کتێبى شۆڕش لە سەدەى 21 دا وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانى کوردى کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

نووسەر و وەرگێڕێکى کورد کتێبى (شۆڕش لە سەدەى 21)دا لە ئینلگیزییەوە وەریدەگێڕێ بۆ سەر زمانى کوردى، لەسەر ناوەڕۆکى کتێبەکەش دەڵێت: "وەڵامى پرسیارى ئەو کەسانە دەداتەوە کە دەیانەوێ گۆڕانکارى لە جیهاندا بکەن."

ئەمڕۆ یەکشەممە (21)ى تشرینى دووەم (2021)، هاوکار عەبدوڵڵا نووسەر و وەرگێڕى کتێبى (شۆڕش لە سەدەى 21)دا تایبەت نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەم کتێبە پێشتر بە زمانی ئینگلیزی نزیكەی (7) ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، بە زمانى کوردی لەلایەن دەزگای ئایدیا چاپکراوە." 

دەربارەى کارى وەرگێڕان لە هەرێمى کوردستان، هاوکار عەبدوڵڵا دەڵێت، "كتێبەكان زیاتر لەسەر خواستی دەزگاكان وەردەگێڕدرێن، وەرگێڕەكان زیاتر شوێنی خواستی دەزگا و خانەى بڵاوكراوەكان دەكەون، بە ویستى خۆیان کتێبەکان وەرناگێڕن".

وەرگێڕى کتێبى (شۆڕش لە سەدەى 21)دا زیاتر روونیدەکاتەوە، کە  جیاوازی ئەم كتێبە لەوەدایە كە پێشتر لەسەر ئەم بوارە كاری وەرگێڕانم نەكردووە، زیاتر لەسەر بوارى تیرۆر و مێژوو و  سیاسەت كارى كردووە، هەوڵمداوە بە زمانێكی سادە وەرگێڕان بۆ چەمك و بابەتەكان بكەم بۆ ئەوەی زۆرترین خوێنەر لێی سوودمەند بن و لە ئاوەزی خۆیان بابەتەكان گەنگەشە بكەن.

هەروەک دەشڵێت، "لە کتێبخانەى کوردیى لەسەر چەمکى شۆڕش، بابەت و كتێبی كەم هەن، بە دیاریكراوی شۆڕشەكانی وڵاتانی ئەمریكای باشوور و وردەكاریی شۆڕشەكانی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیستویەك، بۆیە دەكرێ وردەكاریی و داتاكانی نێو ئەم كتێبە روانگەیەكی نوێ و جیاواز بە خودی رووداو و شۆڕشەكان ببەخشن، وە ئەم كتێبە لە  12 بەش پێكهاتووە".

لە کۆتاییدا نوسەر دەڵێت، "ئەم كتێبە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارە جەوهەرییانە دەداتەوە كە لای ئەو كەسانە دروستبووە سەبارەت بەو کەسانەى دەیانەوێ گۆڕانكاری لە جیهاندا بكەن، بەڵام هێشتا دڵنیا نین ئاخۆ ئەمە كارێكی مەحاڵە یان نا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین