ئۆزبەكستان؛ قووڵايى ستراتيژى ئابوورى توركيا شیکاری

نوچەنێت:

وەبەرهێنان يەكێكە لە كۆڵەگە سەرەكييەكانى رەجەب تەيب ئەردۆغان بۆ قووڵكردنەوەى هەژموونى وڵاتەكەى لە ئۆزبەكستان، لە هەمان كاتيش توركيا بەشدارییەكى سەرەكى (ئەنجومەنى هاوكارى وڵاتانى تورك زمان)ە، كە لە رێگەى ئەو ئەنجومەنەوە چۆتە قووڵايى ئاسياى ناوەڕاست و ئەجێنداى فراوانخوازى خۆى بەهێزكردووە، كە سامانێكى زۆرى سەرچاوەى سروشتييان هەيە.

بەگوێرەى ئامارە فەرمييەكان توركيا لە (10) ساڵى رابردوو زۆرترين كۆمپانياى لەو وڵاتە دامەزراندووە.

بەگوێرەى ريزبەندى ليژنەى ئامارى حكومەتى ئۆزبەكستان، توركيا لە نێوان مانگى شوبات و كانوونى يەكەمى ئەمساڵ (321) كۆمپانياى لەو وڵاتە دامەزراندووە، دواى توركيا رووسيا (296) كۆمپانياى هەيە لە پلەى دووەمە، چين لە پلەى سێيەم دێت کە (219) كۆمپانياى هەيە، كۆمپانياكانى ئەو سێ وڵاتە لە تەشقەند و سەمەرقەند و سەرهاندريا و فرگانياى ئۆزبەكستان كاردەكەن.

چاودێرانى سياسى رايدەگەيێنن، "پاڵنەرى ئابووریى هۆكارى چڕبوونەوەى كاركردنى كۆمپانيا توركييەكانە لەو ناوچەيە، لە كۆتاييش لە رێگەى كۆمپانياكانى لە ئاسياى ناوەڕاست خزمەتى ئەجێنداى فروانخوازى خۆى دەكات، چونكە تەشقەند دەروازەيەكى سەرەكييە بۆ بەدەستهێنانى ئامانجە شاراوەكانى توركيا".

محەمەد مووش، وەزيرى بارزگانى توركيا رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لە كۆنگرەى ئابوورى و بازرگانى كۆمارە توركييەكان لە ئيستەنبۆڵ جەختى لەسەر لادانى بەربەستەكانى بەردەم گەشەى بازرگانى و خزمەتگوزارى و بەدى هێنانى ئامانجەكان و بەهێزكردنى هەماهەنگى لەگەڵ كۆمارە توركييەكانى ئەو ناوچەيە لەسەر ئاستى پەيوەندى مێژوويى و رۆشنبيرى و دوولايەنە كردەوە.

ئەو ئەنجومەنە لە (2009) دامەزراوە، كە پێكهاتووە لە ئازربيجان و باكوورى قوبڕس و توركمانستان و ئۆزبەكستان و قيرغزستان و كازاغستان، ئەردۆغان هەوڵدەدات ئەو وڵاتانەى دانيشتوانەكەى توركن لەژێر سايەى تورکیا كۆيان بكاتەوە.

ئامانجى سەرەكى ئەو ئەنجومەنە دروستكردن و بەهێزكردنى پەيوەندى نێوان وڵاتانى ئەندامە بۆ پرسە سياسيەكانى دەرەوە و ئابوورى و گەياندن و گومرگ و گەشتوگوزار و فێركردن و راگەياندن و وەزرش و گەنجان.

ئەو ئەنجومەنە پەيوەندى نێوان وڵاتە توركەكان بەهێز دەكاتەوە، بوارەكانى هەماهەنگى نێودەوڵەتى لە جيهانى ئيسلامى و وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەى ئۆڕاسيا رێك دەخاتەوە.

ئۆزبەكستان دواى توركيا گەورەترين وڵاتە هاووڵاتییانى بە زمانى توركى قسە دەكەن، بەگوێرەى سەرژمێرى (2016) ژمارەى دانيشتوانى (31) مليۆن كەسە.

چاودێرانى توركيا ئاماژە بەوە دەكەن، "سەرۆكى توركيا دەيەوێت لە رێگەى ئەو ئەنجومەنە بەرژەوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتە كاريگەرەكان ببەستێتەوە، دووبارە ئيمپراتۆرێكى مەعنەوى دامەزرێنێتەوە".

ڤلاديمێر ئافاتكۆڤ دەڵێت، "ئەنقەرە دەيەوێت ببێتە سەرۆكى ئەو وڵاتانەى بە زمانى توركى قسە دەكەن، چونكە زۆربەى توركە قەومييەكان بەپێويستى دەزانن هەموو توركەكان لەژێر ئاڵاى توركيا كۆببنەوە و پەيڕەوى دابونەريت و رێساكانى توركيا بكەن".

بۆ زاڵکردنى هەژموونى خۆى توركيا فاكتەرەكانى نەتەوە و ئايين و زمانى تێكەڵ كردووە، پاشان بەرژەوەندى ستراتيژى ئابوورى لەسەر بنياتناوە.

چاودێرانى سياسى جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "توركيا دەيەوێت ئەو مێژووە هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانە بەكار بهێنێت، لەپێناو رێگەخۆشكردن بۆ كاركردنى كۆمپانياكانى لە وڵاتانى ئەم ناوچەيە، بەڵام ئامانجى سەرەكى توركيا كۆنتڕۆڵكردنى هێڵەكانى گواستنەوەى گازە بۆ ئەوروپا، كە توركيا خاڵى سەرەكى ئەو گواستنەوەيە."

ئەنقەرە پێى وايە، "سەرچاوەى سروشتى و تواناى گەورەى ئابوورى ئۆزبەكستان و وڵاتانى ئاسياى ناوەڕاست لە يەكێكە رێگە سەرەكييەكانى بەهێزكردنەوەى دۆخى ئابوورى" وڵاتەكەى.

بەهێزكردنى هەماهەنگى توركيا و ئۆزبەكستان شتێكى تازە نييە، چونكە ئۆزبەكستان ژمارەى دانيشتوانى (31) مليۆن كەسە، ئەوەش بازاڕێكى بەكاربەرى گەورەيە بۆ كۆمپانيا حكومى و تايبەتييەكانى توركيا، هەر ئەوەش بۆتە هاندەر توركيا چەندين رێككەوتن لە بوارەكانى وەبەرهێنان و ئابوورى و گواستنەوە و وزە و بوارى زانيارى و فێركردن و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ بكات.

ئاسیاى ناوەڕاست خاوەنى سەرچاوەيەكى گەورەى وزە و گازى سروشتيە، كە دوو فاكتەرى سەرەكى جيۆسياسين بۆ توركيا، ئەوەش پلانى ستراتيژیى ئەردۆغانە، بۆ بەهێزكردنى پێگەى خۆى لەو ناوچانە.

ئۆزبەكستان خاوەنى چەندين جۆر سامانى گرانبەهايە، لەسەر ئاستى جيهان شەشەمين وڵاتە زۆرترين يەدەگى زێڕى هەيە، حەوتەم وڵاتە زۆرترين گازى سروشتى هەيە، كە رێژەكەى (34 %)، چوارەم وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانى يۆرانيۆم، خاوەنى لە (27%) نەوتى جيهانە. 

هەروەها چەند وێستگەى گەورەى وەبەرهێنانى وزەى هەيە، لەسەر ئاستى وەبەرهێنانى كارەبا گەورەترين وڵاتى ئاسياى ناوەڕاستە، لەسەر ئاستى جيهان شەشەم وڵاتە زۆرترين لۆكە بەرهەم دەهێنێت.

زۆربەى هەناردەى ئۆزبەكستان بۆ ئاسياى ناوەڕاست بەرێگەى توركيايە، بۆ زيادبوونى هەژموون و زيندوكردنەوەى نەتەوەيى تورك و وەرگرتنى گرێبەستى كێڵگە نەوتييەكان، گرنگيدان بەو وڵاتە بۆتە ستراتيژى سەرۆكى توركيا، باشترين رێگەش بۆ گەيشتن بەو ئامانجە بەستنەوەى ئەو دەوڵەتەيە بە زمان و ئايين و دابونەريت و مێژووى هاوبەشيان.

ئەلكەسەندەر سامسۆنۆف دەڵێت، "دواى رووخانى يەكێتى سۆڤيەت توركيا لە ناوچانەكانى بەلقان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و قەوقاز، كە پێشتر بەشێك بوون لە دەوڵەتى عوسمانى، دەستى بە بياتنانى سياسەتى نوێى ئابوورى و سەربازى كرد، بەڵام ئەو پرۆسەيە لەسەردەمى ئەردۆغان بەشێوەيەكى خێرا زيادى كرد".

زيادبوونى هەژموونى ئەنقەرە لە ئاسياى ناوەڕاست ترسى لاى مۆسكۆ دروستكردووە، كە تا ئێستا بە ناوچەى خۆى دەزانێت، بۆيە هەميشە ترسى لە جووڵە چاوەڕواننەكراوەكانى ئەردۆغان هەيە لەو ناوچانە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین