ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات ئێران

نوچەنێت

بنی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە بەرانبەر لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری پەرلەمانی ئەم وڵاتە، پشتیوانی زیادکردنی بودجەی سوپای ئیسرائیل کرد و بە دووری نەزانی کە ئەگەری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێویستی بە سەرچاوەی زیاتر بێت.

هاوینی رابردوو حکومەتی ئیسرائیل بودجەی سەربازی ئەم وڵاتەی بۆ ساڵی داهاتووی ١٧ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار راگەیاند، کە زیاترە لە بودجەی سەربازی پەسەندکراوی دوو سێ ساڵی رابردوو.

بنی گانتس لە بۆچوونەکانی خۆی لە هەڕەشەی ئێران و پلانی ئەتۆمی ئەم وڵاتە وەک گرینگترین هەڕەشەی ئەمنی دژی ئیسرائیل ناوی برد و بە پشتبەستن بەوە، لەسەر پێویستی زیاد کردنی بودجەی سەربازی ئەم وڵاتە جەختی کردەوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بە ئاماژە کردن بە بەرەوپێشچوونەکانی ئێران لەبواری پیتاندنی ئۆرانیۆم، گوتی: کە حکومەتی ئیسلامی ئێران نیازی وایە، بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیلیش دەیهەوێ پێش بەم هەوڵەی ئێران بگرێت. دواتر جەختی لەوە کردەوە، ئەم وڵاتە لە بواری تواناییەکانی هێرش و بەرگری خۆی سەرمایەگوزاری دەکات و بە بەرزکردنەوەی توانا و لە پێشتربوونی تەکنیکی ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات هێزی سەربەخۆی و بەرگری لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل زیاتر بکات. هەرچەند هەڕەشەی ئەمنی ئێران بە گوتەی گانتس، لە پلەی یەکەم کێشەیەکی ناوچەیی و جیهانییە.    

کەناڵی دوازدەی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل، شەوی رابردوو رایگەیاند، کە حکومەتی ئەم وڵاتە بە زیادکردنی یەک ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلار بودجەی سەربازی وڵات، بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین