وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان تەندرووستی

سیهام میران-نوچەنێت

هاتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بووەتە جێی باسی راگەیاندنەکانی جیهان، وەزارەتی تەندروستی هەر وڵاتێک پلان و نەخشەرێگای پاراستنی هاوڵاتییان رادەگەیەنێت، عیراق و هەرێمی کوردستان درەنگتر لە وڵاتانی ناوچەکە باسی ئامادەکاری بۆ شەپۆلی چوارەم دەکەن.

رۆژی (19/ ئۆکتۆبەر/ 2021) وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند: جیهان چاوەڕوانی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنایە. بەپێی ئەم لێدوانە ئەمجۆرەی ڤایرۆسەکە لە جۆرەکانی تر ترسناکترە.

دکتۆر دەشتی دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو سەبارەت بە جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت گوتی" شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا جیاوازە لە جۆرەکانی دیکە چونکە ئەم ڤایرۆسە خۆی دەگۆرێت. شەپۆلی سێیەم جۆری دەلتابوو زۆر خێراتر بڵاوبووەوە لە ناو خەڵک، لەبەرئەوەی ئەوجۆرە لەگەڵ ژینگەی دەرەوە خۆی دەگونجاند و بەهێزتر دەبوو، بۆیە زووتر دەچووە ناو لەشی مرۆڤەوە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە خێزانێک توشبوایە ئەوا هەموانی توش دەکرد".

 بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عیراق، تا ئێستا 2ملیۆن و 37هەزار و 12کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. 22هەزار و 725کەس لەم ژمارەیە گیانیان لە دەستداوە.

سەبارەت بە خۆپاراستن لە جۆرەکانی کۆرۆنا، دکتۆر دەشتی دزەیی دەڵێت"پێویستە هاوڵاتییان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن وهەردوو ژەمە ڤاکسین وەربگرن، رەنگە لە داهاتوودا ژەمە ڤاکسینی سێیەمیش پێویست بێت".

سەبارەت بە نیشانەکانی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، دکتۆر دەشتی روونیدەکاتەوە" زۆربەیان نیشانەکانیان وەکو یەکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە (200) جۆر خۆی پیشان دەدات. هاوڵاتی هەیە دەڵێت، من نیشانەکانم نییە بەڵام توشی کۆرۆنا بووە. بۆیە ناتوانین بە رەهایی بڵێین ئەمانە نیشانەکانی کۆرۆنایە. نەخۆش هەیە تەنیا توشی سەرسوڕان دەبێت، هەیە توشی جەڵتەبووە دوایی دەزانرێت کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە توشبووە، چونکە خوێن دەمەیەنێت ئەمەش کاریگەری لەسەر دەماغ، دڵ و سییەکانی دەبێت".

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا پێنج ملیۆن و 795هەزارکەس یەک ژەم ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن کە بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە ڤاکسین لە خۆیان بدەن.

ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی کۆرۆنا دەڵیت" رێژەکە بەرزەو ئێمە تا ئێستا حاڵەتی خراپمان هەیە، تا حاڵەتی خراپ هەبێت مردنیش دەبێت، پێویستە هاوڵاتییان رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن و لە شوێنی قەرەباڵخ دووربکەونەوە، هەروەها ڤاکسین لە خۆیان بدەن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین