کورد لە هزری کۆچەوە بۆ رەوشی کۆچبەری بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

کۆچکردن لە بواری هزر و فکر دا رۆڵێکی گەورە بینیوە، لە بەرئەوە شێوازی کۆچبەری گەورەی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتیش لە بواری ئایین و ئایدیۆلۆژیادا، کە جەنگ و ناکۆکی خوێناوی لێکەوتووەتەوە. کەواتە کۆچکردن لە سەر ئاستی دەرونی و فیزیکیش هەیە. هەروەها لە رووی میتۆلۆژیا و ئاینەکانەوە، دەرکردنی ئادەم و حەوا بۆ سەر زەوی، جۆریکە لە کۆچکردن لە سەر ئاستی هزر و فەلسەفە. دیسان لە سەر ئاستی پەیامبەرەکان کۆچکردن هەبووە و هەیە. زۆر جاریش کۆچبەری هزر و مێشک، شەڕی ئاینی و هزری سیکولاری دروستکردووە. تەنانەت شەر لە ناو یەک ئایین و یەک هزر و باوەڕ دا دروستبووە، وەک شەڕی مەزهەبەکان و شەڕی ناوخۆ، کە پێی دەگوترێت (شەڕی براکوژی). بەپێی ئەزمونی ناوچەکە، بەداخەوە هیچ گەلێک (عەرەب، فارس و تورک)، وەک کورد لە کۆچبەری هزری و بیر و باوەڕدا زەرەرمەند نەبووە!

کۆچکردن دیاردەیەکە لە ناو هەموو بونەوەرەکان/ باڵندە، گیانەوەر و مرۆڤەکان بوونی هەیە. هۆکارەکانی کۆچکردن زۆرن، کە لە ئەنجامی کارەساتی سروشتی، شەڕ و ناکۆکی لە نێوان پێکهاتە، مەزهەب، ئاین و نەتەوەکان دروست دەکرێت. هەروەها لە دەرئەنجامی ترس و برسێتی شەڕ و کارەساتی سروشتی پەیدا دەبێت. کەواتە فاکتەری کۆچبەری، هەوڵدانێکە بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی ئاسودە و بەختەوەرتر. شێوەی کۆچکردن، لە سەر ئاستی ناوەوە و دەرەوە، هەروەها کۆچبەری رەوا و ناڕەوا، ئارەزومەندانە و زۆرەملێش هەیە، چونکە کۆچکردنی نهێنیش هەیە، وەکو سیاسییەکان بە ئاشکرا و نهێنی. دیاردەی کۆچکردن لەو وڵاتانەی، کە لە بواری ئابوریدا هەژارن، یان لە بواری ناکۆکی سیاسی و نادادپەروەری سیستەمی حکومڕانی. بەم واتایە، کۆچکردن لە هەموو دەرفەت و قۆناغێکدا هەبووە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی، کە هەمیشە لە کۆچبەریدا ژیاون بۆ دۆزینەوەی شوێنی باشتر بۆ مەڕ و ماڵات و ژیانی خۆیان.

گەشەپێدان یان زیادبوونی رێژەی کۆچبەری، یەک لە هۆکارەکانی بۆ پێشکەوتنی کەناڵە جیاوازەکانی تەکنەلۆژیا دەگەڕێتەوە، چونکە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە خەڵک ئاگای لە خۆشگوزەرانی و جۆری ژیانی یەکتر لە سەر ئاستی جیهان هەیە. لە رێگەی ئەم کەناڵانە، زانیاری رۆژانە وەردەگرن، کە لە چ وڵاتێک باش دەژین بەراورد بە وڵاتی خۆیان. هەروەها لە چی وڵاتێک دەرفەتی پەنابەری باشتر هەیە. ئەگەر ئێمە لە دەرەوەی ئایین و مەزهەبەکان سەیری کۆچکردن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بکەین، واتا و مەودای کۆچکردن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چونکە بە پێی چەمکی ماکلۆهان/ 1968، کە جیهان بووەتە گوندێک، کۆچکردن لە ئەمڕۆدا وایلێهاتووە وەک ئەوەیە مرۆڤ لە گەڕەکێکەوە بچێتە گەڕەکێکی تر، چونکە لە رێگەی سۆسیال میدیا، تێکەڵاوی کلتور و وەرگرتنی ئەوەندە ئاسان بووە. لەوانەیە کەسێکی کۆچەر لە وڵاتێکی تر لە رێگەی خزم و کەسی خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکی دەرفەتی یەکتر بینین و قسەکردنی لە رێگای تەکنۆلۆژیا زیاتر بێت.

یەک لە ئەگەرەکانی رێنسانسی ــ Renaissance فەرەنسا، هەبوونی رێژی زۆری خاوەن هزر روویان لە فەرەنسا کرد، ئەمەش وایکرد رێنسانسێکی هزری، فەلسەفی و ئازادی لە فەرەنسا رووبدات. هەروەها لە بواری هزر، ئەدەب و هونەردا ناوی لێدەنێن کۆچەری هزر یان هونەری.

راستە لایەنی نەرێنی کۆچەری، لە بواری سەرمایەی مرۆیی کەم دەبێت و لە رووی دەستی کرێکاری و هزری، بەڵام ئەگەر لایەنی ئەرێنیشی سەیر بکەین و بەتایبەتی بۆ میللەتی کورد، کە لە نێوان بازنەی چوار دیواری داگیرکاراندا دەژیت، تەنیا نەفەس و پردی تێکەڵاوی دەکرێ لە رێگەی لۆبی کورد بکرێت. هەروەها نەوەیەکی تازە، کە دەوڵەمەندن بە کلتور، زمان و ئەزمونە جیاوازەکانی جیهان، کە دەکرێت کورد لە رووی سیاسی و مەعریفی زیاتر سودی لێوەربگرێت. بەتایبەتی، ئەگەر ئەم لۆبیە/ رەوەند رێکبخرێت و هەماهەنگییەک لە نێوان ناوەوەی وڵات بۆ دەرەوەی وڵات وەک رۆڵی لۆبی ئەرمەنەکان لە فەرەنسا، کە وادەکات فەرەنسا فشار لە سەر تورکیا دروستبکات بۆ دانپێدانان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان. دیسان ئەوانەی دەرەوە، دەتوانن پرد لە نێوان زانکۆکان لە بواری هزری، ئەدەبی و هونەری دروست بکەن.

بەگشتی، مەبەستم ئەوەنییە، کە هانی خەڵک بدەم بڕۆنە دەرەوە، بەڵام مادەم واقعێکە و هەیە، کە چۆن حکومەت و سیاسییەکان، دەتوانن کار لە سەر ئەم لۆبیانە بکەن. دیارە ئەمەش دەبێت زیاتر بە پلان کاری لە سەر بکرێت، وەک بەستنی کۆنفرانسێکی فراوان، کە چۆن دەتوانن سود لە کوردەکانی دەرەوە وەک لۆبی وەربگرن. دیسان وەک سود وەرگرتن لە بواری ئەزمونی پزیشکی و وەرگێڕانی پەرتوک لە بوارە جیاجیاکان، کە نەوەی تازەی دەرەوەی وڵات، فێری زمانی زیندوی زۆربەی جیهانی بیانی بوون. هیوادارم زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان کار لە سەر دروستکردنی ئەم هزرە بکەن، لە لەدەستدانی هێزی کارە و بۆ قازانج و سود لە بواری هزری بگۆڕدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین