هه‌ڵبژاردن لە شنگال له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كداره‌كان و ململانێى هه‌رێمایه‌تى به‌ڕێوه‌ده‌چێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ بارودۆخى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ شنگال ده‌كات و ده‌ڵێ، "هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و ململانێى هه‌رێمایه‌تى به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ حه‌وتى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر شنگال كردووه‌، باس له‌و مه‌ترسییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌. 

سكاى نیوز ده‌ڵێ، "له‌ كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێك ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى عێراق، هێشتا بارودۆخى سیاسى و ئه‌منى له‌ بازنه‌ى شنگال زۆر گرژه‌، هه‌موو لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان تۆمه‌تى ئه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ پاڵ یه‌كتر كه‌ رێگرى له‌ كاندیده‌كانیان ده‌كرێت له‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ هێزى چه‌كیش مه‌رجى تایبه‌ت به‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ سه‌پێندراوه‌".

 یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ باسى كردووه‌، بوونى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى میلیشیاكان و په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌، جیا له‌مه‌یش كێشه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ نیوه‌ى ده‌نگده‌رانى شنگال له‌ كه‌مپه‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن، كۆمیسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش باسى له‌ كێشه‌یه‌كى تر كردووه‌ و ئاشكراى ده‌كات تا ئێستا 50 هه‌زار كه‌رت كارتى بایۆمه‌ترى ده‌نگدانیان نه‌بردووه‌ته‌وه‌.

سكاى نیوز له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ باس له‌ ململانێى وڵاتانى هه‌رێمه‌كه‌ له‌سه‌ر شنگال ده‌كات و ده‌ڵێ، "شنگال له‌ڕووى جوگرافى و سه‌ربازییه‌وه‌ گرنگییه‌كى زۆرى هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ كلیكى گه‌یشتنى لۆجیستى و ئه‌منى و بازرگانى داده‌نرێت له‌نێوان هه‌ر سێ وڵات، سووریا و توركیا و عێراق، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمه‌كه‌ بووه‌ته‌ شوێنى ململانێى سیاسى و سه‌ربازى به‌ تایبه‌تى له‌نێوان توركیا و ئێران، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان پاڵپشتى له‌ لایه‌نێكى سیاسى و گرووپێكى چه‌كدارى دیاریكراوى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

هه‌ر ئه‌م ململانێیه‌ هه‌رێمى و چه‌كدارییه‌یش وایكردووه‌، جینین پلاسخارت نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نیگه‌رانى خۆى له‌به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ شنگال ده‌رببڕێ. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌. چاودێران پێیانوایه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ شنگال گرنگییه‌كى خۆى هه‌یه‌ له‌وه‌ى شوناسى ئه‌و لایه‌نه‌ ره‌وایه‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوزارشت له‌ دانیشتووانى شنگال ده‌كه‌ن، ئاخۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى ده‌بێت له‌لایه‌ك، یان ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ ده‌بن كه‌ پێیانوایه‌ ئه‌وان داكۆكى له‌ خه‌ڵكى شنگال ده‌كه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین