ئێران: لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی کەمیکردووە ئێران

نوچەنێت

ناوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی ئێرانی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو کەمبووتەوە.

لەم راپۆرتەدا لەبارەی وردەکاری ئاماری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران، لە دۆخی قوتابیانی کۆڵیوەتەوە، بە جیاکردنەوەی رەگەز لە ساڵی ١٣٨٠ - ١٤٠٠ (٢٠٠١- ٢٠٢١).    

بەپێی ئەم راپۆرتە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ کۆی گشتی قوتابیان لەم وڵاتە ١٧ ملیۆن و ٨٨٢ هەزار و ٥١٥ کەس بووە، کە لەم ژمارەیە نۆ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار و ٩٥٢ کوڕ و هەشت ملیۆن و ٥٢٢ هەزار و ٥٦٣ کچ بوون.

بەڵام لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١، کۆی گشتی قوتابیان لە ئێران بۆ ١٥ ملیۆن و ٦٦٦ هەزار و ٥٨٧ کەس کەم بۆتەوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ئاماری ٢٠ ساڵی پێشوو نزیکەی ٢.٢ ملیۆن کەس کەمبۆتەوە.

لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە هۆکاری ئەم کەمبوونەوە بەرچاوی رێژەی قوتابیان نەدراوە  بەڵام بەپێ ئامارە فەرمییەکان، ئاستی لەدایکبوون لە ئێران لە ئەم  ساڵانەی دوایی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و شارەزایانیش چەندین جار لەبارەی پیربوونی دانشتوانی ئێران هۆشدارییان داوە.   

لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠١ تا ئێستا و لەم ماوەی ٢٠ ساڵەیەدا بەرزی و نزمی رێژەی قوتابیان بە شێوەیەک بووە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧، لەچاو  ٢٠٠١ رێژەکە بە کەمبوونەوەی سێ ملیۆن قوتابی کۆی گشتی گەیشتە ١٤.٩ ملیۆن قوتابی و لە پێنج ساڵ دواتریش بە کەمبوونەوەی رێژەی قوتابیان کۆی گشتی گەیشتە ١٣.٣ ملیۆن.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، لە کۆی گشتی قوتابیان لە ئێستادا ١٥.٥ ملیۆن قوتابییە، کە زیاتر لە هەشت ملیۆن  کوڕ و زیاتر لە حەوت و نیو ملیۆن قوتابی کچن.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین