سادق زەندی: ئێران دەیەوێ بەو بیانووە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت-تایبەت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە ئاست هەوڵی تیرۆریستی هەندێک گروپ کە لە هەرێمی کوردستانن، هەڵسوکەوتی ژیرانەمان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. پەیامی ئێمە بۆ هەرێم و بەغدا ئەوەیە کە ناتوانن بەم شێوازە بەردەوام بێت". بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت: ئێڕان بۆ هێڕشکردنە سەر هەرێمی کوردستان حزبە کوردییەکان بەکاردەهێنێت.

پێشتریش عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کرد، حکومەتی عێراق حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەربکات بە پێچەوانەوە تاران هێرش دەکاتە سەریان.
 

رۆژی یەکشەممە، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێران توانای سەبر گرتنی سەبارەت بە چالاکییەکانی حزبەرۆژهەڵاتییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە نەماوە، ئەگەر ئەوان رایاننەگرن خۆمان رایدەگری.

سادق زەندی، دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت گوتی" ئێمە ‌هەڕەشەکانی ئێران بە جددی وەردەگرین بەڵام تازەش نین بۆمان بە درێژایی حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران، چەند و چۆن پێیکرابێ زیانی لە کورد داوەو درێخی نەکردووە. هەر لە سێدارەدانی گەنجانی کوردەوە تا گرتنی ناوچەکوردییەکان بە هێزی سەربازی و راوەدونانی چالاکانی مەدەنی".

سەبارەت بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپاراستن، سادق زەندی دەڵێت" حەتمەن هەندێ رێکارمان بۆ خۆپاراستن گرتووەتە بەر، بەڵام ئێمە شوێنی جیامان نییە تا ماڵ و منداڵەکانمانی لێدانێین، ئێمە و هەموو حزبەکانی رۆژهەڵات ئەو کەمپانەی هەمانە، شوێنی پێشمەرگەو هەم شوێنی ژیانی ماڵ و منداڵیانە، هەروەها شوێنی چالاکانی سیاسی و کەسانی مەدەنیشە، رەنگە هەندێ رێکاری تریش هەبن کە نەمانەوێت لە راگەیاندن باسی بکەین".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا ئەوان لە سنوری هەرێمی کوردستانەوە چالاکی ئەنجام دەدەن، ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان رایوایە" ئەو هەڕەشانەی کە لە زمانی بەرپرسەباڵاکانی ئێرانەوە دەیبیست تەنیا بەهانەیە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە لە سنوری هەرێمی کوردستانەوە هیچ چالاکیمان ئەنجام نەداوە. حکومەتی هەرێمیش مۆڵەتی ئەوەمان پێنادات، دەسەڵاتی ئێران هەبوونی قەوارەیەکی کوردی وەک هەرێمی باشوری پێ هەزم ناکرێت، بۆیە هەڕەشە دەکات بەڵام ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین