حەمە هاشم:  ڤانکۆخ بۆ من وەک نۆستالۆژیایە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

کتێبى ڤانکۆخ، کە کتێبکى هونەریە و بە زمانى کوردى نووسراوە، بۆ جارى دووەم چاپ دەکرێتەوە. حەمە هاشم مامۆستای بەشی شێوەکاری و نووسەرى کتێب ڤانکۆخ لە دیمانەیەکى تایبەتى نوچەنێت دا لەبارەى کتێبەکەیەوە دەڵێت، "ڤانکۆخ بۆ من وەک نۆستالۆژیایە، چونکە من لە منداڵییەوە حەزم لە کارەکانی ڤانکۆخ بووە، ڤانکوخ یەکێکە لە هونەرمەندانی گەورەی دونیا."

حەمە هاشم، جگە لەم کتێبە چەندین کتێبى تری نووسیووە لە بوارى شێوەکارى و هونەر، وەک خۆى دەڵێت، "من جگە لە کتێبی ڤانکۆخ، کتێبێکم هەیە لەسەر هونەری پیرۆز کە گرنگی و بایەخی بە هونەری ئێزیدییەکان داوە، هەروەها کتێبیکى ترى چاپکراوم بەناوی رۆدان، پەیکەر تاشێکی فەرەنسییە،لەم نزیکانە بەرهەمێکى نوێم چاپ دەکرێ بەناوى هونەری ئەبستراکت یەکێکە لە رێبازە هونەرییە تازەکان، کە هونەری مۆدێرنە ئێستا لە چاپە بۆ پێش سەری ساڵ چاپەکەی تەواو دەبێت."

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ حەمە هاشم شێوەکار و مامۆستاى هونەر:

نوچەنێت: بۆ جاری دووەم کتێبی ڤانکۆخ چاپکردۆتەوە، دەمانەی لەسەر بەرهەمە نوێیەت بۆمان بدوێی؟

حەمە هاشم: کتێبی ڤانکۆخ ساڵی (2010) چاپ کراوە یەکەمین کتێبی منە لە بواری  هونەر کە نوسیوومە، بەڵام ئەوەی  کە دەیبینن کە نزیکەی (10) ساڵ بەسەر چاپی یەکەمیدا تێپەریوە  هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە تەنیا هەندێک زانیاری  بچوک کە هەڵەی تێدا کرابوو چاککراوەتەوە، بەڵام هۆکاری دووبارە چاپ کردنەوەی کتێبەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوەکە چاپی یەکەم لە بازار نەمابوو، خواستیشی لەسەر بوو، هەر بۆیە کتێبخانەی مەم و زین لەسەر ئەرکی خۆیان کتێبەکەیان چاپکردەوە.

نوچەنێت: دەتوانى هەندێک وردەکاری لەسەر چاپە نوێیەکە باس بکەیت؟

حەمە هاشم: قەبارەی کتێبەکەی ڤانکۆخ بە قەبارەی مام ناوەندە و (128) لاپەڕەیە، هەموو لاپەڕەکانی کتێبەکە ئاڕتن(هونەرین) تابلۆکانیش هەمووی بە شێوەی رەنگاوڕەنگ بەکوالێتی زۆر بەرز چاپکراوە، ئەوە جیاواز تەکنیکییەکەیە، لە چاپی یەکەم کتێبەکە لاپەڕەکانی رەنگاوڕەنگ نەبوو،کوالێتی لاپەڕەکانیش بەو جۆرە نەبوو.

نوچەنێت: تا ئێستا چەند کتێبت لەسەر بواری شێوەکاری و هونەر نووسیووە؟

حەمە هاشم: من جگە لە کتێبی ڤانکۆخ کتێبێکم هەیە لەسەر هونەری پیرۆز، کە گرنگی و بایەخى بە هونەری ئێزیدییەکان داوە، لەوانە بۆنەکانی یارانی ئێزیدی کە بۆنەکانیان بە هونەری پیرۆز دەکەن لە رێوڕەسمەکان جا مۆسیقا بێت یان شانۆ ، یاخود هەڵکۆلین لەسەر دیوار، و کتێبێکی ترم هەیە بەناوی رۆدان ،کە رۆدان یەکێکە لە هونەرمەندە گەورەکانی دونیا، پەیکەرتاشێکی فەرەنسییە، کتێبێکی تریشم ئێستا لەژێر چاپ دایە بەناوی هونەری ئەمستراکت یەکێکە لە رێبازە هونەرییە تازەکان، هونەری مۆدێرنە کە ئێستا لە چاپە بۆ پێش سەری ساڵ بڵاودەبێتەوە.

نوچەنێت: بۆچی زۆر بایەخ بە ڤانکۆخ و کارەکانی دەدەیت؟

حەمە هاشم: ڤانکۆخ بۆمن وەک نۆستالۆژیایە، چونکە من لە منداڵییەوە حەزم لە کارەکانی ڤانکۆخ بووە، ڤانکۆخ یەکێکە لە هونەرمەندانی گەورەی دونیا، تەمەنێکی کورتی هەبووە لە ساڵی (1853) لە دایک بووە، لە ساڵی (1890) کۆچی دوایی کردووە واتا ( 37 ) ساڵ ژیاوە، بەڵام نزیکەی (150) ساڵە خەڵکی باسی دەکات پیاوێکی داهێنەر بووە، سەرتاپای ژیانی غەمگینی و ناخۆشی و دەردەسەری بووە تا ئەو کاتەى لەژیاندا بووە، بۆ من کتێبێکی زۆر تایبەتە، کتێبەکە لەسەر ژیانی هونەرمەندێک دەدوێت لەسەر ئەوەی ژیانی چۆن تێپەڕاندووە، جگە لەوە لە هەندێ بابەت لە کتێبەکە من هەوڵمداوە خوێندنەوەی خۆمم بۆ تابلۆکان بکەم، یەکەم (تابلۆی پەتاتە خۆرەکان،کێلگەی گەنم و قەلەرەشەکان) دوو تابلۆ لەسەر ئاستی جیهان دوو تابلۆی زۆر گرینگ و پڕ بایەخن کە داهێنانیان تێدایە، لەسەر ئەو دوو تابلۆیە قسەم کردووە، تێڕوانینی خۆم لەسەر تابلۆکان دەرخستەوە، جگە لەوەی کە بەشێکی تایبەتە بە ڤانکوخ کە کەسێک بووە خۆی دەمووچاوی خۆی بەدڵ نەبووە، هەمیشە لەسەیرکردنی ئاوێنەدا بێزاری خۆی دەربڕیوە، بەڵام دەبینی (180-150) تابلۆی هەیە بۆ پۆرترێت لەکاتێکدا حەزی بە دەمووچاوی خۆی نەبووە،

هەندێ لایەن تەرکیزم کردۆتە سەر پەیوەندی نێوان خۆی و ڤۆگان  کە هاوڕێ بوون ڤۆگانیش یەکێک بووە لەهونەرمەندانی دونیا، لەبەشێکی کتێبەکە باسم کردووە، مەسەلەی گوێ بڕین و مردنی ڤانکۆخ لە هەندێ شوێندا کە رەخنەگرانی هونەر باسی دەکەن، کە لە شەڕێکی نێوان ڤانکۆخ و ڤۆگان ئەوە روویداوە ئیتر لە کتێبەکە ئەوانەشم روونکردۆتەوە.

نوچەنێت: بۆچی لەبواری شێوەکاری کورد کتێبی کەمە؟ 

حەمە هاشم: بەداخەوە کورد گرنگی نادا بەهونەری شێوەکاری، چونکە هونەری شێوەکاری هونەرێکی تازەیە بەتایبەت بە نەتەوەی کورد، راستە وێنەکردن هەبووە هەر لە کۆنەوە لە مێژووی چاخەکانی بەردین و میزۆپۆتامیا، ئەو ناوچانەی خۆمان کە مێژووی شوێنەوارناسی تێدا زۆر کۆنە، بەڵام شتێک وەکو هونەر وەکو ئێستا لە دونیادا باوە کە جیا کراوەتەوە لە وێنەکردن و پەیکەرسازییەوە زۆر تازەیە لەلای کورد، جگە لەوە کورد رەخنەگری هونەریشی نییە ئەوانە هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی کتێبی نەبێت، بۆشاییەکی زۆر گەورە هەیە کە من وەک خۆم هەستی پێدەکەم خوێندکارانی زانکۆی هونەرەجوانەکان، زۆر زۆر بەدوای ئەو سەرچاوانەدا دەگەڕێن، بەداخەوە کە بە کوردی نییە پەنا دەبەنە بەر زمانی تری بێگانە، لەهەمان کاتدا وەرگێرەکانیش کەمتەرخەمن لە کتێبی وەرگێڕی هونەری بۆ سەر زمانی کوردی، پێشتر دەزگای وەرگێڕانیش هەبوو ئیستا کەمی کردووە، بەداخەوە ئەوە کێشەیەکی گەورەیە بەڕاستی.

چاپى دووەمى کتێبى ڤانکۆخ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین