راستتر بڵێین، عەقڵیەتی شار تێگەیشتن و رێوشوێنی مامەڵەکردن و سیاسەتکردنی گۆڕی، بە جۆرێک کە لەگەڵ دنیای نوێ و گۆڕانکارییەکاندا هەڵبکات. ئیتر سیاسەت بە عەقڵیەت و تێگەیشتنی خێڵ مەودا کورتە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکی تەسک و دیوەخانی بڕناکات. بۆیە ئەو عەقڵەی، کە سیاسەت دەکات، دەبێ بەر لە هەر شتێک عەقڵیەتێکی مۆدێرن بێت و درک بە گۆڕانکارییەکان بکات و ستراتیژیەتی بۆ بەڕێوەبردن و پێشهاتەکان هەبێت. ئەمە وێڕای ئەوەی، کە دەبێت لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیادا، پێویستمان بە جۆرێکی نوێ لە سیاسەتکردن و ناسینی جۆرەکانی سیاسەتە.

ئایا سیاسەت لە دنیای ئێمەدا، تەنیا دەربڕینە لە جۆری مامەڵەکردنی سیاسەییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە و ناوەوە؟ یانیش کاتێک عەقڵیەت و زمانی دپلۆماسی دروست دەبێت، کە جۆری مامەڵەکردنی سیاسیەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە و ناوەوە؟ کاتێک ئێمە ئاوڕمان لە یەکەم (جوگرافیای سیاسی یان جیۆپۆلەتیک)، دووهەم (جوگرافیای جوگرافیا) و سێهەم (جوگرافیای کەشوهەوا) دایەوە؟ ئایا کارتێکردنی ئەم بوارانە لە سەر جۆری بیرکردنەوە و مامەڵەکردن و زیهنیەتی سیاسی چییە؟ ئایا ئەمانە دەتوانن رێخۆشکار یان رێگر بن بۆ پێشکەوتنی تاک یان کۆمەڵگە؟ لێرەوە من پێشکەوتن و دواکەوتنی سیاسەت، بەم سێ خاڵەی کۆمەڵگا/ خاکەوە دەبەستمەوە. لەبەرئەوە، ئەگەر پێداچوونەوەیەک بە مێژووی خۆماندا بکەین و بەراوردێک لەگەڵ ئەم ناونیشانە بکەین، کە تا چەند توانیومانە لە روانگەی ئەم سێگۆشەیە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی کاراکتەری مێژوویی خەباتی سیاسی، نەتەوەیی، هزری و رۆشنبیری بکەین.

دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار پارچە، چارەنوسی کوردی خستە بەر مەرجی جیۆپۆلەتیک. ئەم ژینگەیە، کە کورد تێیدا پەروەردە بووە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، دەکەوێتە ژێر باندۆڕی نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکارەکان.

بە ئاوڕدانەوە لە هەوراز و نشێوی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی خۆمان، ئەگەر دوێنێ روبار و شاخە بەرزەکان جۆرێک لە دابڕانی لە نێوان مرۆڤەکان دروستکردبێت، کە بووە هۆی ئەوەی لە جیاتی میرنشینێکی گەورەی کوردی دروست بێت، کۆمەڵێک میرنشینی بچووک دروستبوون، کە دووبەرەکی بەردەوام جێگای بەرژەوەندی هاوبەشی گرتەوە. بۆیە لە کاتی بینینی هەر ناکۆکییەک، بەبێ گەڕانەوە بۆ رەهەندە جیۆپۆلەتیکییەکەی، دەڵێین: "هەمیشە کورد خۆخۆر بووە!"

دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار پارچە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم، چارەنوسی کوردی خستە بەر مەرجی جیۆپۆلەتیک. ئەم ژینگەیە، کە کورد تێیدا پەروەردە بووە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، دەکەوێتە ژێر باندۆڕی نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکارەکان. کەواتە فۆرمی حوکمڕانی ئەم چوار دەوڵەتە، ئەگەر نەتەوەیی و سیکۆلاری بێت، یانیش کۆمۆنیستی و چەپ، یانیش ئیسلامی سیاسی بێت، ئەمانە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کارتێکردن لە سەر فۆرم و سیاسەتی مرۆڤی کوردی کردووە/ دەکەن. هەروەها کورد شارێکی سەنتراڵی وەکو بەغدا، دیمەشق و ئستەمبوڵی نەبووە، لەبەرئەوە سەنتراڵیەتی هزری مرۆڤی کوردیش دروست نەبووە. ئەم پارچەبوونی خاک و لەوێوە بۆ پارچەبوونی مێشک یان کارتێکردن لە سەر تێگەیشتن و بۆچوونی ئێمە، چ وەک پەسن یان رەخنە لە سەر مێژوویی گەلی کورد، پارتە سیاسییەکان و حوکمڕانی ئەمڕۆی گەلی کورد دەکات.

کەواتە عەقڵیەتی دەوڵەتانی داگیرکار، کە لە سەر خێزان بێت یان سەپاندنی مەزهەب یان نەتەوەیەک لە سەر ئەوانیتر. بەم عەقڵە رەش و سپییە، کارتێکردن لە سەر مرۆڤی کورد بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندندەوەی رۆژەڤی کوردیش دەکات، چونکە ئەوانەی کە ئەمڕۆ رەخنە لە پارت و دەسەڵاتی سیاسی دەگرن، بە هەمان عەقڵی رەش و سپی، کاردەکەن. کەواتە ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن یان رەخنە و چاکسازی ئەوانەی، کە دەسەڵاتدارن لەم خاڵەدا هاوبەشن.

“بەبێ ئەم سێ مەرجانەی، کە لە سەرەوە باسمانکرد، کورد ناتوانن زۆر باشتر بن لە و دەوڵەتانەی، کە ئێمەیان داگیرکردوون"

لە قۆناغەکانی دنیای مۆدێرن، ئەم جۆرە تێگەیشتنانە هەبووە، لەبەرئەوە چەمکی رەخنەی رەخنە پەیدابوو، ئەگەر ئێمە بەو تێڕوانینەی، کە باسمان کرد هەڵسەنگاندنێک لە سەر ئەم جۆرە رەخنە بکەین، دەبینین رەخنەکە زیاتر گشتگیر بووە. هەرچەندە چەمکی شیکردنەوە وادەگەیەنێت، چۆن دەتوانین شتێک بە پارچە پارچە بخوێنی و ئینجا تێبگەین، کە ئەمەش دەکەوێتە ژێر چوارچێوەی چەمکی "شیکردنەوە". کەواتە لەگەڵ ئەوەشدا، رەخنە و هەڵسەنگاندنی ئێمە گشتگیر بووە، ئەمەش وایکردووە، کە کارتێکردنی ئۆپۆزسیۆن و رەخنە لە سەر مێژوویی سیاسی و پارتەکان و حکومەت، باندۆری زۆری لە سەر وشیارکردنەوەی خەڵک نەبێت، چونکە بەبێ ئەم سێ مەرجانەی، کە لە سەرەوە باسمانکرد، کورد ناتوانن زۆر باشتر بن لە و دەوڵەتانەی، کە ئێمەیان داگیرکردوون. راستە دەبێ ئەوەش بڵێـین، کە لەو روانگەیە بەرگری لە کەس و لایەن ناکەم، بەڵکو بەرگری لە کۆنسێپتێک دەکەم، کە چۆن ئێمە بتوانین دوای ئەو هەموو گۆڕانکاریانەی، کە کراوە و دەکرێت، بە تایبەتیش دوای پەتای کۆرۆنا. پێداچوونەوەیەک، بە کار و خەباتمان لە سەر ئاستی سیاسی، هزری، رۆشنبیری و پەروەردە بکەین.

راستە ئەوەی ئێمە و دەسەڵات بە گرنگی دەزانین، بەستراوی توانا و هێز، یەک تێکستی کۆمەڵگان، کە پێی دەڵێین خاک. لەبەرئەوە، دەبێت بە راوردی سەد ساڵەی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد یان سی ساڵی حوکمڕانی لە باشور بکەین، هەندێک پرسیار لە خۆمان بکەی. ئایا ئەو خەونانەی، کە ئێمە هەمانبوو لە سەر دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، گەلۆ ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە باش نین یانیش خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئێمە هەڵەن؟ ئەگەر بەو تێڕوانینە بێت، بەر لەوەی ئێمە رەخنە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بگرین، بە عەقڵی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن، پێداچوونەوە بەو چەمک و میتۆدانە بکەین، کە مامەڵەمان لەگەڵ کردووە.

"نمونەیەک هەیە، کە ئەگەر دکتۆر نەیتوانی نەخۆشییەکانی کەسێک دەستنیشان بکات، ئەی چۆن چارەسەری دەکات؟ ئیتر بەم تێگەیشتنە، هەمیشە نوسین، رەخنە و هەڵسەنگاندن، کە ئەمانە جۆرێکن لە خەبات و بەراوردکردنەوە، بەڵام ئێمە کە رەخنە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەگرین، بە بەراورد بە چ ستاندارد و قۆناغێکی مێژوو؟"

هەروەها ئەگەر بمانەوێت دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن هەڵبسەنگێنین، دەبێت ئاوڕێک لە مێژوو و جوگرافیای سیاسی خۆمان بدەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەراوردێک لەگەڵ هەمان مێژوو و جوگرافیای سیاسی وڵاتانی ناوچەکە بکەین. بۆ ئەوەی بزانین، کە ئەمانە چۆن دەتوانن لە کۆڵێك کۆسپ و ئاریشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەربازبن. ئەوانەی، کە خۆیان بە روناکبیر و سیاسەتمەدار دەزانن، دەبێت بچنە لابۆری رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن و بگەنە ئاستێک، کە رەخنە لە هەڵە و بۆچوونەکان بگرن، بە عەقڵێكی کراوە و مەدەنیانە، دان بە هەڵەکاندا بنێن. لەوێوە، جۆرێک لە متمانە لە نێوان ئەوان و خەڵك دروست دەبێت.

دیارە رووی قسەم زیاتر بۆ ئەوانەیە، کە رەخنە لە کۆمەڵگە، سیاسەت و مێژوو دەگرن، چونکە هەمیشە هەوڵ دەدەن هەڵەکان بەبێ شیکردنەوە دەستنیشان بکەن. لەوێوە، نمونەیەک هەیە، کە ئەگەر دکتۆر نەیتوانی نەخۆشییەکانی کەسێک دەستنیشان بکات، ئەی چۆن چارەسەری دەکات؟ ئیتر بەم تێگەیشتنە، هەمیشە نوسین، رەخنە و هەڵسەنگاندن، کە ئەمانە جۆرێکن لە خەبات و بەراوردکردنەوە، بەڵام ئێمە کە رەخنە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەگرین، بە بەراورد بە چ ستاندارد و قۆناغێکی مێژوو؟

"دەبینین لە هەر قۆناغێكدا، کە جۆرێک لێك تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا هەبووە، هەمیشە فشار لە لایەن دەوڵەتی دەوروبەر لە سەر بەغدا دروستکراوە، کە بۆ ئەوەی نەگەنە ئەنجام"

ئەگەر ئاوڕێک لە دانوستانی پارتە کوردییەکان لەگەڵ حوکمڕانی عیراق بدەینەوە، دەبینین لە هەر قۆناغێكدا، کە جۆرێک لێك تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا هەبووە، هەمیشە فشار لە لایەن دەوڵەتی دەوروبەر لە سەر بەغدا دروستکراوە، کە بۆ ئەوەی نەگەنە ئەنجام، کە ریفراندۆمیش لە 2017.09.25 کرا، هەرچوار دەوڵەت وێڕای هەموو جیاوازییەکانیان، بەڵام خاڵی هاوبەشیان لە دژایەتی کورد کۆی کردنەوە.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکاردایە، کە تەنیا پرد و هەناسەیەک لەگەڵ دنیای دەرەوە هەبێت، بە رێگای رەوەندی/ لۆبیەی کوردییە. لەوێوە پارتەکان و حکومەتی هەرێم، رێکخراو و کۆمەڵەکان، دەبێت بەشێوەیەکی ئەکتیڤ و چالاکتر، ئەم پردە بەهێز بکەن، چونکە دنیا بووەتە گوندێک، جیهانی ئەلیکلترۆنی بۆ ئەم مەبەستە بۆ بەهێزکردنی پردەکان خۆش بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین