ئێران ئامادەکاری بۆ شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا دەکات ئێران

نوچەنێت

وەزیری تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ شەممە ئامادەباشی تەواوی نەخۆشخانەکانی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ”شەپۆلی شەشەم“-ی کۆرۆنای لەم وڵاتە راگەیاند.

بەپێی هەواڵنێری ئیسنا بەهرام عینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستی ئێران دەڵێت “بۆ شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا، هەم ئامادەکاری پێویست و هەم تەواوی نەخۆشخانەکان لە ئامادەباشیدان".   

حەفتەی رابردوو کۆمەڵێک لە بەرپرس و شارەزایان لە ئێران، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەم وڵاتە و سەرەڕای وەرگرتنی ڤاکسین راگەیاند. ئەوەش بۆ رێپێوانی ئەربەعین و رێوڕەسمەکانی کۆتایی مانگی سەفەر و ئەنجامدانی گەشتکردن لە پشووی حەفتەی رابردوو دەگەڕێننەوە.      

لەم بارەیەوە محەمەد مەهدی گویا، سەرۆکی ناوەندی بەڕێوەبەریەتی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت ”لەو رووەوە کە بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین و هەروەها ژیانی قەرەباڵغی وەک قوتابخانەکان و قوتابیانی زانکۆ و…هتد، بارودۆخی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکە دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

عەینوڵڵاهی دەشڵێت، هیوادارم بە وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە زۆرە کە هاوڵاتیان وەریانگرتووە و ئەو خۆپارێزییەی خەڵک دەیکات، شەپۆلی دواتر لەچاو ئەوانەی پێشووتر سووکتر بێت.

هەڵوێست وەرگرتنی ئەم بەرپرسانەی تەندروستی ئێران دەرخەری ئەوەیە، کە روودانی ”شەپۆلی شەشەم“ لەم وڵاتە حەتمییە.    

وەزارەتی تەندروستی ئێران رۆژی هەینی رابردوو (15-10-2021) رایگەیاند، کە تا ئێستا 47 ملیۆن و 713 هەزار و 258 کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا و 22 ملیۆن و 816 هەزار و 536 کەسیش ژەمە ڤاکسینی دووەمی وەرگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی دانیشتوانی ئێران زیاترە لە 83 ملیۆن کەس و لانیکەم 60 ملیۆن کەس لەم رێژەیە پێویستیان بە دوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا هەیە تاکو پارێزراوییەکی رێژەیی دروست ببێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 33% لە دانیشتوان، هەر دوو ژەمە واکسینەکەیان وەرگرتووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین