ئەمجۆرە لە هەستیاری دەبێ سەردانی دکتۆر بکەن تەندرووستی

سیهام میران-نوچەنێت

دکتۆر دڵبرین مەلا محەمەد، دکتۆرا لە نەشتەرگەری قوڕگ و لوت و گوێ لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە مەترسی و جۆرەکانی هەستیاری دەکات و دەڵێت: هەندێک جۆری هەستیاری هەیە نابێ پشتگوێ بخرێت.

هەستیاری چییە؟

دکتۆر دڵبرین بەمجۆرە پێناسەی هەستیاری دەکات: هەستیاری وەڵامدانەوەی بەرگری لەشی مرۆڤە بۆ شتێك کە مایەی زیان نییە بۆی.

هۆکارەکانی:

 بە شێوەیەکی گشتی ئەو شتانەی دەبنە هۆکاری هەستیاری بریتین، لە پۆڵێنی گوڵ، گژوگیا و تۆز و ماددە پاکەرەوەکان ماڵەوە، لەگەڵ بۆن و بەهاراتەکان.

جۆرەکانی:

دکتۆر دڵبرین ئاماژە بە دووجۆر هەستیاری دەدات، دوو جۆر هەستیاری بوونی هەیە، هەستیارییەك کە تەنیا لە وەرزەکاندا تووشی دەبین. هەستیاری دووەم ئەو هەستیاریەی کە بەردەوام لە هەرچوار وەرزی ساڵ بوونی هەیە. ئەمەش زیاتر لە تەپ و تۆزی ماڵەوە تووشمان دەبێت.

بە گشتی ئەو کەسانەی کە هەستیاریان بۆماوەییە، رەنگە جۆری هەستیاریەکە توند بێت و لە شێوەی رەبۆ دابێت. رەنگیشە جۆرەکەی سوك بێت وەکو پشمین و ئاو لە چاو هاتن و خوران و سوربوونەوەی لەش، بەڵام لە حاڵەتی وەکو هەناسە تەنگی پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.

خۆپاراستن:

رێگاکانی خۆپارێزی لە هەستیاری لە کەسێکەوە بۆ کەسی تر جیاوازە،  بەکارهێنانی ماسك لەکاتی چونە ناو شوێنە کراوەکان ئەو شوێنانەی کە گوڵ و داری لێیە، وا دەکات ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەستیاری. ئەو کەسانەی کە هەستیاریان توندە هەرچوار وەرزی ساڵ هەستیاریان هەیە پێویستە لە ماڵەوە فلتەری ساردکەرەوەکانیان زوو زوو بگۆرن، ئاژەڵی ماڵی وەکو سەگ و پشیلە، بەخێو نەکەن و پێویستە ماڵەکە زوو زوو پاکبکرێتەوە.

باشترین چآرەسەر خۆپارێزیە، ئەگەر هەستیاریەکە وەرزی بێت ئەوا چارەسەریەکەی بەکارهێنانی پەمپە، تەنیا لە وەرزەکان. بەڵام ئەگەر وەرزی نەبوو ئەوا دکتۆر دەرمانی هەمیشەی پێ دەدات.

ئەو حاڵەتانەی نەخۆش نابێت هەستیاریەکەی پشگوێ بخات، بریتیە لە سەر ئێشەیەکی زۆر توند و داخرانی لوت و ئاو لەچاو هاتن هەبوونی تایەکی بەرز چونکە زۆربەی کات هەستیاری دەبێتە هۆی هەوکردنی بەکتریا، یاخود ڤایرۆس ئەو هەوکردنە پێویستی بە چارەسەری زوو هەیە بۆیە لەو حاڵەتانەدا دەبێت زوو سەردانی پزیشك بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین