لاهور شێخ جەنگی دەبێتە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان؟  ناوخۆیی

نوچەنێت-تایبەت

رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستانیش هەیە. گۆڕانکاری گەورە لە هەرێمی کوردستان بەسەر یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی باشوربوو ئەویش یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە (21-25ی کانونی یەکەمی 2019)دا بەسترا، خێزانی مام جەلال تاڵەبانی و خێزانی شێخ جەنگی چوونە ناو سەرکردایەتی یەکێتییەوە، هەروەها سستمی هاوسەرۆکی پەیڕەوکرا، کە ئەم سستمە لە بنەمادا لە ئەوروپا بۆ راگرتنی باڵانسی جەندەری هاتە کایەوەم کە بە پێی ئەم سستمە دەبێ ئافرەتێک و پیاوێک ببنە سەرۆکی دەزگا، حزب و گروپێک. چاودێرێکی سیاسی کە پێشتر بەرپرسیارێتی لە ناو یەکێتی هەبوو دەڵێت" ئەوەی یەکێتی کردی هۆکارەکەی پێشکەوتنی یەکێتی و سۆشیال دیموکراتی نەبوو بەڵکو بۆ ئەوەبوو ناکۆکی لە نێوان ئامۆزاکاندا دروست نەبێت، لەبەرئەوە دووپیاویان کردە هاوسەرۆکی یەکێتی.

لاهوری شێخ جەنگی لە کۆی (1050) دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی (902) دەنگی بە دەستهێنا، لەسەرەتادا هەماهەنگی و رێککەوتنێکی بەهێز لە نێوان هەردوو هاوسەرۆک دەبینرا، بەڵام بەرەبەرە ئەم هەماهەنگییە لاوازبوو تا گەیشتە ئەوەی رۆژی( 8ی تەموزی 2021) بافڵ تاڵەبانی بە زەبری هێز کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە دەزگای زانیاری و ئۆرگانەکانی تری یەکێتی دوورخستەوە.

مانەوەی کورد بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و جیۆگرافیاکەی لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکار، وایکردووە ئەم دەوڵەتانە بە ئاسانی دەست بخەنە ناو کاروباری حزبەکان و ئاراستەیان بگۆڕن، بۆیە کاتێک گۆڕانکارییەک دەکرێت بەر لە رەزامەندی سەرانی ناوخۆ، پێویستە وڵاتانی دەوروبەریش رەزامەند بن بەم گۆڕانکارییە.

ئەگەرچی لاهور شێخ جەنگی وەکو کەسێکی سەرکەوتوو و خاوەن پێگەی جەماوەری دەبینرا، هەروەها وەکو کەسێکی سەرکەوتوو لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بەڵام ئەوە لە(8ی تەموزی 2021) روونتر دەرکەوت کە کە وڵاتانی دراوسێ لایان ئەو ژمارەیە نییە کە نەتوانن نەیخەنە ریزەکانی حساباتی سیاسی.

چاودێرێکی سیاسی کە نەیویست ناوی بهێنرێت، سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دەڵێت"مردنی مام جەلال، بۆشاییەکی گەورەی لە ناوکورد و بەتایبەتیش لە ناو یەکێتی دروستکرد، دواتر کە ریفراندۆمکرا دوای ریفراندۆم 16ی ئۆکتۆبەر و کۆنگرەی یەکێتی بەدواداهات،  ئەگەر یەکێتی لاساییەکی ناتەواوی ئەم فۆرمەی هاوسەرۆکییان نەکردبا بێگومان زووتر کێشە ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی دەتەقییەوە".

ئێستا ئاڵۆزی و فرە کوێخاییەک لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەیە، کە هەریەک لە سەرکردەکانی ( بەرهەم ساڵح، کۆسرەت رەسوڵ، بنەماڵەی تاڵەبانی، برایم ئەحمەد، بنەماڵەی شێخ جەنگی) باڵ و کوتلەی جیاوازیان هەیەم هەر یەکێکیان خۆی بە خاوەنی یەکێتی دەزانێت، ئایا بەم پشێوییە دۆخی یەکێتی بەرەو کوێ دەڕوات؟

ئەم چاودێرە سیاسییە پێیوایە، ئێستا دوو رێگا لەبەردەم لاهور شێخ جەنگی هەیە: رێگای یەکەم، ئەوەیە کە رادەستی واقیع بێت و بڕوات کوردستان بە جێبهێڵێت. دووەم، کودەتایەکی سەربازی بەسەر ئامۆزاکانیدا بکات و بیانخاتە زیندان، ئێستا رێگای سێیەمی لەبەردەمدا نەماوە.

لە بارەی پێگەو جەماوەری لاهور شێخ جەنگی، ئەم چاودێرە سیاسییە رایوایە:لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە کارتی لاهور شێخ جەنگی لاواز بوو، پێموایە بەرەو لاوازی زیاتر دەڕوات چونکە زۆر کەس باوەڕیان وابوو کە بەبێ لاهور یەکێتی زیاتر لە هەشت کورسی ناهێنێت بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوو یەکێتی هەژدە کورسی بە دەستهێنا لەم هەڵبژاردنەدا شانزە کورسی بە دەستهێناوە کەواتە گۆڕانکارییەکی ئەو تۆ رووینەداوە، بۆیە ئێستا کات لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگیدا نییەو ئەوانەشی  کە لەدەوروبەری ئەون، زیاتر پەرش و بڵاو دەبن، دەبێت شتێکی دیکەشمان لەبەرچاوبێت ئەویش ئەوەیە کە ئێستا حزبایەتی وەک دسپلین و ئایدۆلۆژیا نەماوە بەڵکو بەرژەوەندی و دەسەڵاتە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی لەدەسەڵاتە خەڵک زیاتر لەلای ئەو کۆدەبێتەوە.

سەبارەت بە ئەگەرەی کە دەگوترێت "لاهور شێخ جەنگی دەبێتە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان" ئەم چاودێرە سیاسییە دەڵێت: ئەوە یەک لەو ئەگەر یان پێشنیارانەیە کە خراوەتە بەردەستی لاهوری شێخ جەنگی، بەڵام بەرای من زۆر واقیعی نییە. هەرچەندە پێشبینیکردنی دۆخ و رەوتی سیاسی لەم دەڤەرە زۆر زەحمەتە چونکە بۆ هەر گۆڕانکارییەک دەبێت حساب و رەزامەنی ئێران و ئەمریکا هەبێت.

مەلا بەختیارئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، "رووداوەكانی ئەم دواییە، یەكێتی بردە قۆناغێكی نوێی كێشە و ململانێكان و ناكرێت لەوە زیاتر زیان بە یەكێتی و جەماوەرەكەی و ژیانی حزبایەتی یەكێتیش بگەیەنرێت، چونكە یەكێتی لەناو هاوكێشەكاندایە و حزبێكی بچوک نییە، بۆیە پێویستە بە ئاراستەی چارەسەر ھەنگاو بنرێت و هەردوولا رێزی یەكتری زیاتر بگرن‌ و دۆخەکەش ئارام بکرێت باشترە“.

رۆژی رابردوو(16ی ئۆکتۆبەری 2021) دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە پۆستێکی ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بۆ باوکی نوسیبوو وەک تانەدان لەوانەی بە خیانەتی ئەم رۆژە ناسراون و وەک ئاماژەیەکیش بۆ تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی. دەرباز کۆسرەت نوسیبووی"ئەمڕۆ لە هەموو رۆژەکان سەرت بەرزترە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین