ئەردۆغان هەوڵدەدات لە ئەفريقيا پێگەى وڵاتەکەى بەهێز بكات شیکاری

نوچەنێت:

ئیسماعيل جمال

 لەسەرەتاى ئەو هەفتەيە، رەجەب تەيب ئەردۆغان گەشتێكى نوێى بۆ سێ  وڵاتى ئەفريقيا دەستپێكرد، بەوەش لە ماوەى سەرۆكايەتیى كۆمار و  سەرۆک وەزيرانى دا ژمارەى ئەو وڵاتانەى سەردانیکردوون لە ئەفریقیا  دەبێتە (31) وڵات، يەكەم سەرۆكە لە جيهان سەردانى زۆرترين وڵاتى ئەفريقياى كرد بێت.

بەگوێرەى راگەيێندراوى سەرۆكايەتیى كۆمارى توركيا، ئەردۆغان سەردانى ئەنگۆلا و نەيجيريا و تۆگۆ دەكات، لەو سەردانە ئەردۆغان پەيوەندیى ستراتيژيەتى و هەژموونى سياسى و ئابوورى و بەرگرى لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز دەكات..

بەر لەوەى لە ئيستەنبوڵ بۆ ئەنگۆلا بەڕێ بكەوێت، لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى سەرۆكى توركيا پەيوەندى وڵاتەكەى لەگەڵ وڵاتانى كيشوەرى ئەفريقيا بە ستراتيژى وەسف كرد و گوتى، "توركيا وەك هاوبەشێكى ستراتيژى مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا دەكات، قەبارەى بارزگانيمان لەگەڵ وڵاتانى ئەو ناوچەيە لە كۆتايى (2020) گەيشتە زياتر لە (25) مليار دۆلار".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان گوتى "ئێمە هەرگيز پەيوەندييەكانمان لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا بە كورت مەودا سەير ناكەين، تەنيا بۆ خزمەتى بەرژەوەندى تایبه‌تی خۆمان بێت، چونكە متمانه‌م به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ده‌ی (21) ئه‌فریقیا رۆڵی گەورەى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبەش، بەیه‌كسانى لە هەموو بوارەكان بونیاد بنێنین".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان بەناڕاستەوخۆ رەخنەى لە داگيركارى فەڕەنسا لەو كيشوەرە گرت و گوتى، "له‌ هه‌موو بواره‌كان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ كیشوه‌ری ئه‌فریقیا، ئێمه‌ له‌و كه‌سانه‌ نین سیاسه‌تی داگیركاری كۆن به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌كی نوێ بگرینه‌به‌ر، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فریقییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان سه‌ركه‌وتوو بین، لەو نزيكانە كۆڕبه‌ندی  سێیه‌می توركی - ئه‌فریقی له‌ (21 و22)ی ئه‌و مانگه‌ ‌ده‌بەسترێت، هه‌روه‌ها لووتكه‌ی هاوبه‌شی توركی - ئه‌فریقیا  له‌ (17و18 ) كانوونى يەكەمى ئەمساڵ دەبەسترێت".


31 وڵات و 43 باڵيۆزخانە

لە (2005)وە تا ئێستا ئەردۆغان سەردانى ئيسيوبيا و باشوورى ئەفريقيا و توونس و مەغريب و سوودان و ميسڕ و جەزائير و ليبيا و سۆماڵ و گابوون و نەيجەر و سەنيگال و ئيكوادۆر و جيبۆتى و ساحل لعاج كينيا و ئۆگندا و نەيجيريا و غانا و تەنزانيا و مۆزەبيق و مەدەغشقەڕ و سوودان و چاد و مۆريتانيا و مالى و زامبيا و گامبياى كردووە،  ئەمجارەش سەردانى ئەنگۆلا و نەيجيريا تۆگۆ دەكات.

لەو چەند ساڵەى رابردوو ئەردۆغان لە چوارچێوەى پلانێكى گشتگيرى ستراتيژى، سەرقاڵى بەهێزيكردنى هەژموونى توركيايە لە وڵاتانى ئەفريقيا، لە رێگەى پەيوەندیى مرۆى و رۆشنبيرى و ئابوورى و سياسى و سەربازى، ئەوەش بۆتە هۆكارى بچووككردنەوەى هەوڵە فراوانخوزاييەكانى چين و رووسيا و ئيسرائيل لەو كيشوەرە، هەروەها چەند زەبرێكى كوشندەشى لە چەند وڵاتێكى ئەو ناوچەيە داوە، لەوانە فەڕەنسا، كە وەك پاشماوەيەكى داگيركارى رابردووى وڵاتەكەى بەدواى هاوبەشى نوێى سياسى دەگەڕا، بەڵام توركيا پێش فەڕەنسا كەوت، توانى وەك جێگرەوەيەكى نموونەيى لەو چوارچێوەیەدا پێگەى خۆى بەهێز بكات.

لە چەند ساڵى رابردوو توركيا چەندين باڵيۆزخانە و قونسڵخانەى لە ئەفريقيا كردەوە، لە (2002) ئێستا توركيا (43) باڵيۆزخانەى لەو ناوچەيە كردۆتەوە.

لە (54) وڵاتى ئەفريقيا توركيا لە (43)  و باڵيۆزخانە و قوسڵخانەى كردووە، لە بەشێكى تريان نوێنەرى کونسولخانە و باڵيۆزخانەى هەيە، توركيا هيواخوازە لەو نزيكانە بكرێت بە چاودێر لە ڕێكخراوى يەكێتى ئەفريقيا، ئەوەش لەبەر ئەو پەيوەندييە فراوانەيە لەگەڵ ئەندامانى ئەو يەكێتييە هەيەتى، توركيا پلانى هەيە بەرنامەكەى تەواو بكات، لە نزيكترين ماوە باڵيۆزخانە لە هەموو وڵاتانى ئەو ناوچەيە بكاتەوە، چونكە تائێستا توركيا لە (33) وڵاتى ئەفريقيا باڵيۆزخانەى هەيە، گەشە ئاسمانييەكانى لە (50) لاوە بەرەو ئەو كيشوەرەيە.

لە ماوەى (18)ى ساڵ كاركردنى بەردەوام، توركيا قەبارەى ئابوورى لە پێنج مليار دۆلارەوە بەرزكردەوە، بۆ (25) مليار دۆلار، پلانى هەيە لە ماوەيەكى مامناوەند ئەو قەبارەيە بگەينێتە زياتر لە (100) مليار دۆلار، لە داهاتووێكى دوورتريش زياترى بكات.
بەهەمان شێوە هەندێك رێكخراو و دەزگاى توركى رۆڵى گرنگيان هەبووە لە پەرەپێدانى پەيوەندييەكان لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا، لەرێگەى ئەو هاوكارييانەى حكومەتى توركيا پێشكەش بە رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و فێركردن و پەرەپێدان و رۆشنبيرى دەكرد.

ئاژانسى توركى بۆ هاوكارى و هەماهەنگى (تيكا) پەيمانگەى يونس ئيمرە، وەقفى مەعارفى سەر بە وەزارەتى پەروەردە بەناوبانگترين دەزگاى هەماهەنگى حكومەتى توركيا، كە لەو كيشوەرە چالاكيان هەبوو، ئەو دەزگايانە لەو ناوچەيە هێزى نەرمى سياسەتى دەرەوەى توركيان.


ديدێكى ستراتيژى

لەوەتەى ئەردۆغان هاتۆتە سەر دەسەڵات، بە پێويستى دەزانێت توركيا بەڕووى جيهان بكرێتەوە، كۆتايى بە سياسەتى داخراوى سەرەخۆى بهێنێت، كە چەندين دەيە ئەو وڵاتەى پێدا تێدەپەڕى، هەروەها پێشى وايە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و كيشوەرى ئەفريقيا قووڵايەتى ستراتيژى گرنگيان بۆ توركيا هەيە، لە هەمان كاتيش پێى وايە دەبێت توركيا واز لە دەرفەتى چوونە پاڵ يەكێتى ئەوروپا بهێنێت.

لەگەڵ بەرەو پێشچوونى تموحى توركيا بۆ بەهێزكردنى پێگەى ناوچەيى و نێودەوڵەتى بەتايبەت لە رێكخراو و دەزگاكانى سەر بە نەتەوەيە كگرتووەكان و رێكخراوى هاريكارى ئيسلامى وڵاتانى ئەفريقيا رۆڵێكى گرنگيان هەبوو بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييەكانيان لەگەڵ توركيا و پاڵپشتى سەرەكى بوون بۆ بەهێزكردنى ئەو تموحانەى، ئەوەش توركياى كردە پاڵپشتيەكى بەهێزى بۆ رێكخراوى هاريكارى ئيسلامى، كە توركيا سەرۆكايەتى دەكات، پێشتريش بەهۆى پاڵپشتى وڵاتانى ئەفريقيا لەو رێكخراوە، توركيا بووە ئەميندارى گشتى ڕێكخراوەكە، لە داهاتووش دەيەوێت، بە پاڵپشتى ئەو وڵاتانە ئەميندارى گشتیی نەتەوە يەكگرتووەكان وەربگرێت.
توركيا لەو كيشوەرە خۆى وا نيشان نادات، كە وڵاتێكە ئامانجى داگيركارى، ياخود تاڵانكردنى سەرچاوە ئابوورييەكانى ئەو وڵاتانەى هەبێت، ئيبراهيم كاڵن وتەبێژى سەرۆكايەتى توركيا دەڵێت، "كيشوەرى ئەفريقيا شايستەى ئەوەيە وەك هاوبەشێكى يەكسان لەسەر گۆڕەپانى جيهان مامەڵەى لەگەڵ بكرێت، پێويستى بە ئاشتى و دادپەروەرى و سەقامگيريى هەيە، نەك بە شێوازى نوێ و بە ناڕەوا مامەڵەيان بۆ بەرژەوەندى تايبەت لەگەڵ بكرێت".

ئەردۆغان دەڵێت، "پەيوەندييمان بە ئەفريقييەكان، پەيوەندى برايەتى راستەقينەيە، توركيا لەبەر بەرژەوەندیى تاكلايەنە لە ئەفريقييەكان نزيك نابێتەوە، پەيوەندى ئێمە پەيوەندى دوولايەنەيە، بە ئامانجى دەوڵەمەندكردن و هەڵساندنەوەى ئەو ناوچەيە، توركيا لەسەر بنەماى سياسەتى قازانجى دوولايەنە مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچەيە دەكات، نەك لەسەر بنەماى تاڵانكردنى سامانيان، كە هەميشە ئەفريقييەكان ئەوەيان بيردێتەوە كۆڵۆنياليزم تاڵانى كردوون، بەڵام توركيا لەوەدا نموونەيەكى جياوازى پێشكەشكردن".


ئابوورى و پيشەسازى بەرگرى 

لە پاڵ ئامانجە سياسيەكانى توركيا لەو كيشوەرە،  ئامانجى ئابووريشى هەیە، چونكە توركيا ئەو ناوچەيە بە بازاڕێكى گرنگ و گونجاو دەزانێت، خاوەنى سامانى مرۆيى شايستەيە بۆ ئەوەى لە داهاتوو بيكات بە گەنجينەيەكى ئابوورى، ئەو كيشوەرە لە (54) وڵات پێكهاتووە، ژمارەى دانيشتوانى زياتر لە مليارێكە، لە 70٪ دانيشتوانەكەى گەنجن، ئابوورى زۆر بەخێرايى تێدا گەشەى دەكات و پێگەيەكى بەهێزى هەيە، لە هەمان كاتيشدا لە سەرچاوەكانى وزە و رێڕەوەكانى گواستنەوە زۆر نزيكە.

توركيا لەو ناوچەيە كارى لەسەر دروستكردنى ژمارەيەكى زۆر ليژنەى هاوبەشى ئابوورى لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا كردووە، ديارترين ليژنەى تورکیاش، ئەنجومەنى كارى سەربەخۆيە لەگەڵ (35) وڵاتى ئەفريقى و كۆڕبەندى ئابوورى و كارە،  كە ئەفريقيا و توركيا، بەردەوام وەزيرانى كشتوكاڵ و تەندروستى و وەزارەتەكانى تر كۆدەکاتەوە، هەروەها كۆنگرەى وەزارى توركى ــ ئەفريقى، لووتكەى هاوبەشى توركيا ــ ئەفريقيا، كۆبوونەوە بەردەوامەكانى توركيا و ئەو ناوچەيە.

بەهۆى سياسەتى كرانەوە بەڕووى وڵاتانى ئەفريقيا، ئاڵوگۆڕى بارزگانى نێوان توركيا و ئەو كيشوەرە لە (2003) پێنج مليار و (400) مليۆن دۆلار بوو، بەڵام لە (2021) گەيشتە (25) مليار دۆلار، هەردوولاش هەوڵدەدەن لە ماوەيەكى مامناوەند ئەو ژمارەيە بگەيننە (100) مليار دۆلار، بەرپرسانى هەردوولا پێيان وايە ئەو ژمارەيە گونجاوە، دەكرێت کار لەسەر جێبەجێكردنى بكرێت.
هەر لەو ساڵانەى دواييشدا لە بوارى پيشەسازى بەرگري هەماهەنگى توركيا و وڵاتانى ئەفريقيا دەستى پێكردووە.

چەند سەرچاوەيەك رايدەگەینن، ئەسيوبيا و مەغريب داواى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى جۆرى بەيرەقداریان کردووە، ئەو دوو وڵاتە بەو دواييە سيستەمى بەرگرييان لە توركيا كڕى، رواندا و ماليش رايانگەياند، چەكى جۆراوجۆريان لە توركيا كڕيووە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەندين رێككەوتنى سەربازى و گرێبەستى چەك هەيە بە فەرمى رانەگەيندراوە، بەڵام مەغريب و ئيسيوبيا و توونس چەكى نوێيان لە توركيا كڕيووە، بەتايبەت فڕۆكەى بێ فڕۆكەوان، هەروەها توركيا سەرچاوەيەكى سەرەكى چەكە بۆ سوپاى سوماڵ و هێزەكانى حكومەتى ويفاقى نيشتيمانى ليبيا، توركيا سەدان تانكى رەوانەى وڵاتانى ئەفريقيا كردووە، لەو دواييش كينيا گرێبەستى كڕينى (120) تانكى لەگەڵ توركيا واژۆكرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین