فۆڕین ئەفەیرز: ڕوسیا هێزی باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

پێویست ناکات ئەمریکا زیادەڕەوی بکات لە زۆر گەورە پیشاندانی هەڕەشەکانی ڕوسیا لەسەر ئەمریکا، ئەمە ئەو دەرەنجامەیە کە هەردوو نوسەر فريدريك ويری وئەندرو ئێس وايس پێی گەیشتوون لە وتارێکی هاوبەشیاندا لە جۆرناڵی (فۆڕین ئەفەیرز)ی ئەمریکیدا.

هەردوو نووسەر وتارەکەیان دەستپێدەکەن بە ئاماژەدان پێشانگای ساڵانەی چەک و تەقەمەنیی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا کە مانگی ئاب و لە دەرەوەی شاری مۆسکۆ بەڕێوەچوو، وەزارەتەکە دوا هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ پێشانگاکە، تێیدا لە ماوەی سێ ڕۆژدا وەزیرانی بەرگری و کەسایەتییە دیارەکانی 41 وڵات، بەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، بینەری نمایشی جۆراوجۆر بوون، وەکوو: دواترین تەکنۆلۆجیای سەربازیی روسیا، تاقیکردنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان، سەماکارانی بالیە لەسەر تانکە سەربازییەکان، هەروەها ئەو فیلمە ئاکشنەی باس لە رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی روسی دەکات لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە کەوتنە خوارەوە لە سوریا لە ساڵی 2015 دا.

پەیامێکی روون

هەردوو نووسەر ئاماژە بەوە دەکەن کە نمایشەکەی روسیا لە هەمان ئەو هەفتەیەدا کرا کە تێیدا ئەمریکا بێزراوانە لە ئەفغانستان کشایەوە، پەیامەکە ڕوون بوو: ڕوسیا بە بەهێزی گەڕاوەتەوە سەر شانۆی جیهانی، و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕوسیا دەمێکە ئەوەی کردووە بە خوو کە هەڵەکانی ئەمریکا و ئەو گومانانەی لەسەری هەن سەبارەت بە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرهەق بە هاوپەیانەکانی، دەقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی روسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەو هەڕەشەیەی ڕوسیا دروستیدەکات بۆ سەر ئەو سیستمە ئاساییشییەی ئەمریکا ڕێبەری دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، زۆر کەمترە لەو هۆشدارییانەی کەسایەتییەکانی سەردەمی ترەمپ دەیدەن بە گوێماندا، وەکو چۆن بۆڵتن و ماک ماستەر ڕاوێژکارانی ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ.

لە جیهانی عەرەبیدا هەڵپە و هیواکانی ڕوسیا زۆر زیاتر دەڕۆن لەچاو هەژموونی ڕاستەقینەی روسیا

 

لە جیهانی عەرەبیدا بە تایبەت، هەڵپە و هیواکانی ڕوسیا زۆر زیاتر دەڕۆن لەچاو هەژموونی ڕاستەقینەی روسیا لە ناوچەکەکەدا. بۆیە پێویستە سیاسەت دروستکەرانی ئەمریکا خۆیان لابدەن لە زیادەڕەویکردن لە خەمڵاندنی تواناکانی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت ئێستا کە خەریکی پینەکردنی کارەساتی کشانەوە لە ئەفگانستان و دڵدانەوەی هاوبەشەکانیانن لە ناوچەکەدا.

هێزی پووتیمکین

هەردوو نوسەر باسی ئەوە دەکەن کە بە هەندێک پێوەر ڕوسیا ڕۆڵی بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی و میلیشیا لە سوریا و یەمەنی گیرخواردووی دەستی جەنگ، کە بەمەش دەری دەخات توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی هەیە کە واشنتن بەجێیان دەهێڵیت. کریملین هەروەها ڕیوشوێنی دیکەشی داناون بۆ بەهێزکردنی جێگا پێی خۆی لە باکووری ئەفریقا، شام و کەنداو. ڕوسیا چەکیش دەفرۆشێت بە هەندێک دەوڵەتی عەرەبی وەکو جەزائیر، میسر و عێراق. هەروەک مۆسکۆ لەگەڵ سعودیە لە نزیکەوە کاردەکات بۆ ئیدارەدانی بازاڕی نەوتی جیهانی لە ڕیگای ئەو ڕێککارییانەی بەهۆی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس دەیگرنە بەر. هەروەک سەرانی روس و ئیسرائیلی برەو بە بابەتی بەهێزیی پەوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل دەدەن، لەکاتێکدا لە پشت پەردەوە کاردەکەن، بۆ دووربوون لە ململانێ و لە یەکدان لە سوریا.

مۆسکۆ ئەم ئۆپراسیۆنە دیپلۆماسی و سەربازییانە بە سانایی و بە کەمترین زیان ئەنجام دەدات. هیچ شتێکیشی نییە رژێمی سەرۆک ڤلادیمیر پووتین توشی دڵەڕاوکێ بکات لە ئەنجامدانی پلانەکانیان، چونکە نە پەرلەمانێکی سەربەخۆ هەیە و نە میدیایەکی ئازاد، ئەمەش مانای وایە ڕوسیا لە سیاسەتکردنیدا ترسی نییە لە کاردانەوەکانی هەنگاوەکانی، هەروەها ترسی نییە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەم بابەتی گوێنەدان بە مافی مرۆڤەش سەرنجی سەرکوتکارانی عەرەب ڕادەکێشێت کە هاریکارییە مەرجدارەکانی ئەمریکایان بە دڵ نییە. سوریا و لیبیا دوو نموونەی دیارن لەسەر ئەوەی چۆن ئەم بابەتە بە سوودی روسیا شکاوەتەوە؛ ئەوەتا لە ڕیگای مامەلەکردن لەگەڵ ئەو کارەکتەرە نەخوازراوە ناوخۆیی و هەرێمییانەی دەروەی بازنەی مامەڵەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، مۆسکۆ بووەتە ڕۆڵگێڕێکی کاریگەر لە ململانێکانی هەردوو وڵاتی سوریا و لیبیا.

کاریگەرییەکی لاواز

بەپێی ئەو دەرەنجامانەی هەردوو نووسەر پێی گەیشتوون، کاریگەریی ستراتیجیی روسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوە لاوازترە کە زۆر لا تێیگەیشتوون. دەڵێن ئەگەر تەماشایەکی ئۆپراسیۆنەکانی کریملین بکەیت لە ناوچەکەدا، بە خێرایی شکستەکانیت بۆ دەردەکەوێت. هۆکاری ئەوەش سنوورداریی ئەو ئامرازە سیاسییانەیە کە روسیا دەستی پێیان دەگات، بە تایبەت لە سەروبەندی ئاڵۆزیی شانۆی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. بۆیە سەرەڕای ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی روسیا بە لایەنە کاریگەرە هەرێمییەکان، ئەم لایەنانە بە ئاسانی نابنە کرێگرتەی گوێ لە مستی روسیا. نەک ئەوە، بەڵکو ئەو لایەنانە توانایەکی سەیریان پیشان داوە لە شکستپێهێنانی هەڵپەکانی روسیا، کەچی ستراتیجیستە ڕۆژئاواییەکان هەست بەمە ناکەن.

بۆ نموونە لە سوریا، کە زۆر جار وەکو بەردی بناغەی گەڕانەوەی مۆسکۆ دادەنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجار ڕوسیا شکستدێنێت لە مامەڵەکردنی پێویست لەگەڵ گۆڕانکارییەکان. ڕاستە لەلایەکەوە سەرکەوتوو بووە لە هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات و هێشتنەوەی کۆنترۆڵی ئەو بەسەر قووڵایی سوریادا لە چوار ساڵی ڕابردوودا.

بەڵام هەر لەو ماوەیەی لە سوریایە، کریملین چەندین جار ڕووبەڕووی لەمپەر بووەتەوە کاتێک ویستوویەتی یارمەتی ڕژێم بدات دەستی بەسەر هەموو خاکی سوریادا بڕوات، هەروەها کاتێک ویستوویەتی گەمارۆکان لەسەر ڕژێمی سوریا لاببرێن و یارمەتی دیمەشق بدرێت بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکە، ئیتر با بابەتی دەستێوەردانی دەوڵەتە دەرەکییە بەهێزەکانی وەکو تورکیا و ئەمریکاش لەولاوە بوەستێت. هەروەها مۆسکۆ زۆر جار ناچارە مامەڵە بکات لەگەڵ مەیلی ڕژێمی ئەسەد کە دەیەوێ دڵی هەردوو سپۆنسەرەکەی رازی بکات کە ئێران و ڕوسیان لە هەمان کاتدا و هەندێکجار دژ بە یەکتر.

زۆرجار ڕوسیا شکستدێنێت لە مامەڵەکردنی پێویست لەگەڵ گۆڕانکارییەکان

هەردوو نوسەر دەڵێن دەستێوەردانی روسیا لە لیبیاش ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە. ئەوە بوو لە کۆتاییەکانی 2019  روسیا چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڤاگنەری خستە خزمەتی خەلیفە حەفتەری جەنگاوەر، کە پێشووتر پیاوی سی ئای ئەی بووە و ئێستا نیوە ڕۆژهەڵاتەکەی لیبیای لە دەست دایە. بەڵام هەمیشە ڕوسیا گومانی لە لێهاتوویی حەفتەر و هەواداریی ئەو بۆ روسیا هەبووە. لە ناوەڕاستی 2020 و لەگەڵ گەیشتنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ پشتیوانیی حکومەتی لیبیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا ناوە و دژبەری حەفتەرە، ڕوسیا وازی هێنا لە هێرشکردن بۆ سەر پایتەخت، و ڕوویکردەوە ڕێڕەوی دیپلۆماسی.

هەوڵەکانی روسیا بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لەوانەش خراپتریان بەسەردا هات. ئەوە بوو نە میسر و نە جەزائیریش، کە بڕێکی زۆری چەکی ڕوسی دەکڕن، ئامادە نەبوون هاوبەشێتیی ستراتیجیی هەمیشەیی لەگەڵ روسیا پێکبهێنن، یاخود ڕێگەی بدەن بەشێوەیەکی درێژخایەن و جێگای متمانە بنکە ئاسمانییەکان و دامەزراوە دەریاییەکانیان. هەروەها بازرگانیی روسیاش دیسان تا رادەیەک سنوردارە. هەروەها بە پێچەوانەی یەکێتیی سۆڤیەت لە پێشوودا، ذەوڵەتی روسیای ئەمڕۆ کارناکات لەسەر پارەدان بە پرۆژەی پەرەپێدان و ژێرخانیی زەبەلاح، چونکە ئێستا کۆمپانیا ڕوسییەکان ئامانجی سادەتریان هەیە، کە لە پارە پەیداکردندا خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئۆفەرانەی کۆمپانیا روسییەکان هەیانە هەمیشە ناتوانێت شان بدات لە شانی کۆمپانیا چینی و ئەمریکی و ئەوروپییەکان.

ئامرازگەلی ناکام

هەردوو نووسەر وایدەبینن ئەم کاریگەرییە سنوردارانەی روسیا ئەو ڕاستییە دوپات دەکەنەوە کە ئامرازە سیاسییەکانی روسیا گونجاو نین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورانەی ڕووبەڕووی ئەم ناوچەیە دەبنەوە، لەنێوانیاندا لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا، سەرەڕای کێشە بنەڕەتییەکانی وەکو فەرمانڕەوایی ستەمکاری و گەندەڵی و خواستە بەدینەهاتووەکانی خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەت گەنجان کە دەیانەوێت دەستیان بە هەلی ئابووری بگات.

سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ناتوانێ بە ئاسانی وەڵامی ئەو داواکارییانەی خەڵکەکە بداتەوە، بەڵام هیچ نەبێ فەزڵی ئەوەی هەیە کە لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا مامەڵە لەگەڵ ناوچەکە بکات کە سەرنجدەخاتە سەر مافەکانیان، بە تایبەت لە سایەی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن. بۆ نموونە لە لیبیا، تاکو ئێستاش خەڵکی تیبینیی ئەوە دەکەن و بەرز دەینرخێنن کە واشنتن هەوڵی داوە لە دوای شۆڕشی ئەو وڵاتە چاودێریی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەروەردە و میدیای ئازاد و فەرمانڕەوایی خۆماڵی بکات، ئەوەش تەواو پێچەوانەی بابەتەکانی جێ سەرنجی ڕوسیایە کە دەیەوێت لە گرێبەستەکانی چەک و ژێرخان و وزەدا پارەی دەستبکەوێت، بێئەوەی گوێ بداتە بەڵگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی تاوانەکانی جەنگ کە میلیشیاکانی ڤاگنەر ئەنجامیان داون.

بە لۆجیکی بینینی هەڕەشەی ڕوسیا

بەگوێرەی وتارەکە، نابێت وەهمسازی بکرێت لەبارەی توانای کریملین لەم ناوچە ئاڵۆزەدا. وتارەکە پێشنیاز دەکات خەمڵاندنێکی روون و راست بکرێت بۆ ئەو ئاڵنگارییە تایبەتانەی بەهۆی چالاکییەکانی روسیاوە بۆ ئەمریکا دروست بوون، نەوەک بەردەوام پەیامی ترسێنەر بڵاوبکەنەوە. بە تایبەت، دەبێت واشتن بزانێت کە لە زۆر حاڵەتدا مۆسکۆ ناگاتە ئامانجەکەی خۆی، بەهۆی توانا سنوردارەکانی و توانای هێزە کاریگەرە ناوخۆییەکن لە تێکدانی پلانەکانی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم توانا سنوردارانەی روسیا، دەبێت واشنتن واز لە ڕوانین بۆ ناوچەکە بهێنێ لە ڕوانگەی جەنگی ساردەوە. هەموو ڕووداوێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستکەوت یان لەدەستدان نییە لە جەنگێکی کراوەی بە وەکالەتدا لەنێوان ئەمریکا و روسیا. بۆ نموونە، لەسەر سیاسەت دروستکەرانی ئەمریکا پێویستە واز لە پێشبڕکێ لەگەڵ روسیا بهێنن لە فرۆشتی زۆرترین فرۆشی چەک بە دەوڵەتانی ناوچەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سیاسەت داڕێژەرانی ئەمریکا نابێ شەرم بکەن لە ئاڵنگاریکردنی چالاکییەکانی روسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک بەرەنگاریی ئامانجداریان هەبێت بۆی، جا لە ڕێگەی دیپلۆماسی بێت یان ئابووری یاخود سەربازی، یان لە ڕێگەی فشاری دیکەی نهێنی. بۆ نموونە، دوای ئەوەی مۆسکۆ دەستیکردبوو بە چاپکردنی پارەی ساختەی لیبی بۆ یارمەتیدانی حکومەتەکەی حەفتەر کە خەرجییەکانی خۆی لێ دەربهێنێت، دەوترێ بەرپرسانی ئەمریکا هاوبەشانی وڵاتەکەیان لە ماڵتا ئاگادارکردووە و ئەوانیش دەستیان بەسەر بارێکدا گرتووە کە بایی زیاتر لە ملیارێک دۆلار پارەی ساختەی لیبییان هەڵگرتبوو.

ده‌بێت واشنتن واز له‌ تێڕوانینى جه‌نگى سارد بهێنێ
 

هەروەها زانیارییەکی هەواڵگریی ئەمریکی بووەهۆی دەستگیرکردنی دوو کرێگرتەی روسیا لە پایتەختی لیبیا. هەندێک جاریش ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت سەرنجی ڕای گشتی بخاتە سەر هەڵەکانی ڕوسیا، بۆ نموونە کاتێک فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ئەفریقا هەندێک وێنەی هەواڵگریی بڵاوکردەوە کە هەبوونی هێزی سەربازیی ڕوسیا لە لیبیا دەسەلمێنن و ئەوەش بووە بەڵگە لەسەر ئەوەی روسیا یاسای قەدەغەی چەکی پێشێل کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندوویەتی. پێناچێ ڕێوشوێنگەلی لەم جۆرە کار لە ویستی گشتیی ڕوسیا بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت بکات، بەڵام لەوانەیە ببێتەهۆی بێئومێدکردن یان خاوکردنەوەی ئامانجە زۆر زیانبەخشەکانیان.

لە دەرەنجامی وتارەکەیاندا هەردوو نووسەر جەخت لەوە دەکەنەوە کە شکستە گەورەکەی ئەمریکا لە ئەفگانستان کار لە پێگەی ئەو وڵاتە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. بەڵام لە کۆتاییشدا وەکو نوسەرەکان دەڵێن هێشتا ئەمریکا ڕەسیدی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزە، ئەوەتا: هەژموونی سیاسی و ئابووری، هێزی نەرم (دیپلۆماسی) و هێزی ڕەق (سەربازی)، دیپلۆماسیەتی فرە ڕەهەند، فەرماندەیی سیستمێکی جیهانیی بونیاتنراو لەسەر بنەمای دیاریکراو، ئەمانە هەموو وادەکەن دەستی ئەمریکا باڵا بێت بەسەر هەموو کێبڕکێکارەکانیدا. شرۆڤە وتارەکە ڕاوێژ دەداتە سیاسەت داڕێژەرانی ئەمریکا کە کار لەسەر بەهێزکردنی ئەو بەهایانەی ئەمریکا بکەن لەبری گەورە پیشاندانی ئەو هەڕەشەیەی ڕوسیا لەسەر ئەمریکا دروستی دەکات.

سه‌رچاوه‌: ساسە پۆست
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین