ڕووسیا لە وەڵامی ئەمریکادا: سوپاکەتان بە جیهاندا دەگەڕێ و پشێوی دەنێتەوە! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە واشنتن وەڵامی لێدوانەکانی ئەمریکا دەداتەوە لەبارەی مانۆڕە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ناوچە سنوورییەکانی ناوخۆیدا، و دەڵێت، پەنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێویستە چاویان لەسەر هێزە سەربازییەکانی خۆیان بێت کە بە دونیادا دەسوڕێنەوە و پشێوی دەنێنەوە.

بۆچوونەکەی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لەسەر پەڕەی تایبەتیی باڵیۆز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە و تێیدا نووسیویەتى، "سەرمان سوڕماوە لە ڕاگەیێندراوە ڕۆژنامەوانییەکانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا کە نیگەرانییان دەربڕیوە لە چالاکییەکانی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی خۆمان و لەناو چوارچێوەی سنوورەکانی خۆمان، تەماشای ئاوێنە بکەن و خۆتان ببینن".

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە تویتەکەیدا هەروەها دەڵێت، "تەماشای سوپاکەتان (سوپای ئەمریکا) بکەن کە بێ وچان بە جیهاندا دەگەڕێ و لە دوای خۆیەوە پشێوی بەجێ دێڵێت".

ڕۆژانی پێشوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە چاودێریی چالاکیی نائاسایی هێزەکانی ڕووسیا دەکەن لە نزیک ئۆکرانیا.

جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا وتبووی "بەردەوامین لە بەدواداچوون و چاودێریی چالاکیی سەربازیی ڕووسیا کە لە نزیک ئۆکرانیا ئەنجامی دەدەن و لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان خەریکی راگۆڕینەوەین".

کیربی ئاماژەى بەوەشکردووە هەر ڕێوشوێنێکی "گرژی دروستکەر و دوژمنکارانە"ی ڕووسیا دەبێتە هۆی نیگەرانیی زۆری ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین