لەبەر نەبوونى فەرمانبەرى کارگوزار، قوتابخانەکان بە قوتابی پاکدەکرێنەوە ناوخۆیی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

بەهۆی کەمى فەرمانبەرى بەردەست یان کارگوزار لە قوتابخانەکان، هەندێ لە ناوەندەکانى خوێندن بە قوتابیان قوتابخانەکان پاک دەکەنەوە، ئەمەیش ناڕەزایەتی دایکان و باوکانی لێکەوتۆتەوە، سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانیش دەڵێت، "زۆربەى ناوەندەکانى خوێندن کێشەى فەرمانبەرى بەردەستیان هەیە."

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ نوچەنێتى ڕاگەیاند، "پێموایە (٪80) ناوەندەکانی خوێندن بە پێی پێویست بەردەستیان نییە، هەندێک لە ناوەندەکانى خوێندنیش هەر بەردەستیان نییە، بە شێوەیکەی گشتی لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن کێشەی بەردەست هەیە، بێگومان ئیدارەی خوێندنگاکانیش پەنا بۆ خوێندکارانیان دەبەن بۆ خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکەیان، کە زۆرجار کێشەی لێ دروست بووە."

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایان زیاتر روونیدەکاتەوە، چەندینجار دامودەزگا پەروەردەییەکانیان ئاگادارکردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکى بۆ نەنراوە، وەک خۆى دەڵێت، "ئێمە فێرنەکراوین کارى هەرەوزى بکەین و خۆمان قوتابخانەکان پاک بکەینەوە، بۆیە لە داهاتوو کێشەکە گەورەتر دەبێ، ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێ."

سەبارەت بە نەبوونى فەرمانبەرى کارگوزار، مامۆستایەک لە هەولێر بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "نەبوونی کارگوزار کێشەی بۆ ناوەندەکەمان دروست کردووە، پێشتر ئێمە سێ کار گوزارمان هەبوو یەکیان کۆچى دواییکرد کرد ئەوى تریان خانەنشین بوو، ئەوی تریشمان بەتەمەنە و نەخۆشە، بۆیە ناچارین بە قوتابیان خوێندنگەکە خاوێن بکەینەوە، داوامان لە حکومەت کردووە کە پێویستمان بە بەردەستە بەڵام حکومەت نەهاتووە بەدەم داواکەمان."

نوچەنێت لە بەدواداچوونێکدا پەیوەندی بە دایک و باوکی چەند قوتابییەکەوە کرد و ئەوان داوا دەکەن حکوومەت ئەم کێشە چارەسەر بکات، باوکى یەکێک لە قوتابییەکان دەشڵێت، "ئێمە منداڵ بۆ خوێندن دەنێرینە قوتابخانە ناکرێ ئیدارە بەو زستانە قوتابخانە بە منداڵ خاوێن بکاتەوە."

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، هەبوونى ئەم کێشەیەش لە قوتابخانەکان پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام ئەو هۆکارەکەى دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونى دوو دەوام و سێ دەوام لە هەندێ قوتابخانە ئەمەیش وا دەکات کارگوزارەکان نەتوانن لەگەڵ هەر سێ دەوام کارى خۆیان بکەن و روونیشدەکاتەوە،  ئەوەی دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە بۆ ئەنجامدانی خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکان خوێندنەوە بەزۆرە ملێ نییە، بەڵام ئەگەر ئەم کارە پەیدا کردنی قوتابی بێ بۆ کارى پاککردنەوە ئەوە شتێکی ناڕەواییە، چونکە ئەرکی قوتابی خوێندنە نەک کارکردن.

دەربارەى گلەیی دایکان و باوکان لەسەر کارپێکردنى منداڵەکانیان لەو قوتابخانە،  موسلیم عەبدوڵا بۆ نوچەنێت گووتیشى، "ئێمە لەگەڵ وەزارەت قسەمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ڕاستە ژمارەى کارگوزران کەمە، بەلام ئەگەر بەردەست دابین بکرێت بۆ تەواوی قوتابخانەکان لەلایەن وەزارەتەوە ئەوە بەکارێکى زۆر نایاسایی دەزانین، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێ دایک و باوکان منداڵەکانیان فێر بکەن کە پاکوخاوێنى ڕابگرن،  داواش دەکین لە حاڵەتى لەو جۆرە داوا لە کەسوکەکارى قوتابیان ئێمە ئاگادارمان بکەنەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین