ساڵ و نیوێک بەسەر رێککەوتنەکەدا تێپەڕی و هێشتا جێبەجێنەکراوە ناوخۆیی

سیهام میران-نوچەنێت

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵیت: رێککەوتنی شەنگال بە چاودێری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا، دەبوایە بە ئەرکی چاودێرییەکەی خۆی هەستابوایە و حکومەتی عێراق پابەند بکرایە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

جوان رۆژبەیانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە(27/تشرینی یەکەم/2021 ) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت گوتی"دەبوایە تا ئێستا رێککەوتنەکەی شەنگال جێبەجێکرابوایە، بەڵام هزرێکی شۆڤێنی هەیە نایەوێت ئەم ناوچانە ئاسایی ببنەوە، یان لاوازی دەسەڵاتی بەغدایە کە ناتوانێ خاڵەکان جێبەجێبکات".

رێککەوتنی شەنگال، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقدایە، لە(9/تشرینی یەکەم/2020) بەسەرپەرشتی (جنین پلاسخارت) نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق ئەنجام درا، ئەم رێیکەوتنە لە سەر چوار تەوەر بوو، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال, بەڵام تا ئێستا هیچ خاڵێکی ئەم رێککەوتننامەیە جێبەجێنەکراوە.

دەقی رێککەوتننامەی شەنگال: 

١.تەوەری کارگێڕی:

دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.

لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لالەیان ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قائیمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.

٢.تەوەری ئەمنی:

تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنوری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

بەھێزکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی، کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی شارۆچکەکە.

کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

٣.تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.

٤. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.

دانووستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەستی پێ کردووە، پێویستە ئەولەوییەت بۆ کێشەی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێ کردنی ماددەی 140 بێت و ببێتە خاڵێکی بەهێزی دانووستانەکان بۆ جێبەجێ کردنی و ئەو لیژنانەی تایبەتن بە ماددەی 140 چ لە حکومەتی عێراق و چ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارا بکرێنەوە و کورد کورسی هەبێت لەو لیژنانە.

جوان رۆژبەیانی دەڵیت"وەکو پەرلەمانتارێک دڵخۆشم بەوەی پارتی نوێنەری هەڵبژێردراوی شارەزا و کوردپەرەوەری هەن، کە دەتوانن داکۆکی لە ناوچە کوردستانییەکان بکەن و پێداگر بن لە جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستور و هەڵوەشاندنەوەی چەند چەند بڕیارێک کە کاتی خۆی مجلیسی قیادەی ثورە دەریکردوون و پێویستیان بە هەڵوەشانەوە هەیە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین