بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى شێوازى داهاتووى دابه‌شكردنى مووچه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ کوردستان- عێراق
محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، به‌گوێره‌ى شێوازى نوێى دابه‌شكردنى مووچه‌، به‌ خشته‌ وه‌زاره‌ته‌كان و كاته‌كانیان جێگیر ده‌كرێن.

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

 

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به ‌"نوچه‌نێت" دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى لیژنه‌كه‌یان مووچه‌ مانگانه‌ له‌ كاتى خۆى ده‌درێت و چیتر نابێته‌ هه‌واڵ.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌  گوتى، "بەگوێرەی پلانی حکومەتی هەرێم لەمەو بەدواوە کاتێك تەرخان دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، هەموو مانگێك فەرمانبەرەکان مووچە وەردەگرن. ئەگەر بەشە بوجەی ٢٠٢١ هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت و حکومەتی عێراق جێبەجێ کرد، ئەوە بەپێی پشکی هەرێمی کوردستان مانگانە هەموو فەرمان بەریک ١٠٠% مووچەی خۆی وەردەگرێت".

فه‌رمانبه‌ران نیگه‌رانییان هه‌یه‌ له‌وه‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌گوێره‌ى داهات ئه‌وه‌ بێت، چه‌ند وه‌زاره‌تێك مووچه‌كه‌ وه‌ربگرن و دواتر تا داهات كۆده‌بێته‌وه‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكى تر له‌ چاوه‌ڕوانى دابن، به‌ڵام بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ خشته‌كه‌ جێگیر ده‌كرێت.

چیتر مووچه‌ نابێته‌ هه‌واڵ

محەمەد سه‌عده‌دین گووتى :" ئەگەر لایەنە عێراقییەکان کۆسپیان خستە پێش ئەو ماددانە جێبەجێ نەکرا ئەوە حکومەتی هەرێم بەگوێرەی داهاتەکانی خۆی مانگانە مووچە دابەشدەکات و ناگۆردرێت، هەموو مانگێکیش حکومەت مووچە دابەشدەکاتە سەر فەرمانبەران و بەروارەکەی دیاری دەکرێت و دەبێتە خشتە، وەكو ساڵانی رابردوو نابێتە هەواڵ، مانگانە  لە ٢٥ مانگەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە".

له‌ لێدوانه‌كه‌ى محەمەد سه‌عده‌دین روونكردنه‌وه‌ى زیاترى دا و گوتى :" ئەگەر لە بودجەی گشتی عێراق بەشی هەرێم جێگیر نەکرا ئەوکات بە لێبراوی دەمێنیتەوە لێبراوێکی کەم بەس جێگیر دەکرێت، فەرمانبەر دەزانێت کە رێژەی مووچەکەی چەندە و چ کات مووچە وەردەگرێت بۆ ساڵی ٢٠٢١ "

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ لێبڕینیش بڕیاده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان دووپاتى كرده‌وه‌ لێبڕانه‌كه‌ له‌ ئێستا كه‌متر بێت زیاتر نابێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین