توشبوانی پانیک چۆن خۆیان بپارێزن؟

نوچەنێت: ئافرەتان

نەخۆشی پانیک چییە؟ توشی کێ دەبێت؟ چۆن خۆمانی لێبپارێزین؟ نەخۆش چۆن لەکاتی نۆرەی پانیک خۆڕاگربێت و چیبکات؟ دکتۆرە رێزان رەشوانی بەڕێوەبەری بەشی دەرونی لە وەزارەتی تەندروستی لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

نۆرەی ترس (panic atack) چییە؟

دکتۆرە رێزان رەشوانی، سەبارەت بە پێناسەی نەخۆشی پانیک دەڵێت: بریتییە لە نەخۆشییەکی دەرونی کەسی توشبوو، لە ناکاودا توشی نۆرەی ترس دەبێت، هەست بە دڵە کوتێ، لە خۆچوون، دڵ تێکەڵهاتن، سینگ ئێشە و هەناسە تەنگی و لەرزین، دەکات. نەخۆشەکە گۆڕانکاری لە روکاریدا دەردەکەوێت رەنگی سورهەڵدەگەڕێت، لەناکاو رادەچڵەکێ، زۆرینەی کات توشی دڵەراوکێیەکی بەهێزدەبێت، زوو توڕە دەبێت، بیر لە شتی ناخۆش دەکاتەوە و زۆرینەی کات رەشبین دەبێت.

لە کاتی توشبوون بە نۆرەی ترس نەخۆش چیبکات؟

ئەو کاتەی نەخۆش توشی نۆرەی ترس دەبێت، پێویستە فێر بکرێ کە چاوەکانی بنوقێنێت و بە قوڵی هەناسە وەربگرێت، هەروەها لە (١-١٠) بژمێرێت. ئەم نۆرەیە لە پێنج تا ٢٠خولەک بەردەوام دەبێت. زۆربەی جار بە شەو توشی نەخۆشەکە دەبێت. لە هەندێک کەسدا هەفتەی جارێک تا دووجار و لە هەندێ کەسدا مانگی جارێک روودەدات.

هۆکارەکان

هۆکارەکانی توشبون بە نۆرەی ترس، زۆرن. لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر جیاوازن، هۆکاری بۆماوەیی، شڵەژانی دەرونی، سەختی ژیان، نەخۆشی غودەی دەرەقی، نەخۆشی پەرکەم، هەناسە توندی، خواردنەوەی ئەلکهول، جگەرەکێشان و کافایینی زۆر، بەشێک لە هۆکارەکانن.

نیشانەکان

ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی پانیک دەبن، گۆشەگیر دەبن نایانەوێ بڕۆنە هیچ شوێنێک، لەبەر ئەوەی دەترسێن لەدەرەوە توشی ئەو نۆرەیە ببنەوە لەهۆش خۆیان بچن  بۆیە زیاتر لە ماڵەوە دەمێنەوە. زۆر دەترسێن و هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن.

چارەسەر

بۆ چارەسەر کردنی ئەم نەخۆشییە پێویستە نەخۆش زانیاری لەسەر وەربگرێت، سەردانی دکتۆری دەرونی بکات و رێنمایی لێوەربگرێت. وەرزش بکات، هەندێجار پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین