ئۆزدەمير بەيرەكدار؛ باوکى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکی شیکاری

رەغد شەمات

رۆژى دووشەمەى رابردوو ئۆزدەمير بەيرەكدار يەكێك لە كەسايەتييە ديارەكانى توركيا كۆچى دوايى كرد، ئەو پياوە توانى پيشەسازى سەربازى توركيا زۆر بەرەوپێش ببات، خاوەنى كۆمپانياى بايكارى پيشەسازى سەربازى بوو، لە دروستكردنى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان رۆڵێكى گرنگى هەبوو، توركياى  لەسەر ئاستى جيهان كردە ژمارەيەكى گەورەى پيشەسازى سەربازى.

ئۆزدەمير كێيە؟

ئۆزدەمير لە (1949) لە ناوچەى ساربيرى ئيستەنبۆڵ لە دايك بووە، لە (1972) كۆلێژى ئەندازيارى ميكانيكى تەواوكردووە، دواى دەرچوونى وەك ياريدەرى لێكۆڵەر بۆ سەرۆكى يەكێتى مەكينەى ئۆتومبێل دامەزرا، پاشان ماستەرى لە ئەندازيارى بەدەستهێنا.

لە ژيانى كاركردنى چەندين پۆستى جۆراوجۆرى وەرگرتووە، بووە بە بەرێوەبەرى تەكنيكى و دامەزرێنەرى چەندين كارگە و كۆمپانياى گەورەى وەبەرهێنانى پيشەسازى، كە رۆڵى گەورەيان لە پێشكەوتنى كەرتى پيشەسازى توركيا هەبوو.

ئۆزدەمير هاوسەرگيرى لەگەڵ ئەندازيار جينان بەيرەكدار كردووە، كە دەرچووى كۆلێژى ئابوورییە، ئەويش رۆڵى كاراى هەبوو لە پڕۆگرامى پەرەپێدانى بانكى پيشەسازى، بەيرەكدار سێ كوڕى هەيە بەناوەكانى، خەلوق و ئەحمەد و سەلجوق، سەلجوق لە (2016) هاوسەرگيرى لەگەڵ سومەيەى كچى ئەردۆغان كردووە.

حكومەتى توركيا رۆڵى گرنگى هەبوو لە پاڵپشتيكردنى بەرەوپێشبردنى بەرهەمى ناوخۆيى و سيستەمى تەكنەلۆژياى پێشكەوتوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەندين ناوەندى گەورەى دروستكرد بۆ بەرەوپێشبردنى تواناى وڵاتەكەى لە بوارى تەكنەلۆژيادا.

ئەگەرچى بيرۆكەى دروستكردنى ئۆتۆمبێلى كارەبايى لەسەر ڕاسپاردەى حکوومەتى تورکیا بوو، بە ئامانجى پشخستنى بەرهەمى ناوخۆيى، بەڵام ناتوانرێت ڕۆڵى بەرچاوى كۆمپانياى بايكار لەبەرەوپێشبردنى ئۆتۆمبێلى کارەباى نادیدە بگیرێت.

محەمەد فاتيح كاجير، جێگرى وەزيرى پيشەسازى و تەكنەلۆژياى توركى دەڵێت، "توركيا كاردەكات بۆ دروستكردنى تەكنەلۆژياى نيشتيمانى و زيادكردنى تواناكانى بۆ ململانێ لەگەڵ كۆمپانيا جيهانييەكان، ئەوەش لە پێناو سەربەخۆيى تەكنەلۆژيا و ئابوورييە".

ئوزدەمير بايكار لەسەرەتاى دامەزراندنى بايكار بڕواى بە بيرۆكەى ئەو دەستپێشخەريانە هەبوو پشت بە پيشەسازى ناوخۆيى دەبەستن، هەر ئەمەیش وایلێکرد بۆ ماوەى (20) ساڵ بە بەردەوامى كار لەسەر بەديهێنانى ئەو خەونەى بکات، بۆ ئەوەى توركيا ببێت بە خاوەنى پيشەسازى تەكنەلۆژياى سەربەخۆ، سەبارەت بەو كارەش جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "لەكاركردن بەردەوام دەبين، هەموو هەوڵێكمان دەخەينەگەڕ، تا دەگەين بە ئامانجى سەربەخۆيى و پێشەنگى پيشەسازى لە جيهان".

كۆمپانياى بايكار

لە ئۆزدەمير بايكار لە  (1986) كۆمانياى (Baykar Makina) دامەزراند، ئەوكاتە لە ژێر رێنمايى حكومەت بۆ بەشدارى لە هێنانى ئوتومبێل كارى دەكرد، كارى لەسەر ديزاين و دروستكردنى زۆربەى پارچە گرنگەكانى ئوتومبێل كرد.

بەڵام ناوى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان پەيوەستە بە سەلجوق بەيرەكدارى كوڕى، چونكە چەند پڕۆژەيەك لەو بوارە بەڕێوە دەبات، باوكيشى ڕۆڵى سەرەكى هەبوو تا توانى ئەو بوارە بۆ منداڵەكانى فەراهەم بكات.

ئەو بيرۆكەى دروستكردنى ئەو كۆمپانيايە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكان، ئەوكات ئەندامى پارتى رەفاهى توركى بوو، سەرەتا لەگەڵ نەجمەدين ئەربەكان گفتوگۆى لەسەر ئەو بيرۆكەيە كرد، دواتر هەوڵى دا پەرە بە بيرۆكەكەى بدات.

ئۆزدەمير دەستى بە جێبەجێكردنى پڕۆژەكانى بوارى فڕۆكەوانى كرد، لە قۆناغى ديزاينەوە گواستيەوە بۆ قۆناغى دروستكردن و بەرهەم هێنان، لە كۆتايى كردى بە پڕۆژەيەكى گرنگى وەبەرهێنانى پيشەسازیى سەربازى.

هۆكارى ئەو پڕۆژەيە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكومەتى توركيا داواى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى لە ئيسرائيل و ئەمريكا كرد، بەڵام ئەو دوو وڵاتە يارييان بە داواكانى توركيا دەكرد، توركياش ئامانجى لە كڕينى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان بەكارهێنانى بوو دژ بە پارتى كرێكارانى كوردستان، لە هەمان كاتيش ترسى لەوە هەبوو ئەو فڕۆكانەى لە لە ئيسرائيل دەيكڕێت، كۆنتڕۆڵەكەى هەر لە دەستى ئيسرائيل بمێنێتەوە، ئيسرائيل لە رێگەيانەوە يارى بە چارەنووسى ئاسايشى نەتەوەيى توركيا بكات، بۆيە بەيرەكدار ويستى پڕۆژەيەكى نشتيمانى دامەزرێنێت، وڵاتەكەى لە پاشكۆيەتى سەربازى وڵاتانى دەرەكى دەرباز بكات.

بايكار لە سەرەتاى دامەزراندى كۆمپانياى سەربازى، بەهەماهەنگى سوپاى توركيا لە باشوورى رۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ چەند لێكۆڵينەوەيەكى ئەنجام دا، پاشان پەرەى بە (Bayraktar Mini UAV) دا، ئەوە يەكەم فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركى بوو، لە (2005 تا 2009) سەرقاڵى لێكۆڵينەوە بوو لەسەرى.

كۆمپانياى بايكار ماڵى دووەمى ئۆزدەمير بوو، وەك كوڕەكەى باسى دەكات، "شەو و رۆژ كارى تێدا دەكرد"، بۆ ئەوەش سوودى لە لێهاتوويى و شارەزايى خۆى لە بوارى ئەندازيارى ميكانيكى وەردەگرت، نوێترين تەكنەلۆژياى پێشكەوتووى بەكار دەهێنا، هەر ئەوەش بوو توانى پێشكەوتووترين فڕۆكەى ناوخۆيى لە جۆرى بەيرەكدار تى بى2  و بەيرەكدار ئاكنجى بەرهەم بهێنێت، ئەو دوو فڕۆكەش مۆركێكى تايبەتى دا بە فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركى. 

ئەو ميراتەى بەيرەكدار بۆ نيشتيمانەكەى جێیهێشت

بەيرەكدار كۆچى دوايى كرد، بەڵام توانى توركيا وا لێبكات بەتەواوى پشت بەخۆى ببەستێت، فڕۆكەى بێفڕۆكەوان لە هيچ وڵاتێك نەكڕێت، وڵاتەكەى بكات بە يەكێك لە چوار وڵاتە گەورەیەى کە خاوەنى زۆرترين فڕۆكەى بێفڕۆكەوانن.

بەر لە مردنى، فڕۆكەى بێفڕۆكەوان لە ئۆپراسيۆنەكانى چڵە زەيتوون و قەڵغانى فوڕات  رۆڵى يەكلاكەرەوەى هەبوو، هەروەها  پاڵپشتيكردنى توركيا لە ئازربيجان بەهۆى ناكۆكى لەگەڵ ئەرمينيا لەسەر هەرێمى كەرەباغ، سوپاى ئازربيجان توانى بەسەر ئەرمينيا سەركەوێت.

بەهۆى ئەو رۆڵانەى لە ناوچە جياوازەكان بينى، چەندين وڵات گرێبەستى كڕينى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانيان لەگەڵ توركيا واژۆكرد، لەكۆتايى ئەيلوولى رابردوو وەزارەتى بەرگرى ئۆكرانيا گرێبەستى كڕينى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى لەگەڵ توركيا واژۆ كرد، هەروەها لە ناوچەى فاسيلكيف ناوەندێكى هاوبەشيان دامەزراند بۆ چاكردنەوە و مەشق پێكردن و بەكارهێنانى ئەو فڕۆكانە.

سەلجوق بەيرەكدار روونى كردەوە، "لە 70%ى قازانجى كۆمپانياى بايكار لە هەناردەكردن دايە، تا ئێستا ئەو كۆمپانيايە، (10) رێككەوتنى واژۆكردووە، هەندێك گرێبەست تەواوبووە، هەندێكى هێشتا بەتەواوى نەچۆتە بوارى جێبەجێكردن".

ماڵئاوايى 

ئۆزدەمير بەيرەكدار كۆچى دوايى كرد، منداڵەكانى لەسەر لاپەڕەى تويتەر هەواڵى ماڵئاوايى باوكيان بڵاوكردەوە، خەلوق بەيرەكدارى كوڕى، كە بەرێوبەرى كۆمپانياى بايكارە، لاپەڕەى خۆى نوويسيوويەتى، "باوكم سەرچاوەى بيرۆكەكانم بوو، هاوكارى زۆرى كردم، ئەمڕۆ لەو كارگەيە ماڵئاوايى لێدەكەين، كە شەو و رۆژ كارى تێدا دەكرد، بۆ ئەوەى بەر لە مردنى بەرهەمەكەى ببينێت".

سەلجوقى كوڕى، كە بەڕێوەبەرى هونەرى و تەكنيكى كۆمپانياكەى باوكى و دامەزرێنەرى سيستەمى فڕۆكەى بيرەكدارى بێفڕۆكەوانە، دەڵێت، "وەك باوك و رێبەر و دۆست و هاورێيەكى دڵسۆزى كارەكەم ماڵئاوايت لێ دەكەم". 

 ئەردۆغان بۆ مردنى ئۆزدەمير ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو پياوە بە خەون و هەوڵ و تێكۆشانەكانى جووڵانەوەى سەركردايەتیى تەكنەلۆژياى نيشتيمانى دەكرد".

سەرۆكى پارتى چاكەى ئۆپۆزسيۆن، لە پرسەنامەكەى بۆ بنەماڵەى بەيرەكدار دەڵێت، "بەدرێژايى ساڵانى رابردوو خزمەتى زۆرى نيشتيمانەكەى كرد". 

دەوڵەت باخچەلى سەرۆكى مەهەپە، رايگەياند، "هەوڵەكانى هەوڵى زۆر گەورەبوون لە پەرەپێدانى پيشەسازى سەربازى ناوخۆيى". 

هەرچەند كوڕەكەى زاواى سەرۆكى توركيايە، بەڵام ئەوە بۆ توركەكان شتێكى نامۆ نييە، هەموو بۆچوونە جياوازاوەكان بەو شێوەيە ستايشى ئەندازيار ئۆزدەمير بەيرەكدار بكەن. هەرچەند كۆمپانياكەى لەسەردەمى ئاكپارتى ئەو ناوبانگە جيهانييەى پەيدابكردووە، كە ئەردۆغان سەرۆكايەتى دەكات، بەڵام هەميشە دەستەكەوتەكانى بە هى گەلى توركيا داناوە، هيچ رۆژێك وەك دەستكەوتى پارتێكى سياسى فەرمانڕەوا، ياخود خودى سەرۆكى وڵاتيش دانەناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین