پەرستارێک: نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئیستیغلالمان دەکەن ناوخۆیی

بەشێک لە پەرستاران گلەیی لە زۆری کاتی دەوام بەرامبەر بە نرخێکی کەم دەکەن، دەڵێن: رۆژێکی تەواو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بەرامبەر ( 25)هەزار دینار کاردەکەین، ئەگەر لەو پارەیە ناڕازی بین دەڵێن، بڕۆن سەد کەس مەمنونە لە جێگای ئێوەبێت. زۆربەی نەخۆشخانەکان عەرەب و سوری لێیە چونکە ئەوان بە پارەی کەم رازین. سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رەتیدەکەنەوە کە کارمەندانی بیانی گرنگی زیاتریان پێبدرێت.

بەهۆى پەتاى کۆرۆنا، هەلێكى زۆرى كاركردن بۆ پزيشكان و كارمەندانى تەندروستى لە نەخۆشخانە ئەهليیەكان رەخساوە، بەڵام لە بە دواداچوونێكی نوچەنێت دەردەكەوت کە "بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم، دەوامێکی زۆریان پێدەکرێت".

 بەپێی بەدواداچوونەکان، یەک سستم نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەرک و مافی کارمەندانی تەندروستی، هەر نەخۆشخانەی بە ویستی خۆی نرخی کارکردن دادەنێت. نرخی کارکردنی کارمەندێک لە ماوەی (12) کاتژمێر بەرامبەر بە (25-50هەزار دینار)ە. 

سێوە خالید، پەرستار، وەک یەکێک لەو کارمەندانەی کە گلەیی لە نابەرابەری ئەرک و مافی خۆی هەیە گوتی " لە حکومی دامەزراند نییە، لە کەرتی تایبەتیش ناچارین بەرامبەر پارەیەکی کەم کاربکەین، هەر کاتێک گلەیی بکەین پێمان دەڵێن: دەتوانن ئیش نەکەن سەد کەس مەمنونە  بەو پارەیە کاربکات لە کاتێکدا ئەوەی دیاریدەکەن بەرامبەر بە (12)کاتژمێر کارە. ئەمە ئیستغلال کردنە".

ئەو خانمە پەرستارە بەردەوامە لە گلەییکردن و دەڵێت" هەموو نەخۆشخانەکان مەرجی زمان زانینمان بۆ دادەنێن".

بەپێی قسەی بەشێک لەو کارمەندانە، دەرفەتی کار زیاتر بە دەستی کاری بیانی دەدرێت نەک ناوخۆ، چونکە ئەوان بە بڕە پارەیەکی زۆر کەمیش رازین. 

ياريدە دەرێکی پزیشکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لەسەر ئەم بابەتە بۆ نوچەنێت گوتی" من کارم لە نەخۆشخانەی ئەهلی و حکومیش هەیە، بەڵام هەقوايە دەرفەتى كاركردن زياتر بە گەنجانى خۆمان بدرێت". ئەو کارمەندە خشتەى كاركردنى رۆژانەیەکى بە نوچەنێت پيشان داو، روونى كردەوە لە کۆی شەش كەس كە لە خشتەی كارى رۆژێكدا دانراون،  پێنجيان سورى و عەرەبن!

بەختیار محەمەد، ياريدەدەرێکی پزیشکی ترە، رونیدەکاتەوە " پەرستار بەشی هەیە، بۆیە ناکرێت بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری نرخ و کارکردن بکەن، لە راستیدا پارەکەی کەمە و کاتەکەشی زۆرە بە قەد ماندووبوونەکە نییە ، لە هیج یاسایەکی کارکردن (12) کاتژمێر کارکردن بوونی نییە. کە کاتەکە زیاتر بوو پارەکە زیاتر دەبێت، سەندیکاش هیچ بەدواداچوون ناکات".

بەختيار محەمەد، باس لە نرخی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان دەکات کە بڕە پارەیەکی زۆریان لێوەردەگیرێت"بۆ نمونە ئەو نەخۆشانەى لە بەشى چاودێرِى چرِ دەخەوێنرێن رۆژانەى (900) تا مليۆنێك ديناريان لێ وەردەگيرێت، کەواتە بۆچی پارەی دکتۆر و چارەسەری نەخۆش کەم ناکرێتەوە بەڵام کرێی پەرستاران کەم دەکرێتەوە؟".

بەختيار محەمەد، هۆکارێکی تری کەمی کرێی کارمەندانی ناوخۆی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە" کێشەیەکی تر ئەوەیە لەبری پەرستاری خۆمان پەرستاری بیانی دەهێنێتە ناو نەخۆشخانەکان، بێگومان سەندیکا ئاگاداری ئەم خاڵەش نییە. نەخۆشخانە هەیە تەنیا کارمەندی بیانیەکانی لێبووە. ئەوانە چۆن ریگەیان پێدراوە کاربکەن لە کاتێکدا دەبێت زۆرترین هەلی کار بۆ ناوخۆ بێت".

شاخەوان سەلیم، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هەولێر، سەبارەت بە گلەیی ئەم کارمەندانە دەڵێت، ئێمە ناتوانین نرخ بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابنێین، بەڵام"چەند جار دانیشتنمان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر و لیژنەی بەدواداچوون، لەسەر رێکخستنی کارەکان. کردووە، ئەو کارمەندانەی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کار دەکەن دەبێت بڕوانامەکانیان لە  سەندیکا بهێننەوەو ئێمە دەفتەری کارکردنیان بۆ دەکەین".

شاخەوان سەلیم، ئاماژەی بەوەکرد کە تا ئێستا کارمەندێکی نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەهاتووەتە لامان سکاڵا بکات" ئەگەر کەسێک بێت سکاڵا بکات لەسەر ئەو بابەتە بکات یاخود پێشیلی مافەکانیان بکرێت، ئەوا یاداشتێك دەنوسین  بەرزی دەکەینەوە بۆ دەستەی باڵا تاکو ئەوان چاودێری نەخۆشخانەکان بکەن". 

سەبارەت بە هەبوونی کرێکاری بیانی، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی گوتی"ئەمساڵ جەنابی وەزیر نووسراوێکی دەرکردووە، بۆئەو کەسانەی بیانین تاکو بڕوانامەکانیان لە خوێندنی باڵا تەسدیق نەکرێت، بە هیج شێوەیەک رێگەی کارکردنیان پێ نادەین. سەبارەت بە هەلی کار دانیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کردووە کە دەبێت هەر  نەخۆشخانەیەک  %70 کارمەندی ناوخۆ بێت، لەگەڵ ئەوەش بیانیەکان کاریان راوەستەوە بەهۆی ئەوەی بروانامەکانیان تاکو ئێستا پشتراست نەکراوەتەوە. هەر کارمەندێکی بیانیش کاری کردبێت بەبێ ئاگاداری سەندیکا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، تاکو ئێستا چەندان نەخۆشخانە بەم جۆرە داخراون و سزا دراون".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین