ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆ لەسەر خۆپیشاندانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و "بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان، و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی"، یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24)ى تشرینى دووەم (2021)، فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان  لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەشدارى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى دایەلۆگى مەنامە2021، خۆپیشاندانى فێرخوازان لە کوردستان لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ گفتوگۆى لەسەر دەکرێ.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، میواندارى سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەکرێ بۆ خستنەڕووى ڕاپۆرتێکى  گشتگیر لەسەر دۆخى ژینگەى هەرێمى کوردستان.

دەقى تەوەرەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان:

یەکەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:

پوختەی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١) کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.

- پێشهاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی ووڵات، دوور لە توندوتیژى و کەوتنەوەى قوربانى.

دووەم: بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان، و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو خۆپێشاندانانە و ئەرکی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە.

سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان له سنوورەکانی بیلاڕوسا - پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێم.

چوارەم: میوانداریکردنی عەبدولڕەحمان سەدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان، و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە

كۆنتڕۆلکردنی مەواد و کەرەستەکانی کاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.

پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی، و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی، و هەوڵەکانی وەزارەتیان لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆ خی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین