کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

دامه‌زراوه‌ى ئێس ئاند پى گلۆباڵ پلاتس، له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، عێراق ناتوانێ له‌ 2027 رۆژانه‌ هه‌شت ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێ. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ باس له‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌كات كه‌ یه‌كێكیان په‌یوه‌ندى به‌ ناكۆكى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا هه‌یه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى عێراق.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23ى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراق پوخته‌ى راپۆرتێكى دامه‌زراوه‌ى ئێس ئاند پى گڵۆباڵ پلاتسى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ریخستووه‌ عێراق ناتوانێ ئه‌و ئامانجه‌ى به‌دیبهێنێ كه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مێنێنانى نه‌وت بۆ هه‌شت ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا هه‌یه‌تى.

راپۆرته‌كه‌ باسى له‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار كردووه‌، له‌وانه‌ عێراق پێویستى به‌ سه‌رمایه‌كى زۆرى وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌، جیا له‌مه‌یش ده‌بێت ژێرخانێكى به‌هێزى هه‌بێت، هەروەها چه‌ندان كێشه‌ى تر هه‌یه‌ كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م عێراق له‌وانه‌ ناكۆكى نێوان هه‌رێمى كوردستان  و عێراق له‌سه‌ر بودجه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "عێراق پێویستى به‌ سامانه‌، نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌ڵكۆڵین، به‌ڵكو بۆ فراوانكردنى دامه‌زراوه‌كانى به‌رهه‌مهێنان و ژێرخان، له‌گه‌ڵ دانانى سنوورێك بۆ سووتاندنى ئه‌و گازه‌ى یاوه‌رى نه‌وت ده‌كات، كه‌ وایكردووه‌ عێراق پیسترین وڵاتى به‌رهه‌مهێن بێت".

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، " له‌ باكوورى عێراق هێشتا كێشه‌یه‌كى به‌رده‌وامى نه‌بوونى نه‌خیتنه‌ له‌لاى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌یه‌ و كێشه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ بودجه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدرالى كۆسپێكى سه‌ره‌كییه‌ له‌به‌رده‌م په‌ره‌پێدانى كه‌رتى نه‌وت".

حوسێن چه‌له‌بى راوێژكارى نه‌وته‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "بڕوا ناكه‌م هه‌شت ملیۆن به‌رمیل راسته‌قینه‌ بێت، له‌ رووى ته‌كنیكى و به‌دیهێنانه‌وه‌".

پێشتر ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند كار ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2027 ئاستى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى عێراق له‌ رۆژێكدا بۆ هه‌شت ملیۆن به‌رمیل به‌رزبێته‌وه‌. كه‌چى له‌ راپۆرته‌كه‌دا چه‌ندان جار دووپاتى ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، عێراق ناتوانێ ئه‌م ئامانجه‌ به‌دیبهێنێ، به‌ڵام به‌ دوور نازانرێ له‌ 2027 ئاستى به‌رهه‌مى نه‌وتى عێراق بۆ شه‌ش ملیۆن به‌رزببێته‌وه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین