ئەگەری ئەوە هەیە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت؟ ناوخۆیی

سیهام میران-نوچەنێت

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە کێشەو گرفتەکانی پەروەردە دەکات و دەشڵێت: ئەوماوەیەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستایان تەرخانکراوە کەمە.

ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و کەمی میلاکات بە گرفتێکی کۆنی پەروەردە وەسف دەکات"بابەتی کەمی میلاکات، کێشە و گرفتێکی کۆنە لە پەروەردە، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەکە کەمی میلاک نییە بەڵکو خراپ دابەشبوونی مامۆستایانە. ژمارەیەك لە قوتابخانەکان مامۆستای زۆرە و ژمارەیەك مامۆستای کەمە".

سەبارەت بە چارەسەری ئەم کێشەیە ئەحمەد گەرمیانی رایوایە" وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ پلانیکی باشی بۆ ئەم گرفتە دانا. کەم کەم خەریکی چارەسەر کردنی کێشەکەیە. دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گریبەست دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە کە دروست بووە". 

جیا لە بۆشایی هەبوونی مامۆستای پێویست لە هەندێ قوتابخانە، کێشەی کەمی کتێبیش هەیە، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت" پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمی کتێب ئەوەیە، کتێب چاپکراوە هەوڵدەدرێت ئەم کتێبانە دابین بکرێت کە پێویستن. بێگومان کێشە و گرفت دروست دەکات کاتێك دابینکردنی کتێب دوادەکەوێت بەڵام هەوڵدەدرێت بەزووترین کات چارەسەر بکرێت". 

ئەم ماوەیە ئاستی توشبوان بە پەتای کۆرۆنا بەرزبووەوە، زۆربەی مامۆستا و قوتابی توشبوون، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر دەرگای خوێندنگەکان دابخرێت؟ ئەحمەد گەرمیانی گوتی" بەهیچ جۆرێک دەرگای قوتابخانەکان داناخرێت، بەڵام دەبێت لە ماوەیەکدا سەرجەم قوتابییان و مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن، هەرچەندە ئەو ماوەیەی بۆ لێدانی ڤاکسین لە مامۆستایان دانراوە کەمە، پێـموایە دەبێت درێژبکرێتەوە، سەرجەم قوتابییانی سەروو ١٨ساڵیش ڤاکسینیان لێبدرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین