توركيا بۆ ئۆپراسيۆنى ئەمجارە پێويستى بە رەزامەندى ئەمريكا و رووسيايە هەیە شیکاری

نوچەنێت:

دواى كۆكردنەوەى هێزەكانى سوپاى توركيا لەسەر سنوورەكانى سووريا، سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "له‌ كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسمان له‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان كردووە، نیگه‌رانی توركیام به‌رانبه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ پێ راگه‌یاندو‌وە"، ئەو لێدوانەى ئەردۆغان بۆتەى مايەى دروستبوونى پرسيار لەسەر ئەگەرى ئۆپراسيۆنى تازەى سوپاى توركيا بۆ سەر ناوچە كوردييەكان.

لەبەرانبەردا واشنتن هێزەكانى (هەسەدە) بە هاوپەيمانێكى سەرەكى دژ بە رێكخڕاوى تيرۆرستى داعش دەزانێت.

جيمس جيفرى، نێردەى پێشووى سەرۆكى ئەمريكا بۆ كاروبارى سووريا لە ديدارێكى لەگەڵ كەناڵى (حوڕە) تيشك دەخاتە سەر لايەنەكانى ئاڵۆزييەكانى چەند رۆژى رابردوو، لە سەرەتاى ديدارەكەیدا دەڵێت، "وەك ساڵى پێشوو ئێمە پێشبينى دەكەين توركيا لە ناوچەكانى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا، يا رۆژئاوا لە نزيك حەلەب ئۆپراسيۆنى سەربازى ئەنجام بدات" 

ئۆپراسيۆنێكى ئاڵۆز

جيفرى لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "هەر ئۆپراسيۆنێكى هێزەكانى توركيا بەرەو رۆژهەڵات يا رۆژئاوا رووبەڕووى دۆخێكى ئاڵۆز دەبێتەوە، چونكە  توركيا لە مانگى تشرينى يەكەمى (2019) هێزەكانى لەو ناوچەيە، ئەوەش وادەكات لەگەڵ هێزەكانى ئەمريكا يا هێزەكانى رووسيا رووبەڕووى يەكتر ببنەوە، ئەو دۆخەش بۆ هێزەكانى توركيا زۆر ئاڵۆز دەبێت". 

سەبارەت بە رەزامەندى سەرۆكى وڵاتەكەى جيفرى رايگەياند، "سەرۆك بايدن هيچ رێپێدانێكى لەكۆبوونەوەى رۆما بە ئەردۆغان نەداوە، لەبەر ئەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا دەستبەردارى هێزەكانى (هەسەدە) نابن، چونكە ئەو هێزانە لە شەڕى دژ بە داعش و گرووپە تيرۆرستييەكانى تر كە تا ئێستا هەڕەشەن بۆسەر ئاسايشى ناوچەكە و جيهان زۆر چالاكن، بايدن لە (2016 )وە زۆر بەوردى ئاگادارى ئەو دۆسيەيە، بۆيە گڵۆپى سەوزى بۆ توركيا هەڵنەكردووە".

هەراسانكردنێكى مەترسيدار

ئيلان بيرمان جێگرى پێشووى سەرۆكى ئەنجومەنى ئەمريكا بۆ سياسەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە و پسپۆڕ لە ئاسايشى ئەو ناوچەيە لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەياند، "بەردەوامى هاوكارى ئەمريكا بۆ هێزە كوردييەكان سەرچاوەى هەراسانەكردنێكى مەترسيدارە، ئەگەرى تێكچوونى پەيوەندييەكانى ئەمريكا و توركيا هەيە، ئەو ناكۆكيەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئيدارەى ئۆباما، كە بڕيارى دا لە شەڕى دژ بە داعش هاوكارى هێزە كوردييەكانى ئەو ناوچەيە بكات، پاشان ئيدارەى دۆناڵد ترامپ بەردەوام بوو لەو هاوكارييانە، كوردەكان بۆ واشنتن زۆر پێويستن، چونكە ئەمريكا نايەوێت داعش بگەڕێتەوە سووريا، كێشەى داڵدەدانى چەكدارانى بيانى و پەنابەرانى سووريا لە توركيا خاڵێكى ترى ناكۆكى نێوان ئەو دوو وڵاتەيە".

پابەندى بە بەڵێنەكان

چاودێرانى سياسى پێيان وايە، "كۆكردنەوەى هێزەكانى توركيا لەسەر سنوورەكانى سووريا، بە ئامانجى هێرشكردنە سەر هێزەكانى (هەسەدە) يە، بەتايبەت دواى ئەوەى گوندى قەرقەميش لە نزيك سنوورەكانى سووريا بۆردومان كرا، توركياش دەڵێت، "مووشەكەكان لە ناوچەى كۆبانێ ئاڕاستەى خاكى توركيا كراوە".

بەڵام جيفرى دەڵێت، "هێرشەكانى دژ بە توركيا لە ناوچەى غازى عەنتابى رۆژئاواى سووريا بووە، نەك باكوورى رۆژهەڵات، چونكە هێزە كوردييەكان بەڵێنيان داوە هيچ هێرشێك لەو ناوچەيە نەكرێتە سەر توركيا، ئەوانيش رێزى بەڵێنەكانى خۆيان دەگرن، دواى ئەوەش توركيا چەندين جار بۆردوومانى ئەو هێزانەى كردووە كە پێى وايە لەگەڵ پەكەكە هاوسۆزن".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "هەرچەندە هێزەكانى (هەسەدە) لە ناوچەكانى سەرێ كانى و تەلعومەرى نزيك سنوورەكانىى توركيا هێرشيان كردۆتە سەر هێزەكانى ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو ناوچانە توركيا داگیریكردوون هێرشەكانيش سنوورداربوون، ئايا ئێمە باس لە هێرشى گەورەت دەكەين؟ بە دڵنياييەوە توركيا هێزەكانى خۆى و ئۆپۆزسيۆنى لەو ناوچانە كۆكردۆتەوە، بۆ ئەوەى ئۆپراسيۆنێكى فراوانى وەك ساڵى (2018 ) ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا نازانين توركيا بە نيازى چييە، هەرچەندە دڵنيام سەرۆك بايدن هۆشدارى داوەتەوە ئەردۆغان هەر هێرشێك بكات، دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت". 

هێرشى ئەم جارە وەك جارى پێشوو نابێت

نێردەى پێشووى سەرۆكى ئەمريكا دەڵێت،  "ئۆپراسيۆنى ئەمجارەى توركيا دەبێتە پێنجەم ئۆپراسيۆن، بەڵام ئەم جارە وەك جارى پێشوو نابێت، چونكە لە (2019) ئەمريكا بەهۆى هێرشەكان دوو بەرپرسى سەربازى سزادا، ئەو سزايە بەردەوام بوو تا توركيا لە (17) تشرينى يەكەم هێرشەكانى راگرت، بەڵام توركيا ئێستا هەمان دۆخى ئەو كاتى نييە، ئەگەر  هێرشى تازە ئەنجام بدات، دەزانێت ئەمريكا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى چى بەرانبەر دەكەن".

توركيا پێويستى بە رەزامەندى مۆسكۆ و واشنتن هەيە

جيفرى پێى وايە "كارێكى قوڕسە توركيا جارێكى تر هێرش بكاتە سەر باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا، چونكە هێزەكانى ئەمريكا و رووسيا لە رۆژهەڵات و رۆژئاواى هێزەكانى توركيان لەو ناوچانە، هەر هێرشێكى لە باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا، وەك (2019) نابێت، ئەمجارە ئەمريكا  و رووسيا بەهێز دژى دەوەستنەوە، كەواتە بۆ ئەم ئۆپراسيۆنە پێويستى بە رەزامەندى رووسيا هەيە لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى هێزەكانى مۆسكۆ هەيە، بەهەمان شێوە پێويستى بە رەزامەندى هێزەكانى ئەمريكاشە لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى ئەمريكا".

سەبارەت بە پەيوەندييەكانى نێوان ئەمريكا و كورد لەو ناوچەيە، جيمس جيفرى رايگەياند، "هەماهەنگى بەردەوام لە نێوان هێزەكانى ئەمريكا و ديپلۆماتكاران و سەركردايەتى (هەسەدە) هەيە، من دڵنيام گفتوگۆ لەسەر ئەگەرى ئۆپراسيۆنەكانى توركياش كراوە".

سەبارەت بە وەڵامى ئەمريكاش بيرمان دەڵێت، "ئەگەر توركيا ئۆپراسيۆنەكانى دەست پێكرد روون نييە ئەمريكا چۆن وەڵامى هێرشەكانى توركيا دەداتەوە"، بەڵام جۆن كێربى وتەبێژى پنتاگۆن رايگەياند، "هێزەكانى (هەسەدە) هاوپەيمانى سەرەكى ئەمريكان لە شەرى دژ بە داعش لە سووريا، واشنتن ئەو هاوبەشييەى بەجدى وەرگرتووە".

سەبارەت بەو راپۆرتانەى باس لە ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى توركيا دژ بە (هەسەدە) دەكەن، كێربى هيچ كۆمێنتێكى لەسەر ئەو راپۆرتانە نەبوو، تەنيا ئاماژەى بەوە كرد، "هەماهەنگيمان لەگەڵ هێزە كوردييەكان بەردەوام دەبێت، ئەمريكا مافى خۆيەتى لە سووريا يا هەر شوێنێكى ترى جيهان ئەگەر پێويست بێت بەرگرى لەخۆى بكات".

لە لايەكى ترەوە پەيامنێرانى ئاژانسى فرانس پرێس رايانگەياند، " رۆژى شەممە شاندێكى سەربازى ئەمريكا بە چوار تانك سەردانى سەنگەرەكانى هێزە كوردييەكانيان لە نزيك قاميشلى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا كردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین