جەستەی ژن وەک ئامرازی ململانێ بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

لە گەڵ تێپەڕبوونی قۆناغەکان و درککردنی مرۆڤ بەپێداویستییەکانی، بیری لە پۆشتەبوونیش کردەوە، بۆ ئەوەی خۆی پێ لە سەرما و گەرما بپارێزێ. تا گەیشتە ئەوەی، کە فۆرمی جل و بەرگ گۆڕانکاری بەسەردابێت و عەقڵی مرۆڤ گەیشتە ئەوەی، کە دیزاین و شێوازی جل و بەرگی جیاواز بۆ شوێن و ژینگە جیاوازەکان دابنێت. جل و بەرگی پرسە لە گەڵ جل و بەرگی شایی یان کار جیاواز بێت، تا ئەوەی ئێستا جل و بەرگی تایبەت بە پیشە جیاوازەکانیش دابنرێت. 

ئەرکی جل و بەرگ، پۆشتەکردنی مرۆڤە، کاتێک دەکرێتە رەمز و دەخرێتە ناو ململانێ سیاسی، ئاینی و ئایدۆلۆژییەکان، لە ئەرکە سەرەکییەکەی نامۆدەکرێت و وەک بەها و پرەنسیپ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت. ئەو کاتە رواڵەت بینی و نمایشکردن جێگەی بەها مرۆییەکان دەگرێتەوە. جل و بەرگ ئێستا لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، بایەخی زیاد لە پێویستی پێدەدرێت. بە راددەیەک بووەتە ئامرازی ململانێ ئایدۆلۆژییەکان و شەڕی دووجەمسەری پێدەکرێت. وێڕای پێشکەوتنە عەقڵییەکان.

ئیدیۆمێک هەیە، کە پێشتر بۆ چەپەکان دروستکرابوو، دەگوترا "لە روسیا باران دەبارێت، لە کوردستان چەتر هەڵدەدەن". کۆمەڵگەی کوردی بەداخەوە کراوەتە گۆڕەپانی ململانێی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، لە کاتێکدا هیچ کامیان بەرهەمی عەقڵی ئێمەنین و بەکلتور و ژینگەی ئێمە ئاشنا نین. هەروەها بوونەتە هۆی ئەوەش، کە ئێمە لە جیاتی پەرە بەکلتور و شوناسی خۆمان بدەین، شەڕ بۆ ئەوان لە دژی خۆمان دەکەین. کوردیش لە جیاتی بێت "کراسەکە بەبەری خۆی بدروێت، خۆی بۆ لاواز دەکات!"

ئەم شەڕەی، کە جەستەی ئافرەت کراوەتە ئامرازی، شەڕی ئێمە نییە. ئەگەر بە سادەیش ئاماژە بەجل و بەرگ بکەین، کە بووەتە جێی باس و هزری مرۆڤی کوردی پێ سەرقاڵ و سڕ دەکرێت. جل و بەرگی کوردی، کە بەشێک لە کلتوریەتی پۆشتە و جوانە، بەپێی نەریت و ژینگەی جوگرافی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە پەرەی پێدراوە. نە ئەوەندە رووتە وەک کەرەستەی سێکسی نمایشت بکات و نە ئەوەندەش توندە، کە جوڵە و ئازادی جەستەت سنوردار بکات. ئێمە نە پێویستمان بەجل و بەرگی رووتی سستمی سەرمایەدارییە و نەپێویستمان بەباڵاپۆشی کلتوری کۆمەڵگەی عەرەبییە. دایک و داپیرانی ئێمە پۆشتەترین ژنانی ناوچەکە بوون، چ لە رووی جوانی و کەشخەیی جل و بەرگ چ لە رووی هەیبەت و کەسایەتی. بۆیە ئەم شەڕەی ئێستا جەستەی ژنی کورد دەکرێتە ئامرازی، شەڕی بەوەکالەتەو پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. 

دوای پەیدابوونی تەڤگەری مۆدێرنیزیم، سیکولار و عەقڵانی، ناکۆکییەکی قوڵ لە گەڵ تەڤگەری ئیسلامی دروستبوو. بەجۆرەها شێوە کەوتە ململانێ و شەڕ تا گەیشتە ئاستێک، کە بەهەموو چەکێک داژیەتی یەکتر بکەن. بێگومان سوتەمەنی ئەم شەڕەش زیاتر جەستەی ئافرەتە، چونکە هەردوولا فشاری زیاتر دەخەنە سەر ئافرەت وەک رواڵەت و وەک قوربانی، چونکە کاتێک پێناسەی مرۆڤێک لە چوارچێوەی رواڵەت دەکرێت. ئەم کەسە لە رووی مەعریفە و زانینەوە کەسایەتی دەکەوێت ژێر پرسیارەوە و ناتوانێ خۆی بێت. هەمیشە بۆ رازیکردنی دڵی ئەوانیتر قسە و نمایش دەکات. تا ئاستێک لە هەموو مافەکانی خۆی خۆش دەبێت و دەبێتە بوکەشوشەیەکی نمایشکار. هزری ئاینی لە سەر ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام هزری مۆدێرن، سیکولار یان عەقڵانی زیاتر لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم. لەم ناوچەیە بڵاوبووەوە بەتایبەتیش لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر/ 1917، بۆیە ئەم هاوسەنگییە بەم بەرە یان ئەو بەرەدا لاسەنگ دەبوو.

دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران 1979، هەنگاو بەهەنگاو بەرەی ئیسلامی بەرزبووەوە، هەتا سەرەتای ساڵانی دوو هەزار. لە دوای دوو هەزارەوە، پێشکەوتنی شۆڕشی زانیاری یان تەکنەلۆژیا زۆر کەناڵ و دەرگای لە خەڵک کردەوە. ئەم شۆڕشي تەکنەلۆژییە زۆربەرزتربوو لە پێشکەوتنی عەقڵی ئەم ناوچەیە، ئەمەش وایکرد، کە بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە لە گەڵ ئەم کەناڵە نەکرێت. لێرە لە جیاتی ململانێیەکی عەقڵانی بەپێی ئاستی سەردەم لە نێوان ئەم دووبەرەیە و دۆزینەوەی بەرەی سێیەم، واتە بەرەی مامناوەند، هەردوو بەرەی هەریەک بۆ کایەی پێچەوانە رۆیشت.

ئەمە وایکرد شەڕەکە زیاتر لە سەر جەستەی ژن بوەستێت، سەرباری ئەوەی، کە ئەنجامی شەڕی یەک لە دوای یەکی ئەم ناوچەیە. رووکردنی گەنجەکان بۆ دەرەوەی وڵات. رەوشی ئابوری خراپ وایکرد، رێژەی ژن لە هی پیاو زیاتربێت (ئەگەرچی بە پێی دوا ئامار جیاوازییەکە زۆرنییە). بۆیە ژن زیاتر گرنگی بە "شۆ ــ Show" بدات. دامودەزگا و بابەتی بازرگانی ژن لە ناوەرۆکەوە، دەربازی ئاستی فۆرم و شێوەکرا. لەم بەرەیەدا چەند جەستەی ژن بەرەو رووتی رۆیشت لە بەرەی بەرامبەر لە ئاستی حیجابەوە بووە نیقاب، ئەمەش لە هەردوولا بەشێوەیەکی ناعەقڵانی و هەڵخەڵەتاندن رەگەزی مێ ئاراستەکرا. ئەمما ئەگەر قوڵتر سەیری ئەم کێشەیە بکەین، ئاستی هزر و دسپلین و پرەنسیپ کەم دەبن، جۆرێک لە هەڕەمەکی و ئەنارشیزم لە ناو خەڵکدا پەیدا دەبێت. ئەمەش دیارە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەمیشە ژن وەک کاڵا بەکارهاتووە. لە سەر ئاستی "جنێو، وشەی لەشفرۆشی یان تۆ ژن نی یان ژنانی"،وادەکات خێزانی سەقەت دروست بێ. بەدرێژایی مێژوو تێگەیشتن لە بری پراکتیک بەرچاو دەکەوێ، بیرکردنەوە و هەوڵدانی ژن وەک مرۆڤێک لە چوارچێوەیەکدا سڕکرا.

ئەمەش یەک لە سەر ئاستی ئەم سەردەمەیە، کە دنیا بووە گوندێک لە جیاتی بتوانن بەشێوەیەکی جوانتر و عەقڵانیتر سەیری ژیان بکەن، فۆرمێک پیشان دەدەن، وەک هی چەرخی ناوەڕاست، وایکردووە، کە رەوتی سەلەفیەت گەشە بکات. لێرەدا دەبێ خەڵکی رۆشنبیر و لایەنی پەیوەندیدار، زیاتر گرنگی بەوە بدەن، ئەگەرنا دەبێتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی، چونکە ئەگەر ئێمە سەیری دابونەریت و ئەدەبیاتی پێشوو بکەین وەک ئەوەیە، کە ئێمە چەند ساڵ بۆ دواوە گەڕاینەوە. کەواتە چەند تەکنەلۆژیا بەخێرایی پێش دەکەوێت، ئێمەش ئەوەندە خێرا بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە! دیارە دەوڵەتانی دەروبەر لە ناوەرۆکدا وابیریان نەدەکردەوە، ئێمە وەک نەتەوەیەکی لاواز لەم ناوچەیە خۆمان پیشان دەدەین.

کەناڵەکانی راگەیاندن، وەزارەتی رۆشنبیری، زانکۆکان، خوێندنی باڵا و پەروەردە، لە جیاتی گرنگی بەعەقڵ و هزری ژن بدەن، لە بواری جیاواز، گرنگی بەژن وەک جەستەیەکی نمایشکار دەدەن، کاتێک نیوەی کۆمەڵگە سەرقاڵی نمایش کرا، دەبێتە جۆرێک لە خۆکوژی بەکۆمەڵ، چونکە ئێستا جەستە هەموو پانتانییەکانی داگیرکردووە، لە جیاتی جەستەی عەقڵ و دیالۆگ پێشکەش بکرێت، جەستەیەکی رووت بۆ بواری سێکس، بێ عەقڵ، ئیرادەو بێ گیان لەم ئاستەدا هەردوو بەرە غەدر لە نەتەوەی نوێ و ئاراستەکردنی بەرەو پەروەردەیەکی سەردەمیانە دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین