توركیا لە داهاتوو سیستەمى ئابووریى چین پەیڕەو دەكات شیکاری

نوچەنێت:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لە پلانى نوێى سیاسەتى ئابووریى وڵاتەكەى بۆ دابەزاندنى نرخى سوو و لە پێناو کەمکردنەوەى رێژەى هەڵاوسان و راكێشانى وەبەرهێنانى دەرەكى سيستەمى ئابووریى چین پەیڕەو دەكات.

رۆژنامەى حوڕەیەتى توركى بڵاویكردەوە، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەى لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى جێبەجێكارى پارتى دادوگەشەپێدان، سیاسەتى نوێى ئابوورى وڵاتەكەى روونكردەوەـ، كە پشت بە سيستەمى چین دەبەستێت، رێژەى سوو دادەبەزێنێت.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئابوورى لەسەر چوار كۆڵگەى سەرەكى وەستاوە، كە بریتییە لە هەڵاوسان، هەناردە، سوو، وەبەرهەمهێنان، هەڵاوسان بەگوێرەى ئاماژە ئابوورییەكان گەشە دەكات، بەڵام دەتواندرێت رێژەى هەناردە و سووش دیارى بكرێت."

سەبارەت بە زیادكردنى بەرهەمى ناوەخۆش سەرۆكى توركیا گوتى، "دوورخستنەوەى گەشەپێدانى بەرهەمى توركیا لە سوو قۆناغێكى نوێی ئابوورييە دەستمان پێكردووە، بڕیارمان داوە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێین، ئەو هەنگاوە گرنگانەى بۆ جێبەجێكردنى سیاسەتى نوێى ئابوورى گرتيتمانە بەر پێشبینى دەكرێت چوار تا پێنج مانگ بەردەوام بێت، ئێمە رێگەیەكى زۆر قورسمان گرتۆتەبەر، بەڵام لە شەش مانگى داهاتوو بەرهەمەكەى دەچنینەوە، ئەوكات هاووڵاتیانیش هەستى پێدەكەن، هەروەها لە داهاتوو وەبەرهێنەران بۆ ناوخۆى توركیاش رادەكێشین". 

دەربارەى ئەو شێوەیە تازەش ئەردۆغان رایگەیاند، "چین بەو جۆرە گەشەى كرد، ئێمە زۆر تایبەتمەندیمان هەیە، چونكە پێگەى جوگرافى توركیا زۆر نزیكە لە بازاڕە جیهانییەكان". 

زیادكردنى بەرهەم و فرۆشتنى بە ئەوروپا

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "توركیا دەتوانێت وەك چین كاڵا بە نرخێكى هەرزان بەرهەم بهێنێت و بە ئەوروپاى بیفرۆشێت، وڵاتانى ئەڵمانیا و چین چەندین ساڵە سیاسەتى دابەزاندنى سوو پەیڕەو دەكەن، ئێمەش ئێستا بۆ دەرچوون لە بەردەوامى رێژەكانى سوو ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكەین، لە حەفتاكانەوە لە ئەڵمانیا پەنابەر هەیە رۆژانەى كار بۆ گەنجان و پەنابەرانى لەو وڵاتە كاردەكەن دابین كردووە، لە چینیش گەنج و پیشەسازى و وەبەرهێنان رەگەزى گرنگن، بۆیە پێویستە توركیا گەشە بە ئابوورى خۆى بدات، نەك بە رێگەى زیادکردنى رێژەى سوو، بەڵكو بەرێگەى زيادكردنى كار بۆ گەنجان و بەرهەمهێنان".

 لە شەش مانگى داهاتوو ئەنجامەکان روون دەبێتەوە

 دەربارەى زەمینەسازى بۆ وەبەرهێنانى دەرەكى، ئەردۆغان ئاشكراى كرد، "لە (19) ساڵى رابردوو وەبەرهێنانى گەورەمان لە سکێتەرى رێگە و بان و پردەكان كردووە، ئەوەش رێكارەكانى ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەكى زۆرباش بۆ هاووڵاتییان روون دەكاتەوە".

 سەبارەت بە تەواوبوونى رێكارەكانیش سەرۆكى توركیا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئێستا لە كۆتایى ئەو پڕۆسەیەین، لە داهاتووێكى نزیك ئەو بەرهەمە ئابوورییە دەچنینەوە، تا هەڵبژاردنەكان هەموو رێكارەكانى تەواو دەبێت، دواى شەش مانگى تر ئەنجامى ئەو بڕیارانە دەبینین، ئەوكاتە ئاستى خۆشگوزەرانى هاووڵاتیان و فرۆش و داهاتمان زیاد دەبێت، كورتهێنانى بازرگانیمان كۆتایى دێت، دەبینە دەوڵەتێكى پیشەسازى، دەبینە خاوەنى رێژەى سووى زۆر كەم و قازانجێكى زۆر".

گۆڕانكارى چین

لە (1978) بۆ بنیاتنانى پەیكەرى ئابوورى ئێستاى چین سێ هەنگاوى گرنگى نا. هەنگاوى سەرەتایى لە ئەو وڵاتە لە (1978)  پشتبەستن بە كرانەوەى سیاسى چاكسازى لە ناوەخۆى ئىەو وڵاتە كرد، هەر ئەوەش بوو چینى كردە ناوەندێكى ئابوورى،كە  بە درێژایى (40) ساڵى رابردوو ئەو وڵاتە لە ڕووى ئابوورى و كۆمەڵایەتى گەشەى كردووە، گەشەى بەرهەمى ناوەخۆى ساڵانە لە (10%) بووە، بۆيە بەردەوام گەشە دەكات، تا گەيشتۆتە ئەو قەبارە گەورە ئابوورییەى ئێستاى.

پشكى كەرتى تایبەتى چینى لە وەبەرهێنانى ناوخۆیى نزیكەى 60% بوو، چین زۆر بەخێراى لە جیهان گەشەى كرد، لە (30) ساڵى رابردوو رێژەى گەشەى ساڵانەى لە 6% بوو، خاوەنى گەورەترین كەرتى پیشەسازى جیهانە، لە هەمان كاتيش بازاڕەکەى زۆر خێرایى گەشەى كردووە.

ئەو سیاسەتانەى دەیگرێتەبەر وڵاتەكەى كردۆتە ناوەندى بەرهەمهێنان و بازرگانى لە جیهان، دووەم وڵاتە زۆرترین وەبەرهێنانى بیانى تێدایە، بە گوێرەى راپۆرتى جیهانى ساڵى(2020) كە ناوەندى ئۆنكتاد بڵاویكردۆتەوە، قەبارەى سەرمایەى دەرەكى لەو وڵاتە لە (2019) بە بەراورد بە ساڵى پێشتر لە (2%) زیادیكردووە، كە بڕەكەى (141) ملیار دۆلار بوو.

بەگوێرەى وەزارەتى بازرگانى ئەو وڵاتە بەرهەمى ناوخۆیى لە (2019) گەیشتە (14.1) تریلیۆن دۆلار. داتاكانى بازرگانى دەرەكى ئەو وڵاتە قەبارەى زیاتریان بڵاوكردۆتەوە، كە قازانجى بازرگانى دەرەكیان زۆر زیاترە.

چين لە جیهان بۆ هەناردەکردنى کاڵا بە پلەى یەكەم دێت لەسەر ئاستى جیهان، لە هاوردەکردنیش لە پلەى دووەم دێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین