ئیداره‌ی بایدن دۆسیه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێران پشتگوێ ده‌خات ئێران

تا ئێستا ئێران يارى بە نوێكردنه‌وه‌ی رێككەوتنى نێوان وڵاتانى (5+1) دەكات، چونكه‌ جارێك داواى لادانى سزا سەپێندراوەكانى سەرى دەكات، جارێك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "پرۆگرامە ئەتۆمييەكەى بۆ مه‌به‌ستی ئاشتيانە به‌كارده‌هێنێت"، لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستانەی تاران ئيدارەى ئێستاى ئەمريكا هيچ هه‌نگاوێكی جددی بۆ رێگری له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی تاران نه‌ناوه‌.

د.مەجيد رەفيعزادە سەرۆكى ئەنجومەنى نێودەوڵەتى ئەمريكا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگه‌یاند، "ئيدارەى جۆ بايدن هيچ ئەجێندايەكى روونى بۆ چۆنييەتى رێگریكردن لە بەدەستهێنانى چەكى ئەتۆمى لەلايەن ئێرانەوە نييە، نزيكەى ساڵێكه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات حەوت گەڕى دانوستاندن به‌رێوه‌ چووه‌، به‌ڵام تا ئێستا هيچ ئەنجامێكى بەرچاوى نەبووە، تەنيا ئەوندە نەبێت تاران بە پاڵپشتى مۆسكۆ پرۆگرامە ئەتۆميەكەى بەرەو پێشەوە بردووه‌."

لەبەشێكى ترى قسەكانى رەفيعزادە دەڵێت، "دەسەڵاتدارانى ئێران يارى بە ئيدارەى بايدن دەكەن، ئەوەش لە رێگەى درێژكردنەوەى دانوستاندنەكان و خێراكردنى پيتاندنى يۆرانيۆمە بۆ ئەوەى چەكى ئەتۆمى پێ دروست بكەن، ئەو ياريانەش تەنيا بۆ بەدەستهێنانى كاتە، تاوەكو ببێتە وڵاتێكى خاوەن  چەكى ئەتۆم، چونكە ئێستا تاران بايى ئەوە يۆرانيۆمى پيتاندووە چەكى ئەتۆمى پێ دروستبكات، پەيمانگەى زانست و ئاسايشى نێودەوڵەتى لە (19) تشرينى دووەمى ئەمساڵ راپۆرتێكى بڵاوكردەوە، دەربارەى دوايين هەوڵەكانى ئێران بۆ پيتاندنى يۆرانيۆم،  لەو راپۆرتە ئەو زانيارييانەى سەرەوەى پشتڕاست كردۆتەوە."

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژەى بەوەش كردووە، "درێژكردنەوەى ميكانزمى چاودێرى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى پێويستى بە رێكخستنەوەى كامێراكانی لەناو خاكى ئێران هه‌یه‌، بەڵام لە (15)ى ئەو مانگەدا دەسەڵاتدارانى ئێران رايانگەياند، رێگە بە كامێراكانى چاودێرى نادەين وێنەى وێستگە ئەتۆمييەكانى وڵاتەكەمان بگرن."

ئاژانسى هەواڵى (ئيرنا)ى ئێرانى بڵاويكردەوە، بەهرۆز كەمالوەندى وتەبێژى دەستەى وزەى ئەتۆمى ئێران رايگەياند، "ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى بەر له‌ لادانى سزاكان هيچ زانيارييەكى لەسەر ئەتۆمى وڵاتەكەمان دەست نەكەوتووە."

لەو كاتەدا ئەمەش وايكردووە دەسەڵاتدارانى ئێران زۆر بەخێرايى پڕۆگرامە ئەتۆمييەكەيان بەرەو پێش ببەن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دەستيان بەكارپێكردنى ئامێرە سەرەكييەكان و پيتاندنى يۆرانيۆم لە ئاستێكى بەرزتر كردووە، ئەو هەوڵانەى تاران لەكاتێدايە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ناتوانێت دەستى بە چالاكييەكە سەرەكييەكانى سيستەمى پيتاندنى يۆرانيۆمى ئەو وڵاتە بگات، كە پێش بەدەستهێنانى چەكى ئەتۆمى دەيەوێت بەدەستى بهێنێت.

لە بەشێكى ترى قسەكانى رەفيعزادە جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "بەرپرسانى ئێرانى باس لەوە دەكەن بۆ پەرەپێدانى سووتەمەنی یۆرانیۆم به‌رهه‌م ده‌هێنن، بەڵام ئەو ئامانجه‌ی باسی ده‌كه‌ن بە هەنگاوێكى گرنگ دادەندرێت بۆ بەرهەمهێنانى چەكى ئەتۆمى."

سەبارەت بە هەڵوێستى وڵاتانيش، بەريتانيا و فەرەنسا و ئەڵمانيا لە راگەيێندراوێكى هاوبەشدا جەختيان لەسەر ئەوە كردەوە، "دەسەڵاداتدارانى ئێرانى هيچ به‌ڵگه‌یه‌كی بڕواپێكراويان له‌به‌رده‌ست نییه‌ كه‌ پشتڕاستی ئه‌وه‌ بكاته‌وه‌ بەرهەمێنانى يۆرانيۆم بۆ مه‌به‌ستی كاره‌بایه‌، چونكه‌ ئەو هەنگاوه‌ی باسی ده‌كه‌ن هه‌نگاوێكی سەرەكييە بۆ دروستكردنى چەكى ئەتۆمى، له‌ هه‌مانكاتدا دۆسيەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە پڕە لە چالاكى نهێنى، تا ئێستا ئەو تاران ئاشكراى نەكردووە، ئەوەش ئاماژەيەكى ترە كه‌ هەوڵدەدات چەكى ئەتۆمى بەدەست بهێنێت."

لە لايەكى تريشەوە ئيدارەى بايدن بەتەواوى بێدەنگە، كە لەم كاتەدا دەسەڵاتدارانى ئێرانيش بەتەواوى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمييان پشتگوێخستووە، وەڵامى پرسيارەكانيان دەبارەى شوێنە نهێنييەكانى  ئەو پرۆگرامە نادەنەوە.

رافائيل ماريانۆ گروسى بەرێوەبەرى گشتى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى هۆشدارى دەداتە ئەمريكا و دەڵێت، "وەڵامنەدانەوەى پرسيارەكانى ئەو ئاژانسە كاريگەرى مەترسيدارى لەسەر سروشتى ئاشتيانەى پرۆگرامەكە ئەتۆمييەكەى ئێران دروستكردووە، ته‌نیا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومەتى ئێران بەقسە جەخت لەسەر هاوكارى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى دەكاتەوە، بەڵام تا ئێستا هيچ هاوكارييەكى تیمه‌كانی نەكردووە، من هيوادارم ئەو گۆڕانكارييە بكرێت بەڵام تا ئێستا هيچ هەنگاوێكى بەرچاوى نەهاوێشتووە."

بەبۆچوونى رەفيعزادە ئيدارەى بايدن تا ئێستا دەيەوێت ئەو دەسەڵاتە رازى بكات، كە دروشمى "مەرگ بۆ ئەمريكا و مەرگ بۆ ئيسرائيل" دەڵێتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەمريكا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەردەكەين،  هەرچەندە ئێران تا ئێستا لە ليستى ئەو چوار وڵاتەيە كە بووە بە پەناگەى تيرۆرستان، زۆرترين مافەكانى مرۆڤى تێدا پێشێل دەكرێت، هەميشە جەخت لەسەر نەهێشتنى ئيسرائيل لەسەر نەخشەى جهان دەكاتەوە، لە هەمانكاتيش  هەوڵدەدات كۆنتڕۆڵى نەوتى هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بكات، بەڵام ئەمريكا بەبێ دەنگى  رێگەى تاران دەدات چالاكييە ئەتۆمييەكانى بەرەو پێش ببات.

رەفيعزداە هۆشدارى ده‌داته‌ ئيدارەى بايدن نابێت سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هۆشداریانه‌ تا ئێستا ئه‌مریكا چەند سزايەكى لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرتووە، لە دووى مانگى تەمووزى ئەمساڵ سزاى لەسەر سێ هاووڵاتى ئێرانى لابرد، كە ئيدارەى پێشووى ئەمريكا  بەگوێرەى بڕيارى (13382) بەسەر ئەو كەسانە سەپاندبوو، بەهۆى بەشداريان لە پەرەپێدانى پڕۆگرامى مووشەكى بالستى وڵاتەكەيان كردبوو، لە لايەكى تريشەوە لە (10) مانگى حوزەيرانى ئەمساڵيش ئيدارەى بايدن سزاى لەسەر سێ بەرپرسى ترى ئێران و دوو كۆمپانياى پيشەسازى نەوت هەڵگرت، ئەگەر ئەمريكا بەو جۆرە بەردەوام بێت لە داهاتوو تەنيا هاتوهاوارمان بۆ دەمێنێتەوە، چونكە دەبينين ئێران بەتەواوى كۆنتڕۆڵى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى كردووە، لەپێش چاوى ئيدارەى بايدن دەبێتە وڵاتێكى خاوەن چەكى ئەتۆمی و دەتوانێت رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خاپوور بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین