خەڵک لە ئەمریکا ترسیان لە چین زیاترە یان ڕووسیا؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە – وۆڵ ستریت جۆرناڵ

ڕاپرسییەکی نوێ دەریخستووە زۆرینەی ئەمریکییەکان دەڵین بۆ ئێستا مەترسی هەرە گەورە لەسەر ئەمریکا بریتییە لە چین نەک ڕووسیا.

ڕاپرسییەکە، کە چوارشەممەی 1ی 12ی 2021 بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە زۆرینەی ئەمریکییەکان ترسیان هەیە لە هەڵایسانی جەنگ لەنێوان واشنتن و پەکین.

ئەنستیتۆی ڕۆناڵد ڕیگن، کە ڕاپرسییەکەی ئەنجام داوە، دەڵێت ئەمە یەکەمجارە زۆرینەی ئەمریکییەکان یەک وڵات وەکو هەڕەشەی هەرە گەورە لەسەر ئەمریکا دەبینن، کە ئەویش چینە.

لە داتا ڕاگەیەنراوەکاندا هاتووە کە 52%ی ئەمریکییەکان کاتێک لێیان پرسراوە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئامریکا لە کام وڵاتێکەوەیە؟ وتوویانە وڵاتی چین، کەچی تەنیا 14%ی یان ئاماژە بە ڕووسیا کردووە وەکوو گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئەمریکا.

ئەم داتا نوێیە لەکاتێکدایە کە ساڵی 2018 و لە ڕاپرسییەکی هاوشێوەدا تەنیا 20%ی ئەمریکییەکان ئاماژەیان بە چین کردووە وەکوو هەڕەشەی گەورە لەسەر ئەمریکا، لە کاتێکدا 30%یان ئاماژەیان بە ڕووسیا کردبوو.

بەپێی راپرسییەکەی ئەمساڵ ئەندامانی کۆمارییەکان 64%یان چین وەکو هەڕەشەی هەرە گەورە دەبینن و ئەندامانی دیموکراتەکان 44%یان چین وەکو هەڕەشەی هەرە گەورە لەسەر ئەمریکا دەبینن.

لە مانگی شوبات هەمان راپرسی لەناو دیموکراتەکان کرابوو، ئەوکاتە تەنیا 20% یان ئاماژەیان بە چین کردبوو وەکوو گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئەمریکا.

لەبارەی سروشتی هەڕەشەکانی چین، 20%ی بەشداران وتوویانە هەڕەشە گەورەکان بریتین لە چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکانی چین، 19%یان وتوویانە هەڕەشە گەورەکە بریتییە لە پێشکەوتنە سەربازییەکانی چین و 17%یان وتوویانە هەڕەشە هەرە گەورەکان بریتین لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە.

ڕاپرسییەکە لە سەرو بەندی ئەو گرژییانەدایە کە لەنێوان چین و ئەمریکا دروست بووە و تەنانەت 71%ی بەشداران وتوویانە ترسیان هەیە دۆخەکە بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هەردوو هێزی زەبەلاحی چینی و ئەمریکی.

بەپێی ئەندامانی حیزبەکانیش بەمجۆرە بووە: 79%ی کۆمارییەکان و 66%ی دیموکراتەکان ترسی خۆیان دەربڕیوە لە سەرهەڵدانی جەنگی سەربازیی نێوان چین و ئەمریکا.

 

سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین