ئامانجی هاوبەشی رووسیا و ئیسرائیل دەرکردنی ئێرانە لە سووریا وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئانا ئەهرونهایم نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئیسرائیل و ڕوسیا دوو ڕێگای جیاواز بەڵام ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە کە بریتییە لە دەرکردنی ئێران و حیزبوڵڵا لە سوریا.

ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێشخەریی چەند دەوڵەتێکی عەرەبی لەم دواییانەدا بە دوبارە قبوڵكردنەوەی ڕژێمی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و ئاڵوگۆڕی سەردانەکان و دووبارە کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی لەگەڵی.

نووسەرەکە وای دەبینێت کە ئیسرائیل خەریکی ئەرکێکی قورسە، کە بریتییە لە بێئەنجامکردنی هەڵپەکانی ئێران کە دەیەوێت هەژموونێکی هەرێمی دروست بکات و بەرەیەکی پێشەوە دروستبکات دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل.

بەمدواییانەش تەلئەبیب بەوە تۆمەتبارکرا کە لە هێرشێکی ڕۆژانەی دەگمەندا بە موشەکی زەمین بە زەمین لە چەند ئامانجێکی ئێرانی داوە لە دەرەوەی دیمەشق. ئەوەش لەو کاتەدا بوو کە روسیاش تۆمەتبارکرا بە لێدانی ٢٠ ئامانجی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئیدلیب.

زۆربەی کات ئیسرائیل لێدوان نادات لەسەر ئەم هێرشانەی، بەڵام جاری دیکەش تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی چەندین هێرش لەناو خاکی سوریادا، لەوانە لە دەوروبەری دیمەشق، لە باکوری وڵات و لە نزیک سنووری تورکیا – سوریا، لە ناوچەی ئەلبوکەمالی ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەر سنووری عێراق – سوریا.

ڕوسیا لە ئەیلوولی ٢٠١٥ ەوە چووە ناو ململانێکانی سوریاوە و شانبەشانی ئەسەد وەستا دژ بەوانی دی، وەکوو ئانا ئەهرونهایم دەڵێت ئێستا وەها تەماشای روسیا دەکرێت کە هێزی سەرەکییە کە دەبێ قسەی لەگەڵ بکرێ کاتێک ئیسرائیل بیەوێت هێرش لەناو سوریادا ئەنجام بدات.

رووسیا ڕیگەی داوە ئیسرائیل  لە ئاسمانی سووریاوە ئازاد بێت، مادام هێزەکانی ڕوسیا لەو وڵاتە ناخاتە بەر مەترسی. بەم دواییانەش ئەفسەرێکی باڵای هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانیان "سەربەستیی هەڵسوکەوتکردنیان هەیە لەبارەی سوریاوە".

دیدارێکی گەرم و ڕێککەوتن لەسەر دەرکردنی ئێران

مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو نەفتالی بینیت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دیداری هەبوو لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕوسیا لە شاری سوشی، ئەوەش یەکەم دیداریانە لەدوای ئەوەی بینیت ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

زیئیف ئیلکین، وەزیری بنیاتنان و نیشتەجێکردنی ئیسرائیل، کە وەکوو وەرگێڕ لە دیدارەکەدا ئامادە بووە، دەڵێت زۆر گەرموگوڕانە بەڕێوەچووە و هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر سوریا، لە ناویشیاندا لێدانە ئاسمانییەکان.

رووسیا ڕیگەی داوە ئیسرائیل  لە ئاسمانی سووریاوە ئازاد بێت

 

ئەفسەرە باڵاکەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەڵێت کە ئەو ئاگاداری دوا زانیارییەکان نییە سەبارەت بە دیدارەکەی پوتین و بینیت بەڵام "لەوانەیە لێرەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بۆ وەدەرنانی ئێران لە سوریا".

ئیسرائیل درک بەو ڕاستییە دەکات کە بەڵێ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزترین هاوپەیمانیەتی، بەڵام ئەوە روسیایە کە لایەنی کاریگەری سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەسەد گوێ بۆ روسیا ڕادەدێرێت کاتێک دەیەوێت هەر شتێک بەدەست بهێنێت لە جیهانی دەرەوە، ئەوەش بەپێی ئەو وتارەی لە ئۆرشەلیم پۆستدا بڵاوبووەتەوە.

ئێستا هەوڵێکی گەورەتری جیهانی هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕیگەچارەیەک بۆ سوریا و ڕەخساندنی دۆخێکی وەها کە دەوڵەت دەستبکات بە بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی وڵاتەکە. مۆسکۆش دەزانێت بەدیهاتنی ئەمە واتە وەدەرنانی هەموو هێزە بیانییەکان لە سوریا، بە تایبەت ئێران و بریکارەکانی وەکو حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکانی تر.

بۆ یەکەمجاریش لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سوریا لە زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر، دەوڵەتانی عەرەبی و لەناویاندا ئیمارات و بەحرەین و عومان قایل بوون دووبارە باڵیۆزخانەکانیان لەلای ڕژێمی سوریا بکەنەوە، هەرچی ئوردنیشە ئەوە دەروازەی سنووریی خۆی لەگەڵ سوریا کردەوە.

ئیسرائیل له‌ سووریا هێرش ده‌كات و روونكردنه‌وه‌یش نادات

 

نووسەرە ئیسرائیلییەکە دەڵێت "دەرکردنی ئێران لە ناوچەکە ئەو تەوەرەیە کە سوپای ئیسرائیل چاوی لەسەریەتی"، و ئەوە بابەتی ژیان یان مردنە بە نیسبەت ئیسرائیلەوە، بە نیسبەت رووسیاشەوە ئەو بابەتە بریتییە لە "بابەتی شکۆ و هەژموونی تاقانەیە لەسەر ئەسەد".

ئانا ئەهرونهایم کۆتایی بە وتارەکەی دێنێت بەم پرسیارە "ئایا ئەسەد گوێ لە پۆتین دەگرێت و هەژموونی ڕوسیا هەڵدەبژێرێت لەبری ئێران؟ یاخود بڕیاری بەردەوامیی مانەوە دەدات لە چوارچێوەی سەربازگەی ئێرانیدا و ڕێگەدەدات کۆماری ئیسلامی هێزەکانی و چەکەکانی پتەوبکات لەپێناوی جەنگێکی ئاییندەیی دژ بە ئیسرائیل؟"


سه‌رچاوه‌ : TRT  عه‌ره‌بى

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین