سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى: 2024 قه‌یرانى دارایى عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى له‌ راپۆرتێكدا پێشبینى ده‌كات له‌ ساڵى 2024 قه‌یرانى دارایى عێراق چاره‌سه‌ر ببێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخى به‌ر له‌ په‌تاى كۆرۆنا. رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌تى عێراق چاكسازى دارایى بكات.

سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ ساڵى رابردوو به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، ئابوورى عێراق به‌ رێژه‌ى 11% پووكاوه‌ته‌وه‌، پێشبینیش ده‌كات له‌ ساڵى 2024 بارى ئه‌م ئابوورییه‌ راست ببێته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى زه‌ ناشناڵ، ئاماژه‌ى بۆ راپۆرته‌كه‌ى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌ و كه‌ گوتوویه‌تى ئه‌م دابه‌زینه‌ى له‌ تێكراى به‌رهه‌مى ناوخۆى نانه‌وتى روویداوه‌، به‌هۆى داخستن و كه‌ره‌تینه‌ بووه‌ و دواتریش وه‌ك پابه‌ندبوونى به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئۆپیك پڵه‌س بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وت، داهاتى نه‌وتى عێراقیش كه‌مى كردووه‌.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ رێژه‌ى كورتهێنانى له‌ داهاتى ناوخۆ 20% . ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ عێراق نه‌توانێ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌كه‌ بكات.

دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت عێراق چه‌ند رێكارێك ئه‌نجام بدات، وه‌ك رێكخستنه‌وه‌ى كه‌رتى دارایى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و په‌ره‌پێدان به‌ كه‌رتى تایبه‌ت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین