دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان: بەهەزاران دۆنم زەوى کشتوکاڵى لەناوچوونە کوردستان- عێراق

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت:

وتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان بۆ نوچەنێت ئاشکراى دەکات، لە چەند ساڵى ڕابردوو بە هۆى شەڕو پێکدانەکانى تورکیا و پەکەکە بە هەزار دۆنم زەوى لە هەرێمى کوردستان زیانى بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (16)ى تشرینى دووەم (2021)، ڕەزاق خەیلانى، وتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، "شەڕ و بۆردوومانەكان دەبێتە هۆى لە ناوچوونی زەوی کشتوکاڵییەکان و سووتانی دارستانەکان."

وتەبێژى دەستەى ژینگەى هەرێم روونیشدەکاتەوە، "تورکیا بە بیانووى ڕاوەدوونانى بەرهەڵستکاران و هێزەکانى پەکەکە، بۆدروومانى چەندین ناوچەى هەرێمى کوردستانى کردووە، ئەمەیش بۆتە هۆى سووتانى ژمارەیەکی زۆر لە رووبەری دارستانەکان، بە چەندەها ساڵی تری نایەتەوە ئاستی خۆی بەهۆی ئەوەی ئەو دارانە تەمەنیان زۆرە. هەندێ دار تەمەنی (50) ساڵ زیاتربێت. جگە لە زیانگەیاند بە زەوی کشتوکاڵیییەکان، بەهۆی ئەو هێرشانە هاووڵاتیان ناتوانن سەردانی زەوییەکان بکەن."

کەمبوونەوەى ڕووبەڕى سەوزایی و سووتاندنى دارستانەکان دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى زەوى و زیادبوونى گازە زیانبەخشەکان.

سەبارەت بە بڕى ئەو زیانانەى بە ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەرێمى کوردستان بە هۆى شەڕە و پێکدانانەکان لە باشوورى کوردستان، ڕەزاق خەیلانى دەڵێت، "ئامارێکی وردمان لانیيە، بەڵام بە هەزاران دۆنمی زەوی کشتوکاڵی لە ماوەی رابردوو زیانی بەرکەوتووە ، چونکە ئەو ناوچانە ناوچەی شەڕین ناتوانرێت زیانەکان ڕووپێو بکرێت."

وتەبێژى دەستەى ژینگەى هەرێم لەسەر قەرەبووکردنەوە زیانەکان گووتیشى، "ئەگەر بمانەوێت زيانەکان بخەمڵێنین و دار بچێنینەوە، ئەوا کاتی زۆری دەوێت، چونکە ئەو شوێنانە لەژێر هەرەشەدان و ناتوانین کاری لەسەر بکەین لە ئێستادا، بۆیە قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە، تاکو ئاشتی لەسەر سنوورەکان بەرقرار نەبێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین