سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ئێران تا چەند مانگێک دەرفەتی هەیە ئێران

نوچەنێت

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزەی ئەتۆمی هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئێران چەند مانگێک تا گەیشتن بە خاڵێکی ئەتۆمی کە توانای گەڕانەوەی نەبێت، مەودای هەیە و بەزوویش کەرەسەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت.     

رافائل گەڕوسی، لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی بەریتانی فاینشناڵ تایمز کە رۆژی سێشەممە (١٩-١٠-٢٠٢١) بڵاوبووەوە، هاوکات گوتی ”لەوبڕوایەدا نیم ئێران بەشوێن بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمییەوە بێت“.

رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، مانگی رابردوو رایگەیاند، کە ئۆرانیۆمی ٦٠%ی بەدەستهاتووی وڵات، گەیشتووەتە سەرەوەی ١٠ کیلو گرام. 
بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە پیتاندنی ئۆرانیۆم بگاتە ٩٠%.

گەڕوسی گوتوویەتی، کاتی گەیشتن بە خاڵی نەگەڕانەوە لە دۆخی کەمبوونەوەیە و ئێران ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی زۆرتر کردووە و لە سانتریفوژە پێشکەوتووەکان کەڵک وەردەگرێت.   

گەڕوسی ئاماژەی بە بەردەوامی دوا رێککەوتنی ئەم دامەزراوەیەی سەر بە رێکخراوی نێودەوڵەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی کارتی میمۆری کامێرا دانراوەکان لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران کرد و گوتی «گرتنەبەری رێکاری کاتی لە پەیوەندی لەگەڵ پلانی ناوەکی ئێران وەڵامدەر نییە».    

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەشڵێت، دەبێ کامێرای چاودێری لەم دامەزراوانە دابنرێت، چونکە چالاکی لەم دامەزراوانە بۆ ئاژانس «زۆر گرینگە».

گەڕوسی ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆتایی مانگی داهاتوو دەیەوێت سەردانی تاران بکات تاکو لەبارەی ئەم بابەتانەوە گفتوگۆ بکەن و بپرسێت کە ئایا ئێران ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان یان نا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین