ئەردۆغان دوو هاووڵاتیی ئیسرائیل ئازاد دەكات تورکیە

نوچەنێت:

سەرۆك كۆمارى توركیا ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلەى ئازاد كرد، كە بەتۆمەتى وێنەگرتنى كۆشكى كۆمارى ئەو وڵاتە دەستگیركرابوون، دواى ئازادكردنیان رێگەیان دان بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ى تشرینى دووەمى 2021) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاویكردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان راستەوخۆ چاودێرى دۆسیەى ئەو دوو دەستگیراوە ئیسرائیلیەى كردووە، دواتر بە فەرمانى ئەو ئازادى كراون، سەر لەبەیانى ئەمڕۆش گەیشتنەوە وڵاتى خۆیان.

سەبارەت بە وردەكاریى شێوازى ئازادكردنیان، بەرپرسێكى ئیسرائیلى رایگەیاند "بەرپرسى نووسینگەى ئەردۆغان چاودێرى ئەو رووداوەى كردووە، دواتر دەستكرا بە رێكارەكانى ئازادكردنیان، خودى سەرۆك كۆمارى توركیا چاودێرەى ئەم دۆسیەى كردووە، بە نوێنەرەكەى خۆى راگەیاندووە، كۆتایى بەو دۆسیە بهێندرێت و رێگەیان بدرێت بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان".

دواى ئازادكردنیان نەفتالى بینێت، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل و یائیر لابیدى وەزیرى دەرەوە، لە راگەیاندراوێكى هاوبەش دا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، "دواى هەوڵە هاوبەشەكانمان لەگەڵ توركیا مۆردى و ناتالى ئۆكنین لە زیندان ئازاد كران ئێستا لە رێگەن بۆ  وڵاتەكەمان".

لە بەشێكى ترى راگەینێدراوەكەدا هاتووە، "سوپاسى سەرۆكى توركیا و حكومەتەكەى دەكەین، كە هەماهەنگ بوون بۆ گێڕانەوەى ئەو خێزانە بۆ ئیسرائیل".

لە لایەكى ترەوە ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ)ى توركى بڵاویكردەوە، سەرۆكایەتى توركیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیێندراوێكى بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتووە، "ئیسحاق هێرزۆغ سەرۆكى ئیسرائیل لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆك كۆمارى توركیا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندى نێوانیان  و دۆسیەكانى ناوچەكە كرد". 

لە بەشێكى ترى راگەیاندراوەكە هاتووە، "هەردوو سەرۆك جەختیان لەسەر گرنگى پەیوەندیى ئیسرائیل و توركیا كردەوە، لەپیناو ئاسایش و سەقامگیرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست".

لە مانگى رابردوو وەزارەتى ناوخۆى توركیا تۆڕێكى ئیسرائیلى بە تۆمەتى سیخوڕى دەستگیركرد، لە نێویاندا دوو هاوسەرى تێدابوو، کە بەتۆمەتى وێنەگرتنى كۆشكى كۆمارى دەستگیركرانبوون. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین