بۆچى توركيا دەيەوێت فڕۆكەى ئێف (16) لە ئەمريكا بكڕێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

ئاژانسى رۆيتەرز بڵاويكردەوە، توركيا بە فەرمى داواى لە ئەمريكا كردووە، (40) فڕۆكەى ئێف (16)ى پێ فرۆشێت، ئەوەش هەنگاوێكى لە ناكاوە، چونكە ديار نييە ئەو داوايەى توركيا داوايەكى راستەقينەيە، ياخود تەنيا تاقيكردنەوەيە، ئەگەر ئەمريكا ئەو فڕۆكانەى پێ نەفرۆشێت، دوور نییە پەنا بباتە بەر فڕۆكەى رووسى بۆ پڕكردنەوەى فڕۆكەى ئێف (35)ى ئەمريكى.

توركيا ئەو داوايەى خستۆتە بەردەم ئەمريكا بۆ ئەوەى كۆمپانياى لۆكهيد ماترن (40) فڕۆكەى ئێف (16) پێ فرۆشێت، ئەوە جگە لە پارچەى يەدەگى ئەو فڕۆكانە بۆ پێشخستنيان، بەهاى ئەو گرێبەستەى توركيا چەندين مليار دۆلارە، كە تا ئێستا چاوەڕوانى رەزامەندى كۆنگرێس و وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتەيە.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا رايگەياند، "سياسەتى وەزارەتى دەرەوە بريتى لە نەبوونى دڵنيايى، ياخود لێدوان لەسەر ئەو پێشنيازە، بەر لە پێشنيازى كۆنگرێس بەفەرمى هيچ قسەيەكيان نييە".

ئەو هەواڵە بووە مايەى سەرسوڕمانى زۆربەى ناوەندەكان، چونكە چاوەڕوانيان دەكرد، توركيا بەدواى جێگرەوەى فڕۆكەى ئێف (35)ى ئەمريكى بگەڕێت، كە ئەگەرى هەبوو توركيا لە رێگەى بەردەوامى گفتوگۆكانى لەگەڵ ئەمريكا هەوڵبدات ئەو فڕۆكەيە بەدەست بهێنێت، ياخود پەنابباتە بەر كڕينى فڕۆكەى سوخۆى جۆرى پێنجەمى رووسى، ئەو داوايەى توركيا بۆ ئەو جۆرە فڕۆكە جێگرەوەيەكى ستراتيژى نييە بۆ فڕۆكەى ئێف (35)ى ئەمريكى.

توركيا لە ئێستادا نزيكەى (80) فڕۆكەى جۆرى ئێف (16)ى هەيە، ساڵانى رابردوو بەبەردەوامى كارى لە سەر پڕۆگرامى پێشخستنى ئەو فڕۆكانە كردووە، بۆ ئەوەى تواناكانى بەرزبكاتەوە و تەمەنى زياتر بێت، تا فڕۆكەى ئێف (35)ى ئەمريكى بەدەست دەهێنێت، ياخود فڕۆكەى پێشكەوتووى خۆى بەرهەم دەهێنێت،  توركبا بەردەوام كارى لەسەر بەرەپەپێدانى چەكى ئاسمانى كردووە، چونكە تا ئێستا پێويستييەكانى  خۆى دابين ناكات، كە توركيا دەيەوێت پارێزگارى لە ئاستى پێشكەوتنى چەكى ئاسمانى بكات.

فڕۆكەى ئێف  (16) پێداويستييەكانى دەستەبەر ناكات، بەتايبەت لەو دواييە يۆنان گرێبەستى كڕينى فڕۆكەى راڤاڵى لەگەڵ فەڕەنسا ئەنجامداوە، هەوڵيش دەدات فڕۆكەى ئێف (35)ى ئەمريكيش بكڕێت، ئيماراتيش لە هەوڵدايە بۆ كڕينى فڕۆكەى ئێف (35)، ئيسرائيل ئەو جۆرە فڕۆكەى لە ئەمريكا كڕيووە، لەو ساڵانەى دوايش ميسڕ لەگەڵ فەڕەنسا و ئەمريكا و رووسيا گرێبەستى كڕينى فڕۆكەى واژۆكردووە.

ئەو دەرهاوێشتە سەربازى و ستراتيژيانە تا ئەندازەيەكى زۆر گومانى لە جديەتى توركيا دروستكردووە، بۆ بەدەستهێنانى ئەو جۆرە فڕۆكەیە، بەتايبەت پێويستى بە چەندين مليار دۆلارە، توركياش بەبارودۆخێكى سەختى ئابوورى تێدەپەڕێت، ئەويش دەيەوێت بۆ جێگرتنەوەى فڕۆكەى ئێف (35)، فڕۆكەى ئێف (16) ئەمريكى بكڕێت، كە پێويستى بە بوودجەيەكى زۆرە بۆ پارێزگاريكردن لە چەكى ئاسمانى تورکیا لەم قۆناغەدا.

ئەگەرێكى تر هەيە، لەوانەيە توركيا ئەو داواكارييەى بۆ بەدەستهێنانى چەند ئامانجێك بێت بۆ بەرەو پێشبردنى رووداوەكان، لە حاڵەتێكدا ئەگەر توركيا بيرۆكەى كڕينى فڕۆكەى رووسى پشتگوێ خست، لە ترسى تێكچوونى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمريكا، بيرۆكەى كڕينى فڕۆكەى ئێف (16)ى ئەمريكى دەبێتە بەهێزكردنى هێزە ئاسمانييەكانى، تا ئەوكاتە دەتوانێت پەرە بە فڕۆكەى جەنگى نيشتیمانى جۆرى پێنج بدات، رەچاوكردنى رەزامەندى ئەمريكا بۆ ئەو گرێبەستە دەبێتە پردێك، کە ئەگەرى هەيە زۆربەى ناكۆكييەكان تێپەڕێنێت، دەرگاى گەڕانەوە بۆ  پڕۆگرامى فڕۆكەى ئێف (35) بكاتەوە، سەر لە نوێ بتوانێت ئەو فڕۆكانە بەدەست بهێنێتەوە، ياخود بەهۆيەوە ئەمريكا ئەو مليار و نيوەى پێبداتەوە، كە لەو پڕۆگرامە خەرجى كردووە.  

لە حاڵەتێك دا ئەگەر كۆنگرێسى ئەمريكا قەدەغەكردنى پێدانى ئەو فڕۆكانەى لەسەر توركيا لادا، ئەوكات توركيا بەڵگەى لەسەر ئيدارەى ئەمريكا دەبێت و پاڵپشتى هەڵوێست و پاساوەكانى دەكات، بۆ بڕياردان لەسەر بەدەسهێنانى سيستەمى رووسى، هەروەک لە ماوەى رابردوو ئەردۆغان رايگەياند، "وڵاتەكەى لە كڕينى سيستەمى بەرگرى ئێس (400) رووسى پاشەكشە ناكات، ئيدارەى ئەمريكا مافى ئەوەى نييە رەخنە لەو گرێبەستە بگرێت، چونكە پێشتر رەتيكردەوە سيستەمى بەرگرى پاتريۆت بە توركيا بفرۆشێت، پێويستە لەسەر ئەمريكا فڕۆكە شەڕكەرەكان بە توركيا بفرۆشێت، ئەگەر نا توركيا بەدواى جێگرەوەى ئەو فڕۆكانە دەگەڕێت، توركيا پێچەوانەى پابەندى ئەمريكا مامەڵەى كردووە، واشنتن باش دەزانێت توركياى ئێستا توركياى پێشوو نييە، ئێمە لە بوارى پێشەسازى بەرگرى و كەرتەكانى تر زۆر بەرەوپێشچووين، ئەگەر ئەمريكا رێگرى بكات لە پێدانى فڕۆكەى ئێف (35) توركيا بەدواى جێگرەوەى تر دەگرێت". 

توركيا پەرەى بە فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى پێشكەوتووى جۆرى بەيرەكدار داوە، کە تواناى بەرزى لە شەڕەكانى ئيدليب و ليبيا و قەرەباغ دەرخست، بەو دوايش جۆرى ئاكنجى زۆر پێشكەوتووتر خستە پاڵ چەكى ئاسمانى، ئەوەش لە بوارى پيشەسازى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان سەركەوتنێكى گەورە بوو، شارەزايانى پيشەسازى سەربازى دەڵێن، "بەتێپەڕينى كات فڕۆكەى بێفڕۆكەوان دەبێتە جێگرەوەى فڕۆكەى كلاسيك."

لە ئێستادا پيشەسازى بەرگرى توركيا كار لەسەر پرۆگرامى جۆرى پێنجەمى فڕۆكەى شەڕكەر و فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى پێشكەوتووتر دەكات، بەڵام ئەو دوو پڕۆژەيە هێشتا كاريان تێدا دەكرێت، بۆيە توركيا تا ئێستا پێويستى بە فڕۆكەى پێشكەوتووە بۆ پارێزگارى لە ئاستى بەرزى بەرگرى ئاسمانى لەو ناوچەيە.

بەگوێرەى پاڵپەڕى گڵۆباڵ ڤاير پاوەرى تايبەت بە كاروبارى سەربازى، بۆ ساڵى (2021) توركيا لە پلەى يەكەمى ((10 هێزە گەورەكة بوارى ئاسمانيى د]ت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پاش توركيا  مسڕ لە پلەى دووەمە، سعوودييە لە پلەى سێيەمە، ئيسرائيل لە پلەى چوارەم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین