ئایا لاهور شێخ جەنگی کوردستانی بە جێهێشتووە؟ ناوخۆیی

نوچەنێت-تایبەت

بەپێی راگەیاندنەکان لاهور شێخ جەنگی نامەیەکی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە، تێێدا داوایکردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دیالۆگ و گفتوگۆبکەن، بەرپرسێکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: بابەتەکە بەمجۆرە نییە.

ئەگەرەکانی بەردەم گفتوگۆکانی هاوسەرۆکانی یەکێتی چین؟

 رۆژی(8/تەموز/2021)کودەتایەکی بێ تەقە لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدرا، ئەو شەوە سەرەتای تەقینەوەی کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو. هەموو ئەو بەرپرسە حزبی و حکومییانەی کە لە لاهور شێخ جەنگی نزیک بوون، لەسەر کار لادران و شوێنەکانیان بە کەسانی نزیک لە کوڕانی مام جەلال تاڵەبانی سەرکردەی کۆچکردووی یەکێتی پڕکرایەوە، لە راگەیاندنیش چەندجارێک بڵاوکرایەوە کە لاهور شێخ جەنگی ئیتر هاوسەرۆک نییە، دواتر بڵاویان کردەوە ئەگەر لەو پۆستەش بمێنێت ئەوا هاوسەرۆکێکی پەراوێز خراو و بێدەسەڵات دەبێت.

ئەم ماوەیە چەند بەرپرسێکی یەکێتی رایانگەیاند کە" بەمزوانە هەردوو هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بەیەکەوە کۆدەبنەوە". لە لێدوانێکدا شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە نوچەنێتی راگەیاند" لە سیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە".

جەمیل هەورامی، سەرۆکی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی بە میدیاکانی راگەیاند" لاهور شێخ جەنگی، بە نامەیەک داوای لە بافڵ تاڵەبانی کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کۆببنەوەو گفتوگۆبکەن".

بەرپرسێکی یەکێتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە نوچەنێتی راگەیاند" ئەوەی باس دەکرێت نامە نییە، بەڵكو پەیامە کە شێخ لاهور بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە، داوایکردووە کە  گفتوگۆ لەسەر کێشەکانیان بکەن".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی زیاتر روونیدەکاتەوە" لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقەوەو، کەمکردنی کورسییەکانی یەکێتی، هەوڵ دەدرێت هەردوو هاوسەرۆک کۆببنەوە و دیالۆگ بکەن، هەوڵەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی یەکێتی و هەرێمین، وەکو: سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، ئێران وعیراق".

لە دوای (8/ تەموز/2021) بافڵ تاڵەبانی چەندجارێک لە کەناڵی جیا جیاوە رایگەیاند کە" ژەهر خوارد کراوەو بەڵگەی سەلمێنەری لەبەردەستدایە" ماوەی دوو رۆژە دەنگۆی ژەهرە خواردنی چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی(وەستا حەسەن، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سلێمانی، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان" لە ئارادایە و لاهور شێخ جەنگی بەو کارانە تۆمەتبار دەکرێت، ئایا لەم کاتەدا کە باسی ژەهر خواردنی بەرپرسانی یەکێتی گەرمە دەتوانرێت وەها کۆبوونەوەو دیالۆگێک چ ئەنجامێکی هەبێت؟

بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێت" ئەو بەڵگانەی کە باس دەکرێن لەسەر ژەهر خواردکردنی بەرپرسەکانی یەکێتی، هیچ کەس لەوانەی ناوبژی دەکەن نەیانبینیوە واتە تا ئێستا بەس قسەیە، ئەگەری دووەم ئەوەیە کە مەترسی هەیە شێخ لاهور یان حزبێک دروست بکات کە رابەرایەتی دەنگە نارازییەکان بکات، چونکە بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەنگی ناڕازی زۆرە، دوو ئەزمونی شکستخواردووی ئۆپۆزسیۆنی وەک، گۆڕان و هاوپەیمانی نیشتیمانی بەرهەم ساڵح هەن، لە ئێستادا کەسی لە لاهور شێخ جەنگی باشترنییە بۆ رابەرایەتیکردنی ئەم دەنگانە، بۆیە ئەگەری یەکەم، ئەوەیە کە کوڕانی تاڵەبانی لەوەبترسێن چونکە لاهورشێخ جەنگی حزب دانێت بە دڵنیاییەوە خەڵکێکی زۆر لە ناو یەکێتی لەگەڵی دەڕۆن".

ئایا لاهور شێج جەنگی بە تەمای چییە؟ بەراستی نیازی دانانی حزبی هەیە؟ بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێت"سێ ئەگەر لەبەردەم شێخ لاهورە، یەکەمیان ئەوەیە کە باسمان کرد حزبێک دانێت و رابەرایەتی خەڵکی ئۆپۆزسیۆن بکات، ئەگەر دووەم ئەوەیە کە بلۆکێکی نیشتیمانی دروست بکات کە خەڵك بتوانن لە لایەنی سیاسی جیاوازەوە بەشداربن، هەروەها خەڵکی تەکنۆکراتیشی تێدابێت، وەک ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە باکور کردی، ئەگەری سێیەم ئەوەیە کە ببێتە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەیان لاوازترین ئەگەرە".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەر ببێتە رێکخەری گشتی گۆڕان دەتوانێ گۆڕان زیندوو بکاتەوە؟ بەرای ئەو بەپرسە" لەناو بزووتنەوەی گۆڕانیشدا سێ را هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە داوادەکەن بڕؤنەوە ناو یەکێتی، رای دووەم ئەوەیە کە کاربۆ زیندووکردنەوەی گۆڕان بکەن، رای سێیەم ئەوەیە کە لاهورشێخ جەنگی ببێتە رابەریان چ لەناو گۆڕان یان دەرەوەی گۆڕان بێت".

لە هەفتەی رابردوودا (عەدنان موفتی) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"داواکراوە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو یەکێتی بکرێت". ئەوەی ئێستا لە راگەیاندنەکان و بەرپرسانی یەکێتییەوە دەبیسترێت ئەوەیە کە کوڕانی تاڵەبانی، خواستی ئەم رێککەوتنەیان لە پێشتر زیاترە. ئایا هۆکارەکەی چییە؟ بەرپرسەکەی یەکێتی جەخت لەسەر دووئەگەر دەکاتەوە" یەکەمیان ئەوەیە کە دەترسێن کە شێخ لاهور حزب دروستبکات، دووەم ئەوەیە کە رەنگە بیانەوێت تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هەوڵدان و گفتوگۆوە مەشغوڵی بکەن بۆ ئەوەی مەترسی زیاتر لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دروست نەبێت".

هەر ئەمڕۆ شەممە(30/تشرینی یەکەم/2021)لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە کە لاهور شێخ جەنگی کوردستانی بە جێهێشتووە، بەرپرسەکەی یەکێتی گوتی" ئەوە دەنگۆ و شەڕی دەرونی سۆشیال میدیایە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین