وەزارەتى پێشمەرگە: هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق ئۆپراسیۆنێکى سەرکەوتوویان ئەنجامدا کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى پێشمەرگە، لەسەر ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکەى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا."

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە شەشى تشرینى دووەم (2021)، وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا وردەکارى ئۆپراسیۆنى هاوبەشەى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەخاتەڕوو لە نێوان میحوەرکانى یەک  و دوو لە سنوورى نەینەوا ئەنجامدرا.

روونیشدەکاتەوە، "ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە."

 

دەقى ڕاگەیێندراوى وەزارەتى پێشمەرگە:

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا. 

کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر ۱۲،۳۰ هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.

لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو. 

ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە. 

بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورەو تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا. 

ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی تر. 

لەدواین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکداردەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین