پارێزەرێک: ناپاکى هاوسەران لە یەکترى هۆکارى یەکەمى بەرزبوونەوەى ڕێژەى جیابوونەوەیە لە دادگاکان هەواڵ

نوچەنێت:

لەسەر ڕێژەى جیابوونەوەى هاوسەران، پارێزەرێک هۆشدارى دەکات و ناپاکى هاوسەرگیریش بۆ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى جیابوونەوەى هاوسەران دەگەڕێنێتەوە.

پارێزەر سیامەند عەبدوڵڵا لە دادگاى هەولێر بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ڕێژەی جیابوونەوە بەراورد بە ساڵەکانی پێشوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە، دیارترین هۆکار لە ئێستادا ناپاکی هاوسەرانە لە یەکترى."

ئەو پارێزەرە ئاماژە بە تەمەنى ئەو ژن و پیاوانە دەکات داواى جیابوونەوە دەکەن و وەک خۆى دەڵێت، "لە هەموو تەمەنەکان دێنە دادگا داوای جیابوونەوە دەکەن، بەڵام زیاتر ئەوانەی لەدوای (1990) لە دایکبوون داواى جیابوونەوە دەکەن، چونکە کەمتر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن و زۆرجار لەیەک گۆشە سەیری پرۆسەی هاوسەرگیریى دەکەن."

پارێزەر سیامەند عەبدوڵڵا روونیدەکاتەوە، تەنها لە دادگاى هەولێر (71) هەزار دۆسیەى کێشەى پەیوەندار لە نێوان ژن و مێرد لەم ساڵدا هاتۆتە دادگا، ئەمە بەدەر لە پارێزگا و قەزاکانى ترى هەرێمى کوردستان.

ئەو بۆ نوچەنێت باسى لەوەشکرد، "پێویستە حکومەت میکانیزمێک بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەى جیابوونەوە، ئەویش لە رێگەی سنوردارکردنی هێلەکانی ئینتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین کەناڵ و رێکخراوی بەرنامە بۆ دارێژراو هەن کاریان هاندانی خەڵکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزانی پێویستە سنورێکیان بۆ دابنرێت."

هەروەها دەشڵێت، " پێویستە لەژێر چاودێرى حکوومەت، ئەوانەی دێن  بۆ هاوسەرگیری بە لایەنی کەم بنێردرێن بۆ خولیکى تایبەت تاکو لە مانای هاوسەرگیری تێبگەن و کوڕ و کچەکە زیاتر یەکتر بناسن، وە ئەو هاوسەرانەى بێ هۆکار جیادەبنەوە، کاتێک دادگا لێکیان جیا دەکاتەوە پێویستە نوسراوێک بکات بۆ بەرێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و کەسی، ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەوانە شایەنى هاوسەرگیرى نین."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین